[هیی تۆیە و بەس]
(ڕازونیاز لەگەڵ خودا)
ئەوەی دینی وێرانەیە و، دنیای کردووەتە مەیخانە... پەنجەرەی دڵی گرتووە، تا نەڕوانێ بە ئاسمانا... بیری هەر لای موڵک و ماڵ و خەو و نانە... پەتای غەفڵەتی گرتووە، کە دەردی سەختیی ئیمانە.
کێ دووچارە بەو دەردەوە... مردووی شەوە... خولیای خەوە... ڕۆژیش گزی و فێڵ و دزی، وەک گاکۆتر بە ناڵەناڵ... پەرواز دەکا و دەفڕێ بە باڵ... خۆی نابوێرێ لە کۆسپ و چاڵ... هەر ناپرسێ حەرام؟ حەڵاڵ؟ شیرین و تاڵ... گەییو و کاڵ.
غافڵ هەرچەند نەسرەوتووە... هەرچەند بەسەر پلەی بەختا سەرکەوتووە... بێدارە، بەڵام خەوتووە... خەوی دڵ، نەک خەوی جەستە... بۆیە حۆل و گێژ و پەستە... هەمیشە وەک مارانگەستە... بە دنیای وەک سەراب مەستە.
نازانێ ئێمە وەک ماسی و، دنیاش وەک گۆمێکی مەنگە... ناو ئەم گۆمە بەرەی جەنگە... بەڵام جەنگێکی بێدەنگە... دۆڕانی ئەم جەنکە نەنگە... کەچی لەپڕ زڕەی زەنگە، زەنگی سەفەر... هاکا تۆش سپیت کردە بەر... ڕێت گرتە بەر... لەم ماڵەدا کرایتە دەر... خاک لەسەر خاک، بەردیش لەسەر.
مەنازە بە ئازاییتدا، بەئازایی نەخوڵقاوی... ئەگەر (زانا)ی... ئەگەر (دارا)ی... ئەگەر تیغی تازەساوی... بە بەهرەکانتا مەنازە، هەرچیت هەیە خوا پێیداوی... (کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی... کە ئاوی، ئاوی گەوهەر بە، وەگەر نە، بڵقی سەر ئاوی).
بڕوانامە چەند باڵابێ... پۆستی باڵای لەپاڵا بێ... ئەگەر جوانی جوانان بیت و، ڕووت وەکوو خونچە واڵا بێ... هەرچیت هەیە بەخششی خوان... هیی خۆت نەبوون و پێت دران... سپاردە بوون، لات دانران... هاکا ئەمدیواودیو کران... لێت سەندران و لەپڕ بران.
ئەو نیعمەتەی کە هاودەمە... دێت و دەڕوات، ئاوی چەمە... بۆی مەگریە، مەڵێ ڕۆیی... بۆی مەناڵێ، مەڵێ کەمە... مانەوەی خۆیشت ئەستەمە... چاڵی گۆڕت لە بەر دەمە... تەنگ و تار و ترس و خەمە... نە چرایە، نە هاودەمە... لە خەوی غەفڵەت ڕاپەڕە، تێشووت دەوێ بۆ مەحکەمە... هەر چەندت پێ بێ، هەر کەمە.
گەر لەشساغ و بێ ئازاری... پشت نەکەیتە زاتی باریی... بکەویە لاقرتێ و یاری... گەر خواناس بی پایەداری... خوانەناس بی، خاکەساری... ئەی ناترسی دووچار ببی... بە دەردێک گرفتار ببی... ئاوقای کسپەی ئازار ببی... لە گیانی خۆت بێزار ببی؟ کەواتە وەک نەدیوبدی... نەڵێی (أُوتِيتُهُ عَلَىٰ عِلْمٍ عِندِي).
(أَنَا، أَنَا) نەخۆشییە... فیز و هەوای سەرخۆشییە... بڕوانە بۆ یوسفی جوان... بۆ تەخت و بەختی سولەیمان... بە بەهرەدا نەیاننازی... بۆیە خوا لێیان بوو ڕازی... وتیان: (خوایە هەرچیمان هەس... هیی تۆیە و بەس).
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=