ناو: حسێن
ناوی باوک: مەلا قادر
ساڵی لەدایکبوون: 1946
شوێنی لەدایکبوون: #پێنجوێن#
$ژیاننامە$
حسێن مەلا قادر فەرەج پێنجوێنی، ساڵی (1946) لە گوندی شیوەگوێزانی شارەدێی #گەرمک# سەربە شارۆچکەی پێنجوێن لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی پێنجوێن تەواوکردووە کە ئەو کات بەڕێوەبەرەکەی مامۆستا (حەسەن ڕەشید یارە) بوو بەڕێوەبەرێکی زۆر چوست و چالاک بووە، بۆ درێژەدان بەخوێندن قۆناغی ناوەندی هاتووەتە #هەڵەبجە#، لەبەر ئەوەی پێنجوێن قۆناغی ناوەندی نەبووە، لە بەشی ناوخۆی ماوەتەوە کە لەو سێ ساڵە ژیانی زۆر ناخۆش بووە دوور بووە لە پێنجوێن و شەڕی نێوان شیوعییەکان و پارتییەکان لە دووی ناوەندی لە قوتابخانەکە ڕوویداوە کە زیاد لە (60) قوتابی لە هەردوولا برینداربوون.
دەستپێکردنی حوکمی #بەعس#ییەکان وێرانکاری کوردستانی لێکەوتەوە، مامۆستا حسێن ساڵی خوێندنی (1962-1963) بەهۆی ئاوارەیی و ناخۆشی ژیانی وازی لە خوێندن هێناوە، ساڵی خوێندنی (1963-1964) تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەنجامداوە و دەرچووە.
قۆناغی ئامادەیی چووەتە #سلێمانی# و لە دواناوەندی (وەتەن) تەواوی کردووە، پاشان ساڵی (1967-1968) لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە، لە ساڵی (1969) بە پلەی زۆر باشە تەواوی کردووە. ساڵی (1970) لە کاتی بە یاننامەی (11)ی ئازار وەک مامۆستا دەستبەکار بووە لە گوندی بلکیان سەربە شارۆچکەی پێنجوێن، ساڵی (1980) گوستراوەتەوە بۆ ناوشاخان بۆ ماوەی ساڵێک، پاشان بۆ قوتابخانەی (سەرۆک) لە کۆمەڵگەی زۆرەملێ شاندەری، ساڵی (1983-1984) گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (چرۆ) لە سلێمانی، ساڵی (1987-1988) گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (موفتی) لە کۆمەڵگەی (نەسر)، پاشان ساڵی (1988-1989) بۆ قوتابخانەی (هەڵۆ) هەر لە کۆمەڵگەی (نەسر)، ساڵی (1994-1995) گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (بێکەس) لە سلێمانی کە دواتر ناوەکەی گۆڕرا بە (مامەیارە).
مامۆستا حسێن بەشداری چەندین خولی کوردی و عەرەبی کردووە و خاوەنی چەندین ڕێز و سوپاسە.
پاش (39) ساڵ لە خزمەتکردن لە بواری پەروەردە لەسەر داوای خۆی کە ساڵێکی مابوو بۆ ماوەی یاسایی، ساڵی (2009)خانەنشین کراوە.
لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە خاوەنی چەندین بەرهەمە:
1-ئیمان-بنچینەکانی و هەڵوەشاندنەوەی (وەرگێڕان)، دانراوی د.محەمەد نەعیم یاسین.
2-دواین میوان (وەرگێڕان)، دانراوی خالید ئەبوو ساڵح.
3-کۆمەڵە پرسیار و وەڵامێکی پێویست بۆ ڕێبواری موسڵمان (وەرگێڕان).
4-قەزاو قەدەر (وەرگێڕان)، نووسینی شێح محەمەد متولی شەعراوی.
5-ژیانی بەرزەخ (وەرگێڕان)، نووسینی شێخ محەمەد متولی شەعراوی.
6-پەیامێک بۆ بوک و زاوا (وەرگێڕان)، نووسینی (ئەبی عەبدولرەحمان-سەید بن عەبدولرەحمان).
7-چل ئامۆژگاری بۆ جگەرگۆشەکەم.
8-ناو و شوێنەکان لە قورئاندا (وەرگێڕان)، نووسینی د. ئەیوب دەرباس.
9-پێغەمبەری سەروەر لە بیست چیرۆکدا، نووسینی عەبدولتەواب یوسف.
10-مەولانای ڕۆمی.
11-شوێنکەوتووان، نووسینی (د. عەبدولرەحمان اخت پاشا).
12-هاوەڵان، نووسینی (د. عەبدولڕەحمان اخت پاشا).
13-وتەکانی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، نووسینی سەید عەبدوڵڵا.
14-حەسەنی بەسری، کورتەیەک لە ژیاننامە و هەندێک لە وتەکانی.
15-گوڵبژێرێک لە پەندە نەمرەکان، نووسینی ئەحمەد مەسکەوی.
16-چەپکە گوڵێک لە وتەی جوان و ناوازە، وەرگێڕان و ئامادەکردن.
17-خۆڕازاندنەوەی خانمان لە ئیسلامدا، وەرگێڕان لە دوو نامیلکەوە بە دەستکاریەوە-چاپنەکراوە.
18-خانەوادەی مەلا قادر، کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا (حسێن پێنجوێنی) هەندێک لە یادەوەریەکانی چاپنەکراوە.
19-لەئێستاشدا سەرقاڵی بەرهەمێکی دیکەیە بەناوی (گوڵبژێرک) لە پەڕاوی (قبسات من حیاة الرسول) دانراوی (ئەحمەد محەمەد عساف). [1]
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەوەیس-نیهایەت مەحمود