[بەهەشت بکڕە فریاکەوە]
(بەخشندە بە و بەهەشت لە خوا بکڕە)
کەی ئاوا بووی؟ کە ساوا بووی... نۆ مانگ لەناو هەناوا بووی... لە پزدان و شلاوا بووی... کەچی ئەمڕۆ زیت و سازی... کەشخە و شازی... دەمبەنازی... ژیر بە، خوای پێ بکە ڕازی.
گەر لە کاسبیدا دلێری... دنیا جەنگەڵ و تۆ شێری... بار دەنێری... جەمیدەکەی، دەیبژێری... گیرفانپڕ و ورگتێری... بە سەفەر و سەیران فێری... بیرت بێ، ئاخریی دەمری... ڕۆژێک دێ میوانی قەبری... خەرمانی ڕەنجت هەڵدەگری... دە لێبڕێ لە بەهەشتدا جێیەک بگری.
ئەوەی کە بە تۆ دراوە... ئەگەر نانە، ئەگەر ناوە... ئەگەر عەقڵ و دڵ و چاوە... گەر پوڵە و سەر یەکت ناوە... سپاردەیە و دانراوە... تۆ وەکیلی... عەبدێکی دەستبەکلیلی... بۆ بەخشینی مل بامەدە... وەکوو قاروون بە فیزەوە خۆت بامەدە... لە کاری خێر خۆت لامەدە.
ئەوەی کە گیرفانی پڕە... بەڵام داری دینی زڕە، ویژدان سڕە... وەکوو سۆنە لەسەر هێلکەی پارە کڕە... بۆ پڕۆژە چەند لێزان و نەرمەبڕە... مادەم خودای بیر چۆتەوە... گەوج و گێل و گێژ و وڕە... ئەی نابینی چۆن بۆ دنیا تێدەکۆشێ... وەک بێهۆشێ، خۆش دەنۆشێ... جوان دەپۆشێ... بەڵام بۆ قیامەت ناجۆشێ... کراسی تەقوا ناپۆشێ. (زەکات و سەدەقات)ی چی؟ پوشێک بە خوا نافرۆشێ.
دڵنیایە بەم دنیایە... بیری نییە تاسەر نییە بێبەقایە... تەمەن دەڕوا دەڵێی بایە... (إِذَا بَلَغَتِ التَّرَاقِيَ) ئەو ساتەی لە بەر دەمایە... (وَظَنَّ أَنَّهُ الْفِرَاقُ) هەناسەکەی دێت و نایە... (وَالْتَفَّتِ السَّاقُ بِالسَّاقِ) کۆتایی گەشتی دنیایە... هێندەی زانی لە کفنایە و لە گۆڕدایە... گۆڕ چی؟ سرتە و ورتە نایە... نە بازاڕ و نە سەودایە... نە قەنەفە و نە چرایە... نە هاوسەر و نە برایە.
جا کاتێک ژیری بزانی... چەند لەم دنیایەدا بژی، هەر میوانی... بەهەشت مەدە بە سێبەری دنیای فانی... هاکا برووسکەی (جەڵتە)یەک (کۆییل)ی مێشکی سووتانی... زاڵگەی مەرگ ڕایوەستانی و دایبەزانی... جوجەڵەی ڕۆحەکەت دەرچوو و قەپوی جەستەکەی شکانی.
بە غەفڵەت بەلای دنیادا ڕامەبورە... وا نەزانی مەرگ دوورە... ڕێگا پێویستی بە نوورە... دەی دەست درێژکە بۆ بەخشین... بۆ نەداران ببە بە سێبەر و پەرژین... ساڕێژیکە دڵی پڕ لە ئۆف و برین... نەخوازەڵا بۆ نازداران... ببارێ وەک نەرمەباران... ئەو منداڵەی لێی قەوماوە، ناز شکاوە... باب نەماوە... هێشتا منداڵە، فرۆیە... چاولەتۆیە... دڵبەسۆیە... ئەو تاقیکردنەوەی تۆیە... دە فرمێسکی گۆنای بسڕە... دە کاڵا بە باڵای ببڕە... بەهەشتی پێ لە خوا بکڕە.
ئەزانم چەندە سەرقاڵی... وەک گاکۆتر بۆ پڕۆژەی خۆت دەناڵی... دە سەرنجێ بدە حاڵی... دەستێکت بدەرە باڵی... ببە بە برا و مام و خاڵی... لێ مەگەڕێ منداڵی خۆت تێر و تۆخ بێ و... دەم بە گۆشت و ترێ و قۆخ بێ و... ئەویش بە ژیانی تاڵی... بژاکێ تافی منداڵی.
دەستی بگرە با بکەوێتە سەر ڕێگا... بێ نیازی کە، لە پارە، با بە ئەرکی خۆی ڕابگا... با تێبگا... با پێبگا... کێ دەزانێ ئاوا کارێ... منداڵ ناکا بە پزیشکێ، بە بانگخوازێ، ئەندازیارێ... ئەوجا ڕەحمەت بە سەرتدا وەک تاوە باران ببارێ.
پێش خۆتی خە، با بۆ ناو گۆڕی نادیاریی... ببێ بە سەدەقەی جاریی... خۆت مەست مەکە بە دنیای پڕ لە جەنجاڵیی... گەر خاوەنی کۆگای گەورە و ئیمێڵ و گورز و گۆپاڵی... ببە حاڵی! ئامان دەستم بە دامانت... نەڕۆی بە دوودەستی خاڵی... وەک ئەو نەزانە ناقۆڵا... کە دنیای داوە بەکۆڵا... چونکە گەر بشبێ بە پۆڵا... سبەی دەڕزێ لەناو خۆڵا.
کەسی ژیر ئەلفێکی بەسە... بۆ داماوان فریادڕەسە... لە جێی هەرچی خزم و کەسە... ژیان و دارایی هەلە، وەک گرەوە... مەیدۆڕێنە، بیبەرەوە، ئەمڕۆ ڕۆژە، سبەی شەوە... تەمەن کورتە وەکوو خەوە... بەخشندە بە، لە کاروانی چاکەخوازان دوا مەکەوە... پارە تا سەر بۆت نامێنێ، بەهەشت بکڕە فریاکەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=