[بارانمان بۆ دابارێنە]
(نزانامەی بارانبارین)
ئەی خالقی بوون و جوانی و، چاوگی کانی و، شەوی تار و، سپێدەی ڕوونی بەیانی... تۆ خۆت بە حاڵمان ئەزانی... شتێک نییە لات ئەستەم بێت و نەتوانی.
ئەی خاوەنی ئەم زەمین و مانگ و خۆرە... ئەزانین گوناهمان زۆرە و جۆراوجۆرە... گوناﮪ بۆ ئیمانی ئێمە بووەتە خۆرە... تۆ میهرەبان، ئێمە نابار... تۆ دەوڵەمەند، ئێمە هەژار... تەوبە دەکەین لە گوناهی دیار و نادیار.
ئەی خاوەنی زیندەوەران... ئەی نێرەری پێغەمبەران... وڵات تینوە بۆ باران... بە میهری خۆت بارانمان بۆ دابارێنە, وەکوو جاران.
ئەو بەندانەی ڕۆژووگری ڕەمەزان و کڕنۆشبەری بەیانیتن... هاتوونەتە ئەم سەحرایە چاوەڕێی میهرەبانیتن...
وا ئەم هەموو ڕوخسارانە... لەسەر ڕەویەی ئەو پێغەمبەر و یارانە... هاتووین بۆ نوێژەبارانە... دەسا تۆش دڵمان مەشکێنە... بارانمان بۆ دابارێنە... نزاکانمان لێ وەربگرە... بە خەشمی خۆت مەمانگرە... بەڵامان لەسەر هەڵگرە... لەبەر قاپی ڕەحمەتدا ڕاوەستاوین، بمانبەخشە، وەرمانگرە.
تۆ ئەتوانی هەور بێنی... لێزمەی باران تاو لە دوای تاو, بە سەرماندا ببارێنی... چاوگی کانی و ڕووبارەکان بتەقێنی... بەرەکەتی ئەو خاکەمان بۆ دەربێنی... دەشت و نزار بە سەوزەگیا بنەخشێنی.
خوایە لێت ئەپاڕێینەوە... نزاکانمان سێجار سێجار دەڵێینەوە... داماوین، دەکڕوزێینەوە... توو گەورەییت، دەست مەنێ بە ڕوومانەوە... با بە خاڵی نەڕۆینەوە... ئەگەر دڵیشمان بشکێنی، پەنایەکی تر شک نابەین، هەر دێینەوە و هەر دێینەوە.
بەندەی ئەتۆین... لەسەر موڵکەکەی تۆ ئەژین... لە نیعمەتەکانت دەخۆین... بێجگە لە تۆ بۆ کوێ بڕۆین... دە تکامان بەجێبێنە... دڵی گەرمی ئەم بەندانەی خۆت مەشکێنە... لە ئاسۆوە هەور بێنە... دەستەڵاتی خۆت بنوێنە... بارانمان بۆ دابارێنە... بە سەر هەرچی دەشت و شاخ و شار و شوێنە.
بارانێکی بە پڕتاو بێ... دەشتودەری پێ پاراو بێ... بەردەوام تاو لە دوای تاو بێ... تا گژوگیا گەش و جوان بێ... بنار پڕ لە مەڕ و شوان بێ.
خوداوەندی مرۆ و پەری... بۆ لێقەوماو تۆ فریاد و هانابەری... بۆ سەرجەمی زیندەوەران ڕۆزیدەری... لە بۆ بەندەی گوناهبارت خەتاپۆشەر و بەخشەری... خاوەنی خۆر و سێبەری... وا دان دەنێین بە تاوانمان... تەوبە و ئامان... بەدوورمان کە، لە لێقەومان... خەشمت هەڵبگرە لە سەرمان... کراسی ترس و برسێتی مەکە بەرمان... وەک قەومی یونس پێغەمبەر خۆش بە لێمان... باران ببارێنە سەرمان.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=