[خوشکی ئێوەم بمناسنەوە]
(لە زاری دایکی نازدارێکەوە)
کەنیشکێ بووم، کە بە نازی باوک و دایکی خۆم گۆش کرام... بە منداڵی، بە جل و بوکەڵە و بازن دڵخۆش کرام... کە گەورە بووم و پێگەییم، شۆخ و شەرمن و دڵگەرم... خولیای شووکردن و خێزان کەوتە سەرم... کاتێ خوازبێنی کرام و... ڕێی شووکردن کەوتە بەرم... پۆشاکی بوک کرا بەرم و... گوێزرامەوە بۆ هاوسەرم... پێم وابوو کچی پاشام و تاجم کردووەتە سەر سەرم... ژیان زۆر شیرین بوو لەلام... دنیایەکی بەکام، بەتام... زۆر تێی ڕامام... ماڵە خەزوور ڕێزیان لێ نام... ماڵە بابم بۆ ماڵداری، پەیتاپەیتا هەڵیاندەنام... ڕۆژەکانم زوو تێپەڕین، چوار ساڵا تەمەنی شووکردن، تەنها چەند ڕۆژێک بوون لەلام... بوومە دایک، خوای میهرەبان دوو کۆرپەی چاوگەشی پێ دام... کە شیرەکەمیان چەکاند و، هەڵزنان پیام... پەککو! چەندە شیرین بوون لام.
لە سای هاوسەری ژینمدا، پێداویستی ناوماڵم، بوو... لە مارەیی و پاشتێلانە، گەردنبەند و خڕخاڵم بوو... لە ئینجانەدا چەند گوڵی ناوازەی سەوز و کاڵم بوو... هێندە بە ماڵم دڵخۆش بووم، هەزار خەون و خەیاڵم بوو.
خێزانێکی بەختەوەر بووین، ژیانێکی خۆشمان هەبوو... دوو هاوسەری یەکپەروەر بووین، زەوق و شەوق و جۆشمان هەبوو... زیت و وریا و سەرلەدەر بووین، ڕەنج و کردوکۆشمان هەبوو... سەرێکی پڕ هۆشمان هەبوو... خەندە و عەیش و نۆشمان هەبوو.
کاتێ هاوسەرم دەبینی، کاتێ دەنگی ئەوم دەبیست... وای چەندە ئاسوودە دەبووم، پەککو! چەندە خۆشم دەویست! من گوڵ، ئەو نەوبەهارم بوو... من دڵ، ئەو شادەمارم بوو... ئەو یارم بوو... هاوکارم بوو... مامۆستا و ڕاوێژکارم بوو... بۆ گرفتەکانی ژیان، دڵدەرەوە و دەسبارم بوو... لەگەڵ ئەودا مەیلی دێنی و گەڕانی گوند و شارم بوو... بە لای یەکدا بە نازەوە ڕادەبووراین... چاکەی یەکمان دەنرخاند و، لە هەڵەی یەکتر دەبووراین... بیرم نایە تەنیا شەوێک تا بەیانی، دڵمان لە یەک زویر بووبێ... بڕوا ناکەم تەنیا ساتێک یەکترمان لەبیر نەبووبێ.
ئەوەی وتم هەمووی وا بوو... بەڵام قەدەری خوا وا بوو... هاوین هات و، بەهارەکەم زوو ئاوا بوو... مەرگ هات و هاوسەرەکەم، لەناکاوا لێ جودا بوو...
بەیانییەک نانی خوارد و چایی نۆشی... قاتێکی ناوازەی پۆشی... لە ماڵ دەرچوو بە دڵخۆشی... بەبێ ئازار، بێ نەخۆشی... هێندەی نەبرد بە ڕووداوێک کاری کرا... بە بای ئەجەل گوڵی تەمەنی هەڵوەرا... وای لەو هەواڵەی پێم درا! بە خزم و کەس دەورمدرا... تەرم بەرەو مزگەوت برا... دادی نەداین، قیژە و هەرا... دوای تاوێک لە تابووت نرا و، برا و لە چاوم ونکرا... دڵم بوو بە کوورەی ئاگر، فرمێسک لە چاوم تکا... دڵم شکا... لەو گریان و جەنجاڵییەدا، کەوتە بەر گوێم کە دەیانوت: (بێوەژن و هەتیوبارە!)... ئەو وشانە، دڵمیان وەک تیر ئەنگاوت... خۆم خواردەوە و هیچم نەوت... چاک حاڵی بووم، کە ئیتر من بارم کەوت... دیواری بەڵای ناگەهان، ڕووخا و بەسەرمدا کەوت !
