=KTML_Bold=چین وەک جەمسەرێکی جیهانی=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لەسەر بانگهێشتی کۆنسوڵخانەی چین لە #هەولێر# پار و ئەم ساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ وڵاتی چین بۆ فەراهەم بوو، ئەو جیاوازییەی لەڕووی پێشکەوتنەوە لەنێوان ئەم دوو سەفەرەدا بینیم جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە خەڵکی چین شەڕ لەگەڵ کات دەکەن و شەو و رۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو رابوەستێ خەڵکی چین راناوەستن، بۆیە لەڕووی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بەسەر جیهاندا ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابوورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاراستەیەی کە رۆژێک لە رۆژان چین هەیبوو. لە مێژوودا چین بە چەنگگۆ (Zhongguo - 中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فراوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە.
پێشکەوتنی چین لە ماوەی 30 - 40 ساڵی رابردوودا لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بێ ئەوەی راستەوخۆ رایبگەیێنێت دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و هێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە رێگەی نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم رێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێتە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی دیکە کە بە (رێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و رێگە ناسراوە.
ئامانجی سەرەکیی دەستپێشخەریی پشتێنە و رێگە بەلای چینییەکانەوە، پێکەوەبەستنەوەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. رێگە دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئیمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئیمپراتۆریەتی رۆمی پێدەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر دروستکردنی رێگەیە. پشتێنە و رێگەش پڕۆژەی ئامادەبوون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە.
=KTML_Bold=چەند رەهەندێکی جەمسەربوونی چین=KTML_End=
- چین بە هەمانشێوەی رووسیا دەیەوێت رابردوو و یادەوەری و سنوور و کەلەپوورە سیاسی - فیکرییەکەی لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دونیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیتە چی و چۆن دەردەکەویت! ئەمە کرۆکی داڕشتنی هێز و بە ناوەندبوونە بۆ چین.
- لە هەناوی ئەم ستراتیژ و هێڵکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە، بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن رووسیای پووتین هەندێک جار ئاماژە بە رووسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لە رێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەریی هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانیی گرووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات، چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز.
- چین لە رێگەی تەکنەلۆژیا و ژێرخان و تۆڕێک لە رێگە و شا رێگە و گواستنەوە بیر لە بەیەکەوەبوون دەکاتەوە، بەجۆرێک لە داهاتوو بەئاسانی لەگەڵ جیهاندا بێت و ئاسان لەگەڵ جیهاندا بژی و دەستی بە هەموو بازاڕ و یەکەکان بگات، بەتایبەت ئەم دنیا ئابووری و فەرهەنگییەی کە دەکەوێتە نێوان دەریای سپی نێوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای رەش و قەزوین. سەرەتا چین دەیەوێت بگاتە پانتایی ناوچەکە و دواتریش لەوێوە بکشێت و بازنە جیۆسیاسییەکەی خۆی فراوانتر بکات، لێرەوە رۆژهەڵات دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە جیهان.
- چین عەشقی هێزی نەرم و تیژە - Soft and Sharp Power، لە رێگەی ئەو فۆڕمەی هێزەوە کاردەکات تاوەکو بکشێت و بێتە نێو جیهان و سیستمی سیاسیی تازەوە (دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری) بەتایبەت کولتوور و فەرهەنگسازی، شێوەی ژیان، زیرەکیی دەستکرد، چیپس و شێوەی کۆگاکردنی داتا و زمانی چینی. لە هەرێمی کوردستان سەنتەری فێربوونی زمانی چینی، بەشی چینی لە زانکۆکان و سەنتەری چینناسی ئامادە و کارایە و تەنانەت رێککەوتن لەگەڵ تی ڤییەکی کوردیشدا کراوە بۆ پرسی درامای چینی و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی وەک بەشێک لە هێزی نەرمی چینی. لە راستیدا فێربوونی زمانی چینی رۆژانە لە هەڵکشاندایە و خواستی لەسەرە، ئەگەرچی چین لەهزری ئێمەدا لە رێگەی ئەو کاڵایەوە دەناسرێت کە لەسەری نووسراوە Made in China بەڵام چین بەشێوەیەکی دیکە بیردەکاتەوە و دەیەوێت ئەو وێنە ئابوورییە بگۆڕێت و لە رێگەی فەرهەنگەوە خۆی نمایش و پێناسە بکاتەوە!
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دنیای ئێمە کەمێک دوورە لە چینەوە! دووریی جیۆگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات و مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نووسراوە! چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە.
بەکورتی چین ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر و بڕیاردەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستڕاتیژی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگاتە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای نێوەڕاست، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سنوورەکانی دیکە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=