[ماڵ شانۆیە و تۆ ئەکتەریت]
(دەبێت ژن و مێرد دڵدار و دەستباری یەکتر بن)
وا لە بازنەی خێزانیدا دوو دڵ لە یەک هەڵپێکران... بۆ یەک ئامانج بە یەکتری ئاشناکران... برای برام! خاتوو پەری! پیرۆز بێ ژینی هاوسەری... بە دوور بن لە زەنازەنا و دەردیسەری.
ئێوە پەیماننامەیەکی گەورەتان واژۆ کردووە... بۆ ئەم ئەرکە سەنگینەتان خۆتان ئامادەکردووە؟
لە ئیسلامدا ژن و مێرد ناویان هاوسەرە... جا سەر بێ جەستە کەی سەرە؟ خێزان وەک باخ و دێبەرە... لە کاتێکدا بەختەوەرە... کە هەر یەک لەو دوو هاوسەرە... چاک و پاک و دینپەروەرە... باشترین ڕۆڵ دەگێڕێت و ماڵ شانۆیە و ئەو ئەکتەرە.
دەقی (وَالرَّجُلُ رَاعٍ) (وَالْمَرْأَةُ رَاعِيَةٌ) دەیسەلمێنێ ئێوە شوانن... ئەبێ هەردووکتان دڵسۆز بن، هەردووکتان پێکەوە جوانن... دەست مەدەنە کەمتەرخەمی، بەرپرسیارێتی بفامن.
شەیتان ئێوە بە شەڕ دەدا، مرۆڤ دەبێ شەڕ نەکڕێ... قسەیەک لە تۆ، یەکێک لە ئەو، کە کەوتنە شانەخڕێ... شەڕێکی وا بەرپا دەبێ... وەکوو ئاگر هەڵدەگڕێ... ئیتر ئاسوودەیی خێزان وەکوو مەلێک هەڵدەفڕێ... پیاوەکە پیش دەخواتەوە و، ژن هەر فرمێسک دەسڕێ... ژیانی وا ژەقنەمووتە، خوا بیبڕێ... کۆشک و تەلار چی لێ بکا کە خەم ناو جەرگی هەڵدڕێ... سەد خۆزگەی بە ماڵە قوڕێ... بە لێفە و سیپاڵە شڕێ.
ماڵ ئەبێ دڵنیایی بێ... پڕ لە ڕێز و تەبایی بێ... دوور لە کێشە و دوو بڕیاری و جودایی بێ.
ئەمڕۆ گەورەی، وا نەزانی هەر منداڵی... کێ هەر منداڵەکەی زوو بێ، هاوار بە ماڵ و بە حاڵی... خانم! دانێ تۆ خانزادی... کاکە! تۆش ڕۆستەمی زاڵی... ئەگەر توندەتەبیعەت بی... سێوەترشەی تفت و تاڵی... ئەگەر ئیسڵاحی خۆت نەکەی، گیر بە دەست خۆتەوە دەخۆی... ئەبێ تا ئەمری بناڵی... بە برژانگی چاوەکانت ڕێی پەشیمانی بماڵی.
سنووری شەرع بزانن، خوا لەخۆتان مەڕەنجێنن... نوێژەکانتان لە کاتی خۆ و بە جەماعەت بەجێ بێنن... ئیمان بۆ ماڵ وەک باخچەیە، باخچەی ئیمان بە بێ ئاوی، مەژاکێنن... ڕازی بن بە بەشی خودا، بەوەی هەیە بساچێنن... تەقوادار بن، بێ تەقوا، ژین دەبێ بە ژان... باوکە ئادەم، دایکە حەوا، (تەڵە)کەی شەیتانیان تەقان... کە فەرمانی خوایان شکان، سزا دران... لەناو بەهەشتا دەرکران.
برام! تۆ هاوسەری، پیاوی... تۆ سەرۆکی ئەو دەوڵەتەی، بۆ ئاغایی دانەنراوی... بە فەرمانی (خِيَارُکُمْ) ڕاسپێرراوی... لە قورئاندا بە (فَإِمْسَاکٌ بِمَعْرُوفٍ) هاندراوی... بۆ هاوسەرت نەک هەر باش بە، باشترین بە... گەنجینەی میهر و ئەوین بە... ڕووخۆش و زمان شیرین بە... ژن پیاوی مۆنی خۆش ناوێ... دەم بە خەندە و پێکەنین بە.
ئەو یاپراخەی لە بەردەمتا دانراوە... خانمەکەت ڕەنجی زۆری پێوە داوە... تێرت خوارد نۆشی گیانت بێ... بەڵام دەسخۆشییەکەی ماوە.
خوشکی بەڕێز! ئەمانەتە ئەو هاوسەرە... تۆ لە ماڵی، ئەو لە دەرە... بۆ بژێوی ئەو خێزانە سەرقاڵ و فرە جەمسەرە... کاتێ کە بۆ ماڵ دێتەوە... ئەیەوێ بحەسێتەوە... نەک دڵی بشێوێتەوە... نەک بە ناشکوری و بێزاریت، وەکوو برین بکولێتەوە... ئەوەندە پیش بخواتەوە، چایەکەی بۆ نەخورێتەوە... بە ددانی سمێڵی خۆی بڕنێتەوە.
ئایا ئەزانی خوشکەکەم: (ئەو پەپولەیە تۆ گوڵی... ئەو بولبول، تۆ پەل و چڵی... ئەو خوێنە، تۆ ترپەی دڵی).
سەنگەر مەگرە لە هاوسەرت، ململانێی لەگەڵ مەکە... بیانوو مەگرە، گێچەڵ مەکە... چاکەی زۆرە دەرهەق بە تۆ، کە توڕە بووی، ماش و برنج تێکەڵ مەکە... بیرت نەچێ تۆ هاوسەری، تۆ دایکی، جاربەجارێ وەکوو چرا دوکەڵ مەکە.
بچۆرە ناو ماڵی دڵی، هەر لەوێ بە، ماڵ بار مەکە... تۆ وەزیری ناوخۆی ئەوی، خوشکم! خۆت بەرکەنار مەکە... چڕنووک لە دڵەکەی مەگرە، دڵەکەی کۆڵەوار مەکە... لوتکردن و بڕوبیانوو... هەرگیز ناشێ بۆ کەیبانوو... بە خۆشەویستی و بەزەیی، دڵ بۆ یەکتری (ڕام)ەبێ... ئارامەبێ... ژیانتان پڕ لە تامەبێ.
وەک دڵ تورمپای جەستەیە... کۆمەڵگەش بە خێزانەوە وابەستەیە... خێزان هۆشیار بێ کۆمەڵگە بەختەوەرە... گەر خوا نەکا نەخۆشیش بێ، گەل داماو و خاکبەسەرە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=