مەرگی هاوسەری ئازیزم دڵی بردم... لەگەڵ دوو کۆرپەی ساوامدا تەنیای کردم... ئێستاش چی دەرگای حەوشەمان بکرێتەوە... ئەو ئازیزەم بیردێتەوە... زامی ناخم دەکولێتەوە... شێوەیم بیر ناچێتەوە... چەند مانگ و چەند ساڵ تێپەڕی... ناسۆری من دانەمرکا کڵپەی گڕی... ناچار فرمێسکی ڕووم سڕی و... دەستم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و... وتم: (خوایە بەهیوای تۆم... پەنای تر نییە بۆی بڕۆم... کاری سەخت ئاسانکە بۆم... ساڕێژ بکە زامی بەسۆم... سەبووریەک بهێنە بۆم... ڕێبوارێکی ڕێگای دوورم، ڕێی ترسناک، کاتم شەوە... ئەی خوای مەزن فریامکەوە... دەروویەکم لێ بکەوە... ئامادەمکە بۆ ئەرکەکەم... تا بەچاکی دوو کۆرپەکەم پەروەردە کەم... تا ئەوەندە بەهونەر بم... دایکێکی هەتیوپەروەر بم... لە مژدەکەی (أنا وَکافلُ اليتيمِ) بەهرەوەر بم.)
ئازیزانم! خوشکی ئێوەم... بمناسنەوە بە ڕوخسار و ڕەنگ و شێوەم... دایکێکی بێوەژنپۆشم... هەتیوبارم... دایکی دوو کۆرپەی نازدارم... پێغەمبەر مژدەی پێداوم... هاوسێیی خۆی لە بەهەشتدا بۆ داناوم... لە لیستی هاوسێکانیدا، ئەمەوێ تۆمارکەم ناوم.
ئازیزانم! بێن بۆ ماڵمان... بپرسنەوە لە ئەحواڵمان... لە کەموکووڕی ناوماڵمان... لە قوت و بژێوی ساڵمان... خۆ بکەنە مام و خاڵمان... دەستێکتان بدەنە باڵمان... ئەگەر ئێوە شەیدای خێرن، بۆ خەمساردن بەرانبەرمان؟ بۆ خۆتانمان لێ دەبوێرن؟ بۆ دنیای خۆتان دلێرن... ڕەتبڵاون... بیرتان نییە ئەو سامانەی خوا پێی داون... بە ئەمانەت لایداناون... لە قاسەی ماڵی دەهاون... بۆ مەسرەفی ماڵتان، سەخی و دەستبڵاون... بیرتان نییە ماڵێک وا لەلای ماڵتانا... هەتیوبارن، ئەمانەتن لە گەردن و ئۆباڵتانا... کەچی سەرقاڵی خۆتانن، ئەمان نین لە خەیاڵتانا... بیری ئەم خوشکەتان نییە، کە منداڵی کراس شڕ و بێ پێڵاون... گوڵی لە دڕک ئاڵاون... ماسیی نوقمی ناو لێڵاون.
بیرتان نییە بێ باوکن، هاتوچۆ و سەردانیانەوێ... ڕووی خۆش و دەستبەسەراهێنانیانەوێ... ماڵ و شتی جوانیانەوێ... خەرجی و پارووی نانیانەوێ... وەک منداڵەکانی ئێوە، ئەمانیش سەیرانیانەوێ... تەگبیری ژیانیانەوێ... ئامۆژگاری دراوسێ و خزمانیانەوێ... بۆ دانئێشە و لەرزوتایان، دکتۆر و دەرمانیانەوێ.
دە سا وەرن، با ژیانمان لێ تاڵ نەبێ... با هەناسە هەڵنەکێشین، با منداڵم ڕەجاڵ نەبێ... با داخی خۆمانتان لای خوا پێنەڕێژین، با ئەو کۆرپە بێ بابانە، دایکیان ناچاری سواڵ نەبێ... با فێری کڕووزانەوەی لای ناسراو و هاوماڵ نەبێ.
وەرن میهر ببارێنن... وەرن خەممان بتارێنن... تا لە قیامەت ئێوەش وەک من، هاوسێ ماڵی پێغەمبەر بن.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=