پەیامی وەرزی بەهار
[گەشتی بەهاریی]
ستایش بۆ پەروەردگار... کە ویستی خۆی، دەخاتە کار... چۆڵەوانی دەکا بە شار... گوڵ دەردێنێ لە چوزی خار... دەنکە تۆوێ دەکا بە دار... سرووشت دەکاتە نەوبەهار.
ئەوا لە دوای وەرزی خەزان... کە ڕووتەڵ بوون باخ و ڕەزان... دوای ئەو سەرمای جەستەی تەزان... گژوگیا و دار... کانی و ڕووبار... خشۆک، باڵدار... بۆ زەماوەندی بەهاریی... بۆن و بەرامە و جوانیان کردە دیاری.
تا لەناو ئەم ئاهەنگەدا... لەم وەرزە ڕەنگاوڕەنگەدا... لە دووتوێی ئەم فەرهەنگەدا... لادێ و شاری، پاشا و گەدا... بچینە سەیران و گەشتێ... لە بنار و لە پێدەشتێ... بە چاوی دڵ تێر بنۆڕین... توێژاڵی سەر ڕۆحی ماندومان بگۆڕین.
کە پەردەی زستان لادرا... کە بە بارانی بەهاریی، خاک ئاودرا... گورزەی زۆری تیشکی خۆری بۆ تاودرا... سوپای بەفر پشتی چەما... سەرما نەما... ماسی ڕێچکەی گرت لە چەما... چیا دەرهات لەناو تەما... دایانپۆشی (هەڵز و مەنێ و لوشە و کەما)... گیاندار کەوتنە قونە و سەما... ڕەنگاوڕەنگ و گەورە و بچووک... زیتەڵە و سووک... وەکوو هەلووک... گیز و ویز و جوک و جروک... لەملا سمکۆڵ، لەولا چینەی قاچ و دەنووک... گوڵی ئاڵ وەکوو تارای بوک... بوویە چەتری سەر بڵاڵوک.
کە نەرمەباران دەبارێ، دڵۆپی ئاو لەسەر لێوی پەڕەی گوڵ دەگیرسێتەوە... بە نازەوە دەخنێتەوە... هەور دەڕوا و خۆر دێتەوە... گەڵای تەڕ دەبریسکێتەوە... کزەی شەماڵێ هەڵدەکا، شۆڕەبی بۆی دەشنێتەوە.
ئەم پێشانگا پڕ تابلۆیە... فڕکەفڕک و هاتوچۆیە... فەرمانێکە لە پاشاوە... پەڕاوێکە دێتە نووسین، پیتەکانی بە لێشاوە... چرۆی گەڵا کە گەشاوە... بۆی بڕوانە چۆن نەخشاوە... کام ئەندازیار ئەو هێڵانەی تیا کێشاوە؟ گیا بووەتە ڕایەخی سەوز و چڵێکی لێ نەلەخشاوە.
لە دوای ئەو سەرما و کڕێوە... هەرچی دەشتە، هەرچی کێوە... هەمووی خەندەی لەسەر لێوە... پەیامێکە لە بۆ ئێمە و لە بۆ ئێوە... مرۆڤ سەر دەبا و دەهێنێ... دەیهەژێنێ... پێی دەڵێن: (وەرزی بەهارین... چنراوێکی پڕ نیگارین... زەماوەندی گوڵ و دارین... وێوڵ و پەڵک و چنارین... هەمەڕەنگین... هەزار بارین... چراخانی هەزار شارین... پێشوازیکەری گەشتیارین... هەر وەک بەهارەکەی پارین... نەخشاوی پەروەردگارین). پێمان دەڵێن: (هاتینەوە... ئێوەش وەک ئێمە دێنەوە... دوای بەرزەخی زستانیتان، بەهارتان دێ و دەردێنەوە... ئێوەش دێنە ئەم ئەلبومە پڕ وێنەوە).
دەی یاران بێن بەبێداریی... بۆ گەشتی وەرزی بەهاری... بۆ بینینی سەوزەواری... بۆ قەرسیل و لەنجەولاری... ئاسک و کەروێشکی بناری... بۆ قومری و قاژو و کەناریی... تا بزانن ئەو خودایە... چەند زانایە... چەند دانایە... بە دەستەڵات و توانایە... شایانی (حەمد و سەنا)یە... ئەوەی ئەو زاتە نەناسێ، خەڵکی بەهەشتی شار نییە... چاوی دڵی لە کار نییە... دۆستی وەرزی بەهار نییە... تێناگا ئەم حەشرگایە... هێمای قەراغی ڕێگایە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=