[دەنگێک لە ناخمدا دەڵێت]
(تەمەن بەنەزانی گوزەرا)
خوای بەخشندە! منی بەندە... لێوبەبار و پەڕاگەندە... چی دەڕوانم لە کردارم، لە ڕەفتارم... خەم دامدەگرێ و شەرمەزارم... لە تاو هەگبەی خرت و خاڵیم، ترسناکی گۆڕی تارم... لە تاو ڕۆژی هەستانەوەی قیامەتی سەخت و دژوارم، بێ قەرارم... خەم بەندی دڵی گرتوم و، ترسیش بۆی بووەتە سەربارم... غەریب کەوتووم لەناو دۆست و کەسوکارم... دڵم تۆراوە لە دنیای نەوبەهارم... کە دڵنیام تا سەر نابێتە هەوارم... دنیا ڕێیە و من ڕێبوارم... دەڕۆم، دەڕۆم... ڕێی سەفەر توولانی و تەمە... تونێلێکی ترس و خەمە... هەرچی تێشوویەک من هەمە، هێندە کەمە... گەر نەمبەخشی خوای میهرەبان، ڕزگا بوونی من ئەستەمە.
لەناو دەریای دنیای فانی... تێیدا کەوتمە مەلەوانی... تەمەنم چوو بەنادانی... زۆر داماو بووم، وام دەزانی... قرپوقاڵم تا سەر دەبێ... دنیام عەتر و عەنبەر دەبێ... داری ژین هەر پڕبەر دەبێ... دڵ بۆ یار هەر تەتەر دەبێ... ئەم باڵام هەر ئاوا شۆخ و ئەسمەر دەبێ.
نەمدەزانی چەند بمێنم... چەند لەم دنیا ڕابمێنم... بە دەعیە خۆی تیا بنوێنم... وەک کەوی شاخ بۆی بخوێنم... هەزار نەخشە بنەخشێنم... مەحکومم و جێ نامێنم... هەر ئەبێ بچمە درەوی ئەو تۆوانەی لە کێڵگەی تەمەنی دنیا دایدەچێنم.
شریتی تەمەن تێپەڕی، ئەوەی چوو نایەتە دواوە... زۆری ڕۆیی، کەمی ماوە... وەک گەڵای داری پاییزیی، ڕەنگە تۆخەکەم گۆڕاوە... بەفر ڕوخساری داپۆشیم، نەوەی خۆم دەورەمی داوە... دەرد جەستەمی هەڵپێچاوە... چەخماخەکەی ئەجەل ماوە... کاتەکەی دیاریکراوە... هاکا ناوەکەم خوێنراوە... وەک خۆر لە کەل ئاوا بووم و چرای ژیانم کوژاوە.
دەنگێک لە ناخمدا دەڵێ: تا کات ماوە... تا کار لە کار نەترازاوە... لایەک بکە بە لای دواوە... بزانە لەوەی ئەبوایە (بکرێ و نەکرێ) چی کراوە و چی نەکراوە؟
بە جارێ هەناسەی سەردم... شەیتان زەفەری پێ بردم... وەها شەرمەزاری کردم... وەکوو باپیرە ئادەمم، ڕێی گوناهی خستە بەرم... کڵاوێکی کردە سەرم، لێی داماڵیم کاڵای شەرم... تۆزی غەفڵەت نیشتە سەرم... دەسا خوایە عەرزوحاڵم –بۆ تۆ نەبێ– بۆ کێی بەرم؟ گەر بمبەخشی، خۆشی لە خۆم، بەختەوەرم... گەر نەمبەخشی، هاوار لە خۆم، خاکبەسەرم.
نیعمەتت باراند بە سەرما، من هەر سپڵە و هەر پێنەزان... هێندە سنووری تۆم بەزان، داری دینم خستە خەزان... ڕۆژ و ساڵم دوێنێ و پارن... لای من تەنها یادگارن... چرکە چرکەی لای تۆ دیارن... ورد و درشتم تۆمارن... لە (دیسک)ێکدا پارێزراون... بۆ ڕۆژی خۆی هەڵگیراون... بۆ ئەو ڕۆژەی یەکجاریەکجار ترسناکە... تەنیا کەسێک تیای بێباکە... کە لە دنیا دڵ ڕووناکە و جاڕی پاکە.
کێش دادگا ڕایوەستێنێ... دەستی چەپ بۆ نامە بێنێ... تەرازووی کردارەکانی کورت بهێنێ... ڕەنگێ بباو ڕەنگێ بێنێ... ڕوخساری ڕەش هەڵگەڕێنێ... بە جۆرێ خۆی دەدۆڕێنێ... هەموو دنیا موڵکی ئەو بێ و لە بارمتەی خۆیدا بیدا، هیچ ناهێنێ.
دەسا خودای میهرەبانم... چاک ئەزانم... کە تۆ چەندە بەخشندەیت و منیش چەندە پێنەزانم... بە جارێ نوقمی تاوانم... ستەمم کرد لە گرێبەستی ئیمانم... نەنگی بوو هات بە سەر شانم... ڕووزەردی هەردوو جیهانم... دەسا خوایە پەشیمانم... خەجاڵەتم، ڕوو بەرەو ژێرە چاوانم... لە ڕۆژی حەشر و وەستانم... لێم ببورە و سڕپۆشیکە خەتاکانم.
لە دەرگاتا لاڵە دەکەم... هەرچییەک هەم، ئەوەم کە هەم... ئەمان خوایە تەوبە دەکەم... لە جێی گوناﮪ چاکە دەکەم... ڕوو لەو ڕێگا پاکە دەکەم... لە من هاتن، لە تۆ قبوڵ، هیدایەتت داوا دەکەم.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=