[هەیهوو! ئێمە بەجێماوین]
(دنیا میوانخانەیە)
دنیا گۆترەکاری نییە، ئەندازەیە و پێوانەیە... بۆ مرۆڤ میوانخانەیە... کێ خۆی بە میوان نەزانێت دێوانەیە...
ئەم دنیایە، ئەو هاوکێشە ئاوکێشەیە... ڕووی ئەو دیوی دۆزەخ و ئەو بەهەشتە جوان و خۆشەیە... ڕووی ئەم دیویشی ئەم دنیا جەنگەڵستان و بێشەیە.
میوانانی ئەم دنیایە وەکوو ماسی تۆمارەکەن... ئەم چینە ناو تۆمارەکەن، چینەکەی پێشوو بارەکەن... بە کۆچوبار، دۆستان دڵبریندارەکەن.
یاران چوون لە گوند و شاریان... نە دەنگیان ما، نە ڕوخساریان... قەتارەی بەست کۆچوباریان... بڕوانن چیخ و دەواریان.
یاران چوون و، ئێمەش دەچین، ناکرێ نەچین... گەردنکەچین... شەمەندەفەری گۆڕستان چاوەڕێیە هەڵمانگرێ... فارغۆنەکان یەکجار زۆرن، دڵنیا بن دەمانگرێ... دکتۆر، دەرمان، پینە و پەڕۆن، پینە و پەڕۆش سەرناگرێ... دەرمانی مردن ناکرێ... هەر کات کە هات چار ناکرێ... زرنگ، پادشا، پاڵەوان، کەس خۆی لە بەردا ناگرێ.
بێن با وەک ئەوان ئازابین... بۆ خوا و بۆ خەڵک سازابین... ئەوان کاتێ کە هەستابوون، نەوەستابوون... وەک دارچنار ڕاوەستابوون... لە یەک کاتدا وەک قوتابی مامۆستا بوون... بۆ قوتابیش مامۆستا بوون... بۆ بانگەواز باشوەستا بوون.
مامۆستای نەوەی نوێمان بوون... خەمخۆری شار و دێمان بوون... دەلیلی کار و ڕێمان بوون... هەزار ڕەحمەت لە دوێنێتان... ئەمڕۆ خزمان و هاوڕێتان... ئەڵێین پێتان: هەرچیتان کرد، کردوکۆتان... خواوەند قبوڵیکا لێتان... ئێمەش بەڵێن دەدەین پێتان... بەردەوام بین لەسەر ڕێتان.
شاهێدین کە ئەو (بەیعەت)ەی لە گەردن بوو... کە بۆ پەرچەم هەڵکردن بوو... کە بۆ خوا ڕازیکردن بوو... کە لە نەفس ڕاکردن بوو... کە بۆ ستەم لابردن بوو... کە شۆڕش بەرپاکردن بوو... ماڵ و گیان فیداکردن بوو، تا مردن بوو... هەتاکوو سەرتان نایەوە... پشتێنی بەیعەت لە پشتتان نەکرایەوە.
بە کڵپەی گوڕ و تینەوە... وابەستەبوون بەم دینەوە... تەگبیرتان کرد، کۆبوونەوە... بە نزای (أَللهم إنک تعلم أن هذه القلوب قد اجتمعت على محبتک) دەستتان پێ کرد، بە (سُبْحَانَکَ أَللهمَّ) لێبوونەوە... وەک پشکۆ هەر گەش بوونەوە... بۆ یەک ڕۆژ سارد نەبوونەوە... تا دانەدانە لە ئێمە تاک بوونەوە... ماشەڵڵا چەند زوو چوونەوە... گەر لێشمان دوور کەوتوونەوە... سوێند بەو خوایە، لە بیر ئێمە نەچوونەوە... یاران هاکا هاتینەوە... بە یەکتری شاد بووینەوە... تا خەڵاتی خوا وەرگرین... لە بەهەشتا شوێن بگرین... بە خەندە و پێکەنینەوە... یەک لە ئامێز گرینەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=