=KTML_Bold=هێزە مەدەنییەکان و هەڵبژاردنی پارێزگاکان=KTML_End=
#یاسین تەها محەمەد#
ڕەنگە بۆ هێزە نوێ و مەدەنییەکانی عێراق کە خۆیان بە درێژکراوەی گوتار و بەرنامەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 دەزانن، هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023، دووڕیانێک بێت لەنێوان پووکانەوەی زیاتر، یان دەستخستنی بنکەیەکی جەماوەری و هێزی بڕیار لە ئەنجوومەنە خۆجێیەکان. ئەگەریش دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا خۆیان بسەلمێنن، ئەوا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ سەرکەوتنی زیاتر لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمان، هەڵبەت پێچەوانەکەیشی، ئەنجامێکی دیکەی دەبێت.
دەشێ ئەم هەڵبژاردنەی بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و نزیکەی 6 هەزار بەربژێر تێیدا رکابەرایەتی دەکەن، وەک دەرفەتێکی جومگەیی تەماشا بکرێت بۆ ئەو هێزە مەدەنییە نوێیانەی لە چوار ساڵی رابردوودا سەریانهەڵداوە، چونکە ئەو هێزانە کە نەیانتوانی بە بژاردەی شۆڕشگێڕی لە تشرینی 2019دا بنەماکانی پرۆسەی سیاسی عێراق بگۆڕن، ئێستا لە پاش ئەزموونی بەشداریکردن لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەبەردەم ئەزموونی بەشداریکردن لە ئەنجوومەنە خۆجێیەکانداندا کە چوار ساڵ بەر لە ئێستا، بەهۆی رق و تووڕەیی خۆپیشاندەران و تۆمەتبارکردنیان بە گەندەڵی، بە ئیرادەیەکی جەماوەری و پاشان بە بڕیاری پەرلەمان، هەڵوەشێنرانەوە و پەکخران.
هێزە مەدەنییەکان لە دەستپێکی ئامادەکارییەکانی ئەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو بوون لە پێکهێنانی هاوپەیمانی قیم المدني وەک چەترێک بۆ هێزە گۆڕانخواز و دیموکراسییەکان، بە بەشداری 10 لایەن کە ناسراوترینیان حیزبی شیوعی عێراقییە و پەرلەمانتار سەجاد سالم و د. عەلی ئەلرەفیعی وەک هاوسەرۆکی دیاریکران، بەمەش بازیاندا بەسەر بەربەستی 1.7ی سیستمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆی هەمووارکراودا. هەمووارەکەش سەپێنراوی زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بوو بۆ رێگرتن لە سەرکەوتنی هێزە بچووکەکان لە هەڵبژاردن. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، دەشێ دوورەپەرێزی سەدر و رەوتە جەماوەرییەکەی لە هەڵبژاردنەکە، وەک دەرفەتێک بۆ ئەو هێزە مەدەنییانە تەماشا بکرێت کە دەیانەوێت لەگەڵ هێزە مەزهەبی و نەتەوەییەکاندا رکابەری بکەن، بەتایبەت کە ئەوان لە قۆناخەکانی رابردوودا ماوەیەک هاوپەیمان بوون، بەڵام دەبێ ئەوەش لە پێشچاو بگیردرێت کە بەهۆی ئەوەی خودی سەدر پێداگرە لەسەر بایکۆت و شوێنکەوتەکانی مکوڕن لەسەر چۆڵ هێشتنەوەی بنکەکەکانی دەنگدان، ئەگەر کەمە هێزە مەدەنییەکان بتوانن لە بنکە جەماوەرییەکانی سەدردا سوودمەند بن، بەتایبەت کە ساردی و گرژییەکانی ماوەی رابردوو لەنێوان هەردوولا هێشتا وەکو خۆیان ماون.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا هێزە بچووک و پەرتەوازەکان گیرۆدەی ئەوەن کە جەماوەرەکانیان کۆک نین لەسەر گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەمیش لەژێر کاریگەریی دوو هۆکار: یەکەمیان، گومانە زۆرەکانی سەر گرنگی و بایەخی بەشداری لە سایەی نەبوونی مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد. دووەمیشیان، ئەو ئەزموونە هەژار و پڕ لە پشێوییەی پەرلەمانتارانی هێزە نوێ و مەدەنییەکان لەم خولەی ئێستادا پێشکێشیان کردووە، کە پەرتەوازەیی و بێ سەروبەری و لاوازی بەسەریدا زاڵە. ئەم بانگەشەی بایکۆتکردنە لە هەڵبژاردنی گشتیی 2021یشدا زیانی بەرچاوی لە هێزە مەدەنییەکان دا، چونکە بەشێک لە بنکە جەماوەرییەکانیان لەژێر کاریگەریی بانگەشەیەک بوون کە پێیوایە پێویستە تشرین وەک بەها و بنەما بهێڵرێتەوە و نەکرێتە ژمارەیەک لە نێو ژمارەکانی پەرلەماندا، هەروەها زۆر دەگوترا چوونە نێو یارییەکی نابەرامبەر لەسایەی نەبوونی هەلی یەکسان، سوودی نییە، بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردن، زیاتر پرۆسەکە بۆ رکابەرەکان جوانتر دەکات تا ئەوەی خزمەت بە ناڕازیییەکان بکات.
