[ڕۆژێک دادێت]
(پەلەقاژەی دنیا و وێستگەکانی مەرگ)
ئادەمیزاد کاتێ دێ بۆ ئەم دنیایە... بێ توانایە... نە ئەتوانێ لە خۆی ڕایە... نە ئەتوانێ بۆ ئەم لاولا سەری بایا... ڕەجاڵە بۆ شیری خاوی مەمی دایە... وردەوردە گەورە دەبێ و دانی دەڕوێت... ماوەیەک گاگۆڵکێ دەکا و بە دیوارا هەڵدەزنێت... پێ دەگرێت و دەڕوات و دێت... مزراح ئاسا هەڵدەخولێت... کە خۆی ناسی لە کۆڵی دنیا دەنەوێت... دەیەوێت لە پشتی بنێت... هەرچی دەکا بۆی نابرێت... ناچار هەندێکی هەڵدەگرێت... سەرەنجام ئەوەش دادەنێت... وەک تەنیا و بە دەستی خاڵی هاتە دنیا، ئاواش بەتەنیا مل دەنێت.
دنیای ئەوەندە پێ خۆشە، دەست لە چوارلکی گیرەکا... لێی دەنەوێ و زۆر قورسە بۆی هەڵناگیرێ، پەلەقاژە و تەگبیرەکا... قەناعەت بە هیی خۆی ناکا و، گەر بۆی بکرێ بەشی خەڵکیش داگیرەکا... هاوسەر دەگرێ و وەک کولەکە پەل دەهاوێ و خۆی بە باب و باپیرەکا... بە باق و بریقی دنیا سەرقاڵەبێ و کورتی تەمەنی ئەم دنیای لەبیرەکا.
ئەی ئادەمی لە هەر گوند و هەر شارێکی... میوانێکی... ڕێبوارێکی... لەسەر ڕووباری ژیانا هەر وەکوو تەختەدارێکی... ئەمڕۆ لەنجەت پێ دەکات و سبەینێ لە ئاو بڕاوی و، لە گوێ ڕۆخی کەنارێکی.
چەند بڕوانامەت باڵا بێ... مەدالیا و نەجمەت، وەکوو گوڵ پیا ئاڵابێ... چوار خانمی شای جوانانت لە ماڵابێ... پاسەوانی دەست بە چەکت لەپاڵابێ... لاشەی ساغ و تەندرووستت وەک پۆڵا بێ... خۆت پاشا بی... لە کۆشکی بەرز و خۆشا بی... ڕۆژێک دادێ کەسوکارت لە جێدا ڕایان کێشابی... بە چەرچەف دایانپۆشابی... چاوت لە سەقفی ژوورەکەت بڕیبێت و لە دنیا دەمبەحاشا بی.
هەرچەند لە دەوڵەمەندیدا ملیاردێر بی... نوکتەزان بی و، بە خەندە و پێکەنین فێر بی... هەتا دەمری هەناسەیەک بۆ نەبوونی هەڵنەکێشی و گیرفانپڕ و ور تێر بی... لە هەڵمەتا وەکوو شێر بی... هاوین لە کوێستانی بەرز و زستانیش لە گەرمەسێر بی... بۆ خەڵاتی نۆبڵی ساڵ دەستبژێر بی... ڕۆژێک دەبیتە گیای بەهار... مەرگ داسی لە گیای جەستەت دەخاتە کار... قاچت بێ جوڵە دەکەون وەک دوو چڵ دار... ئەندامانی خێزان دەیکەن بە شین و زار... دەتخەنە ناو تابووتی دار... دەتکەنە دەر لە ماڵ، لە شار... ناوت وەکوو کوڕی فڵان، باوکی فیسار... لە پەڕۆی ڕەشا دەنووسرێ و دادەکوترێ لەسەر دیوار.
هەر چەند خوانت ئاسک و کەوی برژاو بێ... بەرگێکت چڵکن نەبووبێ... دوانی تر، تازە دووراو بێ... زانای زاناکانت ناو بێ... ڕوخسارت بدرەوشێتەوە و لە جوانیدا وەک هەتاو بێ... ڕۆژێک دێ لەسەر تەتەشۆر، جل دابماڵن لە بەرت... بتشۆرن و کفنێ بپێچن لە بەرت... لە تابووتا هەڵتگرن و چوار کەس شانیان بەنە بەرت.
ئەگەر وەرزشەوانێک بی، هەشت نۆ باز، بکەی بە بازێ... بەڕاکردن و بێ وەستان بدەی لە ڕێگای هەورازێ... سێوێکی ڕەق حەپەلووش بکەی بە گازێ... سەرکردەیەکی وەهابی کە میللەت پیاتا بنازێ... هونەرمەندێ بی، سەد بەستە بڵێی هەر یەک بە ئاوازێ... ڕۆژێک دادێ بەرگی ماتەمیت پۆشیوە و بە بەتانی داپۆشراوی... لە ئۆتۆمبێلێک نراوی... کەسوکار لە هەردوو بەردا، دەوریان داوی.
ئەگەر کەسێک توڕەیی خۆی بەسەردا نەباراندبی... بەربەستێک نەیوەستاندبی... ئازارێک نەیچەماندبی... تەنیا جارێک خەم هەڵی نەچۆقاندبی... هەرگیز ڕۆژێک نییە و نابێ خەیاڵی نەژاکاندبی... ڕۆژێک دادێ تابووتت بۆ لای گۆڕ دێنن... دەرتدێنن... بە سێ کەس داتدەنەوێنن... لەسەر لای ڕاست لەناویدا دەتخەوێنن... ژێر تاشەبەردت دەنێن و بە خاکەناز گڵ بەسەرتا دەبارێنن... لە دواییدا دوو کێلت بۆ دەچەقێنن... هەموو بەپێوە وەستاون و تۆ ڕاکشاوی لە بنیا... ئەوان دەڕۆن بەکۆمەڵی و تۆ جێدەمێنی بەتەنیا... جا ئازیز ئەگەر ئەتەوێ ئەو ماڵەت ئاوەدان بکەی... ئەبێ وەک قوتابی زیرەک، ڕوو لە ڕێگای ئیمان بکەی... بە تەوبەیەک گوناهی ناو کارنامەکەت بسڕیتەوە... بە بارمتەی چاکەکانت خۆت لە خودا بکڕیتەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=