[بە گوێزمان زانی گزگل بوو]
(مامۆستای ئایینی پارسەنگی بانگەوازە)
یاران سڵاو وەکوو باران، وای چەند پێتان دڵخۆشەبم... بەم ڕوخسارە شیرینانە ئەوەندەی تر پەرۆشەبم...
یاران ئێوە میراتگری پێشینی بەڕێز و چاکن... گۆشکراوی شیری پاکن... بەرپرسیاری گەل و خاکن... قەڵغانی پارێزەریانن... دەرمانی ساڕێژکەریانن.
ئێوە چاون... ئێوە سەرن... درەختێکن، چوار وەرزەکەی ساڵ پڕبەرن... میراتبەری پێغەمبەرن... سەربازێکی ناو سەنگەرن... شاگردی (قازی) ڕابەرن... دینپەروەر و گەلپەروەرن... چاوەڕێی چین؟ ڕامەوەستن هەڵمەت بەرن...
ئێوە شوانن... دەست بەشمشاڵ و گۆچانن... میللەت پەزن... مامۆستایان تو خوای مەزن... لێ