لەم هەڵبژاردنەدا هێزە مەدەنییەکان لە 12 پارێزگا بە 400 بەربژێر بەشدارن، رکابەری سەرەکی ئەوانیش لەنێو 50 هاوپەیمانی و 296 حیزبی بەشداردا، هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگین لەگەڵ بنکەی جەماوەریی هەندێک لە پارێزگارەکانی ئێستا لە شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. هەرچەندە هێزە مەدەنییەکان پەرتەوازە و ناکۆکن و هاوپەیمانییەکەیان زیاتر رواڵەتی و کاتییە، بەڵام هاوتای ئەمەش هێزەکانی چوارچێوەی شیعی جگە لە کەرکووک و نەینەوا، لە پارێزگاکانی دیکەدا بەسەر چوار هاوپەیمانی و جەمسەری سەرەکیدا دابەش بوون بە سەرۆکایەتیی (مالیکی، عامری _ خەزعەلی، حەکیم _ عەبادی، هومام حەموودی)، ئەو یەکڕیزییەشی هەیانە تەنیا بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگا فرەپێکهاتەکانە.
کێشەی گەورە بۆ هێزە مەدەنییەکان بە پلەی یەکەم باڵادەستیی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و نابەرامبەریی تەرازووی هێزە بەو پێیەی ئەوان حوکمڕانن و دەزگاکانی دەوڵەتیان لەبەردەستە. بەدوای ئەمەشدا مەسەلەی رێژەی بەشداری مەترسییە لەسەر هەردوولایان، چونکە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن؛ سەدرییەکان جگە لە بایکۆتی خۆیان، هەوڵدەدەن ئەوەندەی بتوانن رێگربن لە بەشداریی چالاکانەی دەنگدەران لەو جێگایانەی کە دەتوانن. هەروەها جۆرێک لە بێ هیوایی و دڵشکانیش لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێو جەماوەردا هەیە و بەشداریی کەمیش لە هەڵبژاردنی (2021) نموونەیە. لەم هەڵبژاردنەشدا زیاتر لە 7 ملیۆن کەس نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری و 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەکۆی 23 ملیۆن، ئەمەش زیاتر لە هێزە سیاسی و تایفییەکان زیان لە بەرژەوەندی هێزە مەدەنییەکان دەدات، چونکە ئەو رێژە کەمەی کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، زیاتر جەماوەری ئاراستەکراو و ئەندامانی حیزبەکان و خەڵکانی سوودمەندنن لێیان، یان ئەوانەن کە بە پاڵنەری مەزهەبی و نەتەوەیی یان بەرامبەر بەخشین و سوودی ماددی راستەوخۆ دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەمانەش بەشێکن لە میکانیزمی هێزە دەسەڵاتدارە گەورەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگدەران.
جگە لە هێزە سیاسییە تەقلیدییەکان، ئێستا هێزە مەدەنییەکان کێشەی حیزبە دروستکراوەکانی پارێزگارەکانیشیان بۆ زیاد بووە، کە لە پۆستدان و بەهێزترینیان (ئەسعەد ئەلعیدانی) پارێزگاری بەسرەیە. هاوشانی ئەوەش هاوپەیمانییەک هەیە بەناوی الأساس کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی سەرۆکایەتی دەکات و ئەویش لە هەمان بازنە و رووبەری هێزە مەدەنییەکان چالاکی و بانگەشە دەکات. بەهۆی پشتیوانە دەستڕۆیشتووەکانی لیستەکە و پێگە و پۆستی مەندەلاویشەوە، توانای هەیە هێزە مەدەنییەکان تەنگەتاو بکات.
بەپێی زۆر لەو ئاماژانەی بەردەستن؛ چانسی هێزە مەدەنییەکان و میراتگرەکانی تشرین لاواز دێتە بەرچاو بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بەرچاو لەم هەڵبژاردنەدا. هەڵبەت ئەگەری سوپرایز هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە. هۆکاری ئەم رەشبینییەش جگە لە کێشە نێوخۆییەکانی ئەم هێزانە، پێداگری هێزە گەورەکانە لە هێشتنەوەی چوارچمکی پرۆسە سیاسییەکە لە دەستی هێزە شیعە باڵادەستەکان لەم قۆناخەدا، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت لە لایەک و بەکارهێنانی گوتاری تایفی و مەزهەبی لەلاکەی تر. ئەمە جگە لە بەکارهێنانی گوتاری خێڵەکی لە ناوچە گوندنشین و داخراوەکاندا کە فاکتەرێکی بەهێزی تاقیکراوەیە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=