=KTML_Bold=قازەکان هەموویان سپی نین=KTML_End=
#عومەر نورەدینی#
لە دنیای کۆن دا تێگەیشتنی باوی خەڵک وابوو کە قازەکان هەموویان سپین و قازی رەش نییە، بەڵام کاتێک لە ئوسترالیای رۆژئاوا وەک رووداوێکی دەگمەن و پێشبینی نەکراو قازی رەش دۆزرایەوە، دەرکەوت ئەم تێگەیشتنە باوە کێشەی هەیە و بەجێ و دروست نییە.
لە تێگەیشتنی باوی قازەکان هەموویان سپین و بوونی قازی رەش لە ئارادا نییە، زانای ئەمریکی بەبنچە لوبنانی (نەسیم نیکۆڵاس) ئیلهامی تیۆری قازی رەش Black Swan Theory هەڵدەهێنجێ و لە ساڵی 2007 لە توێژینەوەیەک دا بەناوی( قازی رەش لێکەوتەکانی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان) نێوەڕۆکەکەی دادەڕێژێ و بڵاوی دەکاتەوە.
تیۆرەکە جەخت لەوە دەکات کە لە ژیانی کەسەکان، گەلان، دەوڵەتان و دامەزراوەکان دا هەمیشە شتی ئەوتۆ روودەدات کە هەرگیز بەبیر و خەیاڵدا نایێت و پێشبینی نەکراوە و رێڕەوی ژیانیان دەگۆڕێ، نەسیمی زانا ئەمەی ناوناوە دەرکەوتنی قازی رەش ئەو پێیوایە رووداوی دەگمەنی دەرکەوتنی قازی رەش بە چەند تایبەتمەندییەک دەناسرێتەوە وەک: روودانی دەگمەن و پێشبینی نەکراو، کاریگەریی گەورە دروست دەکات.
لێرەوە دەردەکەوێ رووداوە پێشبینی نەکراوەکان بە زۆریی ئەوانەن کە چارەنووسی کەسەکان و کۆمپانیا و گەل و نەتەوە و دەوڵەتەکان دووبارە سەراوژێر دەکەن. ئەو زانایە جەخت لەوە دەکاتەوە ژیان زیاتر بریتییە لە ناڕوونی و شتی پێشبینی نەکراو نەک وەک ئەوەی روون بێ و بەپێی پلان بێت و پێشبینی وردی تێدا بکرێت، رووداوە ئاسایی و رۆژانەییەکان زۆر کاریگەر نین، پێویست ناکات خۆتان بەوشتانەوە سەرقاڵ بکەن، لەجیاتی ئەوە خۆتان ئامادەبکەن بۆ رووداوی لەناکاو و پێشبینی نەکراو واتە هاتنی قازە رەشەکە پاشان چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی.
ئەو باسی رووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001 دەکات، ئاماژە بەوە دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو هەموو زانست و تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنەوە، شتێکی ئەوتۆی پێنەکرا بۆ رێگری لە رووداوی دەرکەوتنی قازی رەش، هاتنی قازی رەشی 11ی سێپتێمبەر دەگمەن و پێشبینی نەکراوبوو، وەرچەرخانی گەورەی لە دنیادا خوڵقاند، بۆ هەندێ کەس، لایەن، دەوڵەت، گەل، نەتەوە، کۆمپانیا و دامەزراوە بووە هەلی زێڕین و بۆ هەندێکی دیکەش بووە مایەی شکست و مردنی رەش.
بەم جۆرە هاتن و دەرکەوتنی قازی رەش دەگمەنە، بەڵام هاتنێکی مێژووگۆڕە، کاتێک لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی 20 دا ئێمەی کورد لە دۆخی نسکۆیەکی دیکەی سیاسی دا بووین و رژێمی #بەعس# لە عێراق لەوپەڕی هێز و گوڕی خۆیدابوو، کێ بە خەیاڵی دا دەهات عێراق بچێ کوێت داگیربکات و قازی رەشی ئەم رووداوە سەربکێشێ بۆ جەنگی دووەمی کەنداو، هاوکات قازی رەشی رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت خۆی بکات بە ماڵی سیستمی جیهانی دا؟ سەرەنجام و لەوێوە گەلی کوردستان هەلی بۆ بڕەخسێ و ببێتە خاوەن قەوارەی سیاسی و دەستووریی خۆی؟
کەواتە دەرکەوتنی قازی رەش پرسێکی کەتواری (واقعی)یە و دەبێ باوەڕمان پێی هەبێ، بەڵام هەموو جار دەرکەوتنێکی پۆزەتیڤ نییە وەک چۆن هەموو جارێکیش نێگەتیڤ نییە، قازی رەشی جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ کورد بووە مایەی نەگبەتی، بەڵام قازە رەشەکانی جەنگی دووەمی کەنداو (1991) و جەنگی رووخاندنی رژێمی بەعس (2003) بەپێچەوانەوە بۆی بوونە مایەی خێر و دەستکەوت.
ئەوکاتەی 2019 قازی رەشی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی بە ماڵی مرۆڤایەتیدا کرد، مرۆڤ لەڕووی پزیشکی و زانستی تەندروستییەوە هەنگاوی گەورەی نابوو، هەزارەها توێژینەوە و داهێنانی لەم بوارەدا کردبوو، کەچی کاتێک کۆڤید 19 و پەتای کۆڕۆنا بڵاوبووەوە تووشی شۆک بوو، قازی رەشی کۆرۆنا چاوەڕوان نەکراوبوو هەروەها دەگمەن و چارەنووس گۆڕ.
نموونەیەکی زیندووی دیکە بۆ هاتنی قازی رەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێرانە، بەڕێز مەسعود پزیشکیان. ئەو دووجاری دیکە خۆی بۆ ئەم پۆستە بەربژێر کردبوو، بەڵام پێی نەگەیشتبوو، زانیارییەکان باسی ئەوە دەکەن ئیدی ناوبراو نیازی بۆ خۆ بەربژێرکردنەوە نەمابوو، کەچی لەپڕێکدا و بەبێ ئەوەی پێشبینی کرابێ لە رووداوێکی هاتووچۆی ئاسمانی دەگمەن دا لە مانگی ئایاری 2024 دا سەرۆککۆماری پێشوو گیان لەدەستدەدات، قازی رەشی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری پێشوو کە هەرگیز بە خەیاڵی پزیشکیاندا نەهاتبوو، دەرفەتی بۆ هێنایە پێشەوە تاوەکو خۆی بەربژێر بکات و پاشان لە تەممووزی 2024 وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ و خەونەکەی لە خەیاڵەوە ببێتە راستی.
تیۆرەکە پێیوایە ئیدی خۆتان بە لێکدانەوەی رووداوە ئاساییەکانی رۆژانە و شتە چاوەڕوانکراوەکان (قازە سپیەکان) سەرقاڵ مەکەن، سەری خۆتان بە پێشبینی بە داهاتوو مەیەشێنن، وزەی خۆتان بە نەخشەسازی قووڵ بۆ داهاتوو خەرج مەکەن، لەناکاو قازێکی رەش دێت و چارەنووسمان دەگۆڕێت! هاتنی قازی رەش بەدەست ئێمە نییە، ئەوەی گرنگە و دەبێ بیکەین ئەوەیە ئەگەر قازە رەشەکە هات چۆن هەڵسوکەوت و مامەڵەی لەگەڵ دا بکەین .. تکایە هەموو کات بۆ هاتنی قازی رەش ئامادەبن! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=