[مەرگ بە ئاماژە دەڵێت]
(باسێک لە مردن)
تەمەن وەکوو گالیسکەیە و مرۆڤ بەرەو جێیەک دەبا... مەتەڵەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام ناشێ مرۆڤی ژیر پەی پێ نەبا... ئادەمیزاد لە تەمەنیا بە شاخێکدا هەڵدەگەڕێ... لە پێچەکانی ڕێگادا بەخێرایی تێدەپەڕێ... چاوی بڕیوەتە پارە و... شەیدای یارە و... یاری دنیا، کەچی یار لێی وەردەگەڕێ... مەرگ ساتێ لێی ناگەڕێ... کە گەیشتە سەر لوتکەکە، قاوی دەدا و بە ئەو دیوا دادەگەڕێ...
ئامان سەرمایەی تەمەنت مەکە زایە... لێپرسینەوەی لە دوایە... زوو ئێوارەی تەمەن دایە... چەتری تەمەن تا سەر بۆت نابێ بە سایە... ئێستا زیندووی، خاوەنی گەنجینەی پڕی... هاکا ئەجەل هات و گەنجینەکەی بڕی... سەرم سووڕماوە بۆ وڕی؟ بۆ پەردەی غەفڵەت نادڕی؟ بۆ بەم تەمەنەت بەهەشتی پێ ناکڕی؟ حەیفە کاری لامسەرلایی و ساردوسڕی... وتراوە: (کات شمشێرێکە، یان ئەتبڕێ، یان ئەیبڕی.)
بەڵێ گیانە، مادەم بە مرۆڤ خوڵقاوی... خاوەن قاچ و دەم و چاوی... خەڵاتی مەزن کراوی... (خَلَقَکَ) تۆ سەرەتا هیچی، پووچی، تۆزێک ئاوی... (فَسوَّاکَ) لە کارگەیەکی گۆشتینا داڕێژراوی... وەک شەمامە نەخشێنراوی... لە جوانیدا بە فریشتە چوێنراوی... (فَعَدَلَکَ) قنج و قیت ڕاوەستێنراوی... تۆ خۆت نەهاتی بۆ دنیا، هێنراوی... خاوەنماڵ نیت، میوانی، خوڵک کراوی... دوای چەند ژەمێک ئەبێ بچی... بۆ فەرمانی هاتنە دنیا و لێدەرچوونی گەردنکەچی.
لە خاڵێکی نەخشەی زەوی و لە خولێکی چەرخی زەمەن هاتیتە بوون... وەکوو بەچکەی زەڕنەقوتە زەرد و زەبوون... لەناو ڕەنج و ماندووبوونا... ڕاکەڕاکە و هاتوچونا... بە ناو تونێلی تەمەنی توناوتونا... وەکوو ماسی لە ڕووباری تاوێک لێڵ و تاوێک ڕوونا... هاتیتە بوون.
دنیا تاقیکردنەوەیە... گرێدان و کردنەوەیە... دۆڕاندن و بردنەوەیە... هەموو تاقی دەکرێینەوە... جوتیارێکین لە پاییزدا بۆ سەر خەرمان دەبرێینەوە... وەک چۆن هاتین و چۆن دەڕۆین، ئاواش زیندوو دەکرێینەوە... جا لەوێ هەندێکمان سزا و هەندێک پاداشت دەدرێینەوە.
ئەم دنیایە، ئەو کەسەی پێی دڵنیایە... مێشکی پڕ لە پوش و کایە... هیچ کەس نەمایەوە تیایا... ڕاستە وەکوو بەهەشتێکە و... سەیرانی شاخ و دەشتێکە و... سەردان و کورتە گەشتێکە و... عەنتیکەیە، زۆر شیرینە و... وەک هەنگوینە و... پڕ ئەوینە و... زەویەکی پڕ نیگار و... ئاسمانێکی بەرز و شینە... بەڵام هاکا مەرگ هات و، تۆش وەکوو پۆڕ کەوتیتە تۆڕ... لێرە برای... لەولا تەنیا جێهێڵرای... تەسک و تاریک و نسرم... لەوێ بویتە مۆڵگەی کرم... گۆشت لە جەستەکەت داکەوت... پەیکەری ئێسکت دەرکەوت... کەللەی سەر و چەڵەمەی شان... ئێسکی پەراسوو قۆڵ و ڕان... جومگەکانت لێک ترازان... یەک یەک پرتوکان و ڕزان.
