[یەک کوردستان یەک پایتەخت]
(شیوەن بۆ دایکەکوردستان)
من لەم ژینگەی خاک و ئاوە... چاوم بە ژین هەڵهێناوە... کوردستان نیشتمانمە و... لانکەی بوون و ژیانمە و... گۆڕخانەی باپیرانمە و... خۆشەویستیی چۆتە ناخ و هەناومەوە... چۆتە ناو ژێکانی گەروو و پەنجە و بیلبیلەی چاومەوە.
دەڕوانم بۆ نیشتمانم... بۆ ڕانک و چۆغەی کوردانم... بۆ وەرزێر و شەن و شوانم... بۆ کاریلە و بەرخ و ڕانم... بۆ پاڵە و بۆ دەشتەوانم... بۆ جیکە و جروکەی باخ و، بەرز و نزمی ڕێگە و بانم... بۆ چوار وەرزی ڕەنگاوڕەنگی کوردستانم... تابلۆی جوان و دڵهەژێنن... دیمەن دیمەن خۆدەنوێنن... لە ناخەوە دەمدوێنن... گەڵای داری خەمەکانم هێدیهێدی دەوەرێنن.
نیشتمانم! لە جوانیدا بێئەندازی... بەڵام سەرکز و بێنازی... ستەمێکت لێ کراوە... خاک و خەڵکت پەرت کراوە... نەفرەت لەوەی لەتی کردی... لەسەر نەخشە دابەش و خەتخەتی کردی... بۆیە ئاوا گەل کەساس و... بێ دەسبار و بێ دەمڕاس و... لە (یو ئێن) بێ دەنگ و باس و... لە خۆی هەراس... دەبەنگ و کاس.
لە سای (عُصَبَةُ الْأُمَم) دا، کورد ئاوا چارەڕەش کرا... نیشتمانی وەک گۆشتی خێر دابەش کرا... (ئەنجومەنی ئاساییش)یش هەر ئەو قەوانە کۆنەیە... مافی گەلان هەر (دیزە بە دەرخۆنە)یە... خەیاڵی سەربەخۆیی بوون هەر (ئەم نانە بەو ڕۆنە)یە... کە بەرژەوەندی هاتە پێش تۆزقاڵێک ویژدانیان نییە... بەڵێن و پەیمانیان نییە... لە ئاوی لێڵا ڕاوەکەن... تەنها بۆ چەند بیرە نەوتێک حکوومەتێک دەڕوخێنن و کەشتی گەلێک ژێراوەکەن.
وای لەو یاسا نێودەوڵەتییە... کە ڤیتۆی پر نەگبەتییە... بۆ گێچەڵ و پەتپەتییە... کام ئەنجومەن؟ پێنج ئەندامی هەمیشەیی ستەمکارن... ئەڵێی مارن... پارەی مفت و کاشیان هەیە... لەسەر ئەم دەریای نەوتەدا یاری دامە و داشیان هەیە... چڵکاوخۆر و جاشیان هەیە... نۆکەری بەلاشیان هەیە... ئاشیان هەیە... هەرکەس ئاشەوانی باش بێ، خەڵات و شاباشیان هەیە... پادشای گەمژەی کەللە پوت... لە گەلان بوون بە ژەقنەمووت... چاولەدەر بوو... وەک سەگی هار لە گەل بەربوو... بە قریوە و هەراهەرا... گەل (مەرەزە) و ئەوان (شەرا)... کڵاویان کردین بە سەرا.
کوردستانە ئازیزەکەم! ئەی بەهارە تۆراوەکەم... ئەی خەزانە پاییزەکەم... تۆ ماسیت وا هەڵدڕاوی؟ یا مرۆڤی پەلبڕاوی؟ خۆ تۆ سۆنەی فێرەئاوی... بۆ لەم (دێم)ە دانراوی.
(یوسف)ی ناو یانزە برا... ئەم پیلانە چۆن دانرا... تۆ قوربانی کام برایەی؟ شوێن بزری، لە کام لایەی؟ (یەعقوب) هەر چاوەڕوانتە، بانگت دەکا بۆچی نایەی؟ کەی بە هیوای لە خۆت ڕایەی... گوێچکەی داگیرکەرت بایەی؟ برای وەکوو (نەدی و بدی)... میراتیان لێ زەوت کردی... مراندیتیان چۆن نەمردی؟ نەوتی خاکت هەڵلوشرا... خێری خاکت دادۆشرا... خوێنی دڵیشت گووشرا... سەرکز، بێناز، لەناویانا... ڕەزاتاڵ لەبەر چاویانا... نابێ بڵێی بەشم هەیە... بەڵگەی تاپۆی ڕەشم هەیە... من پەلێکم لەشم هەیە... پێت ئەڵێن تۆ بە بەهانەی... مڕمان کردووی، بۆچی ناشکوری ئەو نانەی؟ ئەو بووەتە شوانێکی بێفەڕ... تۆش بزنێکی لەڕ و گەڕ... لە قاڕەی تۆ خۆی ئەکا کەڕ... نە وەک (بزن)ان لەناو ڕانای... نە بە ڕۆژا لەبەر شوانای... نە بە شەویش لە حەوشەدای... بەتەنیایی لە پشت بانای... کەسێک نییە باست بکا... لەو سەگوەڕەی شەوانی توولانی پاییز پاست بکا.
نیشتمانم! چاک ئەزانم، وەکوو ئەوان بێ ویژدانن... ڕۆڵەکانیشت نەزانن... چاولەدەستی وڵاتانن... بۆ ڕێی ڕزگاری لاگرن... خەمی میللەت هەڵناگرن... دەرفەتەکان دەدۆڕێنن... پەند لە مێژوو وەرناگرن... دەستی یەکتری ناگرن... ئازان لە بۆ سەرمایەی میللەت قوتدان و... پاشقولدان و... شەڕە پەڕۆ و شەڕە گوللە و... چەپۆک لە یەکتریدان و... ئینجا بۆ یەکتر ڕاونان و... ئاگر لە یەکتر بەردان و... هەرچەند دوژمن نەوەستاون، چەقۆ بۆ ملیان ئەساون، سەد پیلانیان بۆ داناون، وەک موشەک بۆیان ئەهاون، کەچی بەبێ خەم وەستاون... سەرقاڵی سەیران و ڕاون... هاوار لە من، هەزار نەخۆشی لێیداون... لە سەرمانا هەڵدەلەرزن، چاوەڕێی تیشکی هەتاون... گەلێک ئاوا دەردەدار بێ، سەرم سووڕماوە چۆن ماون؟
بێناز بوو نیشتمانی من، درەختێ بوو بەر مشارێکی کول درا... داهێنرا... سەراپا شەڵاڵی خوێن و... بزرناو و... بزرشوێن و... هەڵتەکا سیپاڵ و نوێنم... من لەم جەنگەڵستانەدا چۆن ماف لە مافخۆر بسێنم؟
کوردستان دەکڕوزێتەوە... برینێکە هەموو ساتێ دەکولێتەوە... هەر دەیڵێت و دەیڵێتەوە: [من تاساوم... خوری لە دڕک ئاڵاوم... من لە جیهانا بێناوم... لە (مەحفەل)ی دەوڵەتاندا نەناسراوم... بێ دراوم... بێ بەیداخی هەڵکراوم... بێ سنووری خاک و ئاوم... (سەردەشت و مەریوان)ەکەم... (هەولێر، هەڵەبجە) جوانەکەم... (قامیشلۆ، ماردین، وان)ەکەم... وەڵام بدەن بانگتانەکەم... بۆچی نایەن؟ لەکام لایەن؟ خۆ ئێوە ڕۆڵەی ئەم دایەن... کێی تر خۆی کردووەتە دایەن... دەی زوو وەرن لە خۆ ڕایەن... ئەو ناحەزەی دیلی کردون ملی بایەن].
بە مەمرە و مەژی دوو بەخت... مەیسەر نابێ کاری سەخت... ئەبێ سنوور لێک دەینەوە... یەک کوردستان یەک پایتەخت... یەک ئاڵا و پادشا و تەخت... با هەموومان هاوار بکەین... یەکتری ئاگادار بکەین... وەک مێروولە تۆمار بکەین... کۆشکی هیوا دیوار بکەین... دەردی کاری تیمار بکەین.
لەم دۆخەدا کە ناحەزمان مورەغەی پشتی پساوە... لەتاو دۆخەکە تاساوە... بۆ ئێمەی کوردی بەشخوراو باشترین هەلە ڕەخساوە... (دەست لە دەست و قوەت لە خوا) بڕیار بدەین لە ئێستاوە... ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەین کات لە ڕێمان نەوەستاوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=