[دەرمانی ڕۆح نەکوو جەستە]
(یادخستنەوەیەک بۆ مامۆستایانی ئایینی)
هۆ مامۆستای مێزەربەسەر! داری پڕبەر، سایە و سێبەر... سڵاوی خوات بڕژێتە سەر.
هەوارگەی ئەویندارانی... سەرپێڕی ڕشتەدارانی... ڕمی سینەی نەیارانی... بۆنخۆشی وەکوو نێرگزی، ناسک وەک نەرمەبارانی... غەرقی لە ڕەحمەتی خوادا، ئەفسوس ئەگەر پێی نەزانی... کە لە دوای خوا و فریشتەکان، تۆش لە شاهێدیدەرانی... ڕێبواری ڕێی محەممەد و سەرجەمی پێغەمبەرانی.
بەندەی خودا وەک مەڕی ڕان، لە تاو لوورەی گورگ پەستە... لە تاو ورگ، ئەناڵێ وەک مارانگەستە... مەردی خوا بە، ڕامەوەستە... دە زوو هەستە... دەرمانێکیان بۆ بنوێنە، دەرمانی ڕۆح نەکوو جەستە.
ئەم ئوممەتە لاشەیەکە، بۆ ئەم لاشەیە تۆ سەری... ئەم شەریعەتە خەرمانە، دەی دوو شارا بنێ سەری... میحراب، مزگەوت، دوکانە، ئەم دوکانە تۆی لە سەری... بۆ فرۆشی کاڵاکانت بۆ ناگەڕێی بۆ مشتەری... لەم لافاوی دنیایەدا، مامۆستا تۆ ڕزگارکەری... فارغۆن پڕکە لە سەرنشین، شۆفێری شەمەندەفەری... دەریای قیامەت لە ڕێتدایە، لەو دەریادا، پوش نییە دەستی بۆ بەری... هەر کەس ئەو ڕۆژە گیربخوا، بە دوو چەپۆک قوڕ بە سەری.
گرنگ قەد و باڵات نییە... گرنگ کار و ڕشتەکەتە... ئەم ڕشتەی تۆ ئەمانەتە... خوا پەیمانی لێ وەرگرتوون... بیخوێنەوە ئەو ئایەتە.
لە شەتاوی ئەم قورئانە یەک شاجۆگەت هەڵکردووە، (قزڵجی) و (نامی) و (پێنجوێنی)... جێیان بۆ تۆ چۆڵ کردووە و میراتگری... لە گرووپی بانگەوازدا، ئەندامی یان لایەنگری؟ گیانفیدای یاخود لاگری... دەستی سەرووت پێ باشترە، یان فێری گیپە و مامری؟ وەک لە (ئەسرار)ی شەریعەت لە خەڵکی تر زاناتری... ئەی چەند لەوان داناتری؟
وای لەم کەشە بەهارییە، بۆ جوتیارێ دەناڵێنێ... خۆری گەرم و خاکی تەڕ و، هەوریش باران دەبارێنێ... وەک کەروێشکە تەمبەڵەکە مەبە، کیسەڵ دەیباتەوە! کەی لە (مەلحەمە)ی (خەیبەر)دا زانا پشتێن دەکاتەوە... شوان گەر ڕانی لە بەردا بێ، بە بێ خەم پاڵ ناداتەوە... قنوتێکی بێ کردەوە چۆن دەرگات لێ دەکاتەوە؟ با بزانی هەزار بەرتیل قەرزێکت بۆ ناداتەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=