=KTML_Bold=کاردانەوەی گرووپە شیعەکان بەرامبەر جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا=KTML_End=
#یاسین تەها محەمەد#
ماوەی چەند رۆژێکە جووڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باسی گەرمی شەقام و سۆشیاڵمیدیا و جێگەی دڵەخورتێی لایەنە شیعییە حوکمڕانەکانی عێراقیشە.
بەشێک لە عێراقییەکان بەتایبەت ئەوانەی ناڕازی یان نەیاری ئەم پرۆسە سیاسییەی ئێستان، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کە ئەو جووڵەیە سەرەتای کۆتایی ئەم دۆخە حوکمڕانییە بێت، کە لەسەر بنەمای بەخشینەوە و پشک پشکێنەی تایفی و حیزبی و گەندەڵییەکی بەهێزتر لە یاسا و سیستم دانراوە، بەڵام دیوە شاراوەکانی جموجووڵەکە ئەوە دەردەخەن کە شەقامی عێراقی جگە لەوەی زۆرجار گرێدراوی تیۆری پلانە، هێشتاش وەها تەماشای ئەمریکا دەکات کە هێزێکی خێرخوازە و کاری ئەوەیە ئەو رژێمانە بڕوخێنێت کە بۆ گەلەکانیان خراپن، وەک ئەوەی لە 2003، لە دژی سەدام حوسێن کردی. بێگومان هەڵمەتی بەهێزی پڕوپاگەندەش لەمەدا رۆڵی هەیە.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، سنوورێکی بۆ دەنگۆ و مقۆمقۆکانی شەقامی عێراقی دانا و رایگەیاند کە ئەوەی لەبارەی جووڵەی سەربازانی ئەمریکاوە هەیە لەلایەک جێگۆڕکێی ئاسایی هێزەکانە، لەلاکەی دیکە هیچ پەیوەندییەکی بە نێوخۆی عێراقەوە نییە. نەک هەر ئەوە، رۆمانۆوسکی ژنە بەهێزەکەی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوەش کردەوە، واشنتن مکوڕە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ بەغدا.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا یەکێک لە فەرماندەکانی حەشد کە وەعد قەدۆیە و فەرماندەی لیوای 30یە ئەوەی درکاند کە ئەمریکییەکان لە واشنتن بەڕوونی بە شاندی سەربازیی عێراقییان گوتووە، نیازیان هەیە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کۆنترۆڵ بکەن و بۆ ئەمەش 2500 سەرباز دەگۆڕن بە چەکدارانی پاسەوانی نیشتمانی ویلایەتی ئۆهایۆ، بەم پێیەش جموجووڵەکە بە ئاگاداری پێشوەختەیە و ئامانجەکەی لە دەرەوەی عێراقە.
ئەگەرچی ئامانجە راگەیێنراوەکەش سووریایە، بەڵام دوور نییە لێکەوتەی جموجووڵەکە لەسەر عێراق و ئاسایشی نێوخۆیشی دەرکەوێت، چونکە لەمپەر دروستکردن بۆ رێگەی تاران - دیمەشق و چاودێریکردنی زیاتری کە یەکێکە لە ئامانجەکانی پرۆژەکە، پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، بەو پێیەی بە عێراقدا گوزەر دەکات.
هەروەها وێستگەکانی پاراستنیشی لە دەستی هەندێک گرووپی چەکداری شیعەدایە کە فەرمان لە تارانەوە وەردەگرن. جگە لەم ئامانجەش پێدەچێت ئەمریکا پتەوترکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و گەمارۆدانی زیاتری رژێمی ئەسەدی لە سووریا مەبەست بێت، بەتایبەت کە بەم دواییە چەند هەنگاوێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی چووەتە پێشەوە. دەسەڵاتدارانی تارانیش بەڕوونی ئەم پێشهاتانەیان خوێندووەتەوە و ئەوەتا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوەی ئێرانەوە جگە لە راگەیاندنی دژایەتی بۆ جووڵە و بڵاوەپێکردنی ئەمریکییەکان، هانی حکومەتی عێراقیش دەدەن قبوڵی نەکات. هەر لەم کاتەشدا گوشارەکانیان تووند کردووەتەوە بۆ ئەوەی عێراق بەپەلە هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان چەک بکات و بەر لە 19ی سێبتەمبەر/ ئەیلوولی 2023 بیانخاتە ناو کەمپی تایبەتەوە.
جووڵەکانی ئەمریکا لە بەری عێراقەوە هاوکاتن لەگەڵ خرۆشانێکی نوێ لە نێوخۆی سووریا و لە بەشی باشوورەکەی، بەتایبەت کە ناونیشانە سەرەکییەکەی رەتکردنەوەی هەڵگرتنی کۆمەکە لەسەر سووتەمەنی و ناڕەزایی دەربڕینە لە دژی گرانی و بۆ باشکردنی بژێوی خەڵکە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی شیعی ئەو خرۆشانە هاوشێوەیەی 2011 بە بەشێک لەو پلانە ئەمریکییە دەزانن، کە ئامانجی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنییە لەسەر شێوەی هەرێمێک یان ناوچەیەکی دابڕاو لە باشووری سووریا لەسەر شێوەی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، بەم جۆرەش هەم رژێمی سووریا لە باکوور و باشوورەوە گەمارۆ دەدرێت هەم عێراقیش دەبێتە هاوسنووری هەرێمێکی دیکەی سووری لە دەرەوەی رژێمی ئەسەد، ئەوەشی ئەم گومانانە زیاتر دەکات سەردانی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا (Centcom)، مايکل کوريلا بوو بۆ ناوچەکانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سێیەم جار لە ماوەی ئەمساڵدا بەتایبەت رۆژهەڵاتی فورات، لەم ناوچە کوردییەش چاوی بە فەرماندەکانی #هەسەدە# کەوتووە، جگە لە ئەویش چەند کۆنگرێسمانێک ناوچەکانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان بەسەر کردووەتەوەتەوە و جارێکی دیکە سووریایان خستووەتە چەقی گرنگیپێدان، لەکاتێکدا کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بڕیاری دابوو لە سووریا بکشێتەوە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسایب پێیوایە، ئامانجی ئەمریکییەکان دروستکردنی هەرێمێکی دیکەیە لەسەر سنووری عێراق، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە سەرباری ئەم زانیارییانە لای گرووپە شیعەکان، هێشتا کاردانەوەکەیان ساردە و هیچ لە ئاست قەبارەی پێشهاتەکە نییە، چ لە ناو #حەشدی شەعبی# چ ئەوانەیان راستەوخۆ سەر بە ئێرانن یان هاوپەیمان و نزیکن لە تارانەوە.
لەکاتێکدا جگە لەوەی کە ئەوان خۆیان بە بەشێک لە بەرەی موقاوەمە دەزانن، لە سەرەتای 2020 بە تۆپزی بڕیارێکیان بە پەرلەمانی عێراق دەرکرد بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکان لە عێراق لە پێش هەموویانەوە هێزەکانی ئەمریکا. تاوەکو ئێستا ئەو گرووپانەی کاردانەوەیان هەبووە دژی جموجووڵە نوێیەکەی ئەمریکا تەنیا بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵان، یەکەمیان لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییە و داوای بەرەنگاربوونەوەی جووڵەکانی ئەمریکا دەکات و دووەمیشیان لە راگەیێنراوەکەیدا هەڵویستێکی روون و ئاشکرای وەهای دەرنەبڕیووە کە کرداری بەدوادا بێت و هەردووکیان زیاتر دەربڕینی ئینشاییان بەکارهێناوە.
بۆچوونێک هەیە پێیوایە کە سەرقاڵیی حەشد و گرووپە چەکدارەکانی شیعە بە حوکمڕانی و دابەشکردنی ئیمتیازاتی دەوڵەت، وایکردووە کەمتر بیر لە بەرەنگاری جووڵەی ئەمریکا بکەنەوە، بەتایبەت کە دەرکەوت ئەمریکا دۆلاری لە عێراق بەدەستە.
لێکدانەوەیەکی دیکەش بەدووری نازانێت بێدەنگییەکەیان بە پلان و بەرنامە و رێککەوتن بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکا کە تائێستا جگە لە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، رێککەوتنێکی رانەگەیێنراوی ناڕاستەوخۆی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران لێ ئاشکرا بووە.
لەم نێوانەشدا ئەگەرێک هەیە کە ئەمریکییەکان لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە گرووپە شیعەکانیان ناچار بە بێدەنگی کردبێت، بەتایبەت کە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد ئەوەی درکاندووە، کە ئەمریکییەکان داوای گرەنتییان کردووە، کە گرووپە چەکدارەکانی شیعەی عێراق بەگشتی خۆیان بەدوور بگرن لەو جموجووڵە سەربازییەی کە ئامانجەکەی ئەودیوی شارۆچکەی قائیم و پارێزگای ئەنبارە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=