جارجارەیەک مەرگ بە ئاماژە دەڵێ: (سەرقاڵ مەبە بەم جەنجاڵی و دەنگەدەنگە... فریاکەوە کات درەنگە..!) وەک تەلیسمێک دێتە بەر چاو... کە دێت و لێت دەکا سڵاو... لێت کۆدەکا ڕەتی بڵاو... قاچی کورسیت پێ لەق دەبن... چاوەکانت ئەبڵەق دەبن... کەچی تەنها تۆزی غەفڵەت تەکاندنە... لە پرخەی خەو هەستاندنە...
من خۆم جارێک ئەمەم بینی... نەخۆش کەوتم... تەخت کەوتم... لە جوڵە و تەکانم کەوتم... خەندە و قسەی خۆشم نەما... نە زەوقمما... نە شەوقمما... بورامەوە و هۆشم نەما... دەردم گران و کاری بوو... خوێنی هەناوم جاری بوو... وەهام زانی کۆچوباری یەکجاریی بوو... کەسوکارم بەسەرمدا داباریبوو... گشت هاتبوون لە ماڵم بوون... لەپاڵم بوون... زۆر نیگەرانی حاڵم بوون... پەرۆشی ناڵەناڵم بوون... گوێقوڵاخی هەواڵم بوون... مەرگ دەرگاکەی کردەوە... هەر ئا بەم جلوبەرگەوە... چوومە ناو قوڕگی مەرگەوە... دوای ماوەیەک مەرگ ڕۆیشت و من مامەوە... میوەیەک بووم، دەستی هێنا بمکاتەوە... کەچی دەستی گێڕایەوە و نەکرامەوە.
مۆڵەتێکی پێ دامەوە... بەزەبوونی لە ڕویدا کڕوزامەوە: (تۆ کێی وا دێی بە لامەوە؟) هیچ وەڵامی نەدامەوە... ئەزانم دیسان دێتەوە... نە ئەو، نە ئەم، نە تۆ، نە من، کەسمانی بیر ناچێتەوە.
ئازیز! وەکوو چۆن ڕێبوارێ... لائەداتە سەر کانی و سێبەری دارێ... کاتییە لادانەکەمان... وەک چۆن ئەوانی پێش ئێمە چوون و نەمان... لەبەر زەبری مەرگا چەمان... ئێمەش دەچین بەرەو نەمان.
جا ئەگەر پیری یان لاوی... ئەزانم چەند ڕەت بڵاوی... ئەڵێی مزراحی گل دەخۆی، بەڵام ڕۆژێک دێ لە جێدا ڕاکێشراوی... زەرد و زەبوون، سست و خاوی... زیندوی بەڵام هەر بە ناوی... بە چەرچەفێک داپۆشراوی... کەسوکار دەورەیانداوی... هەناسەکانت دەبژێرن ئاخۆ ماوی؟
کۆتا دیدارە لەگەڵیان، میوانی ناو هەموویانی... بۆ دواجار بۆیان دەڕوانی... کەس ناتوانێ تۆ پەنادا... وایت لە بازاڕی خودادا... بانگت ناکەن، ناتدوێنن... بۆ حاڵی تۆ فرمێسک دادەبارێنن... بە لۆکەیەک ئاو لە دەمت دەتکێنن... دەرد بێ چارە... کات دژوارە... بارت لارە... ئیتر کاتی کۆچوبارە... ڕۆحت لەگەڵ دواهەناسەت کە دەردەچێ، بۆی دەردەچێ.
برای برام! هاکا مرای... هاکا برای... ئەم دنیا گۆمێکی مەنگە... بازاڕێکە، ژاوەژاو و دەنگەدەنگە... هێندە جوان و ڕەنگاوڕەنگە... مرۆڤ سەرسام بووە تیایا، بیری نییە کە درەنگە... جا یان ژیرە وەکوو هەنگە... یان وەک قالۆنچە دەبەنگە.
ئازیز! پێش لەوەی چراکەت تاریک ببێ... ماڵی فراوانی دنیات قوڵ و تەسک و باریک ببێ... بەم دنیا مەبە دەسخەڕۆ... بەسەر ڕێگای ڕاستا بڕۆ... فریوی نەفسی خۆت مەخۆ... دوور بە لە خوی گزی و درۆ... بەرەو سەفەری قیامەتت، بە دوو دەستی خاڵی مەڕۆ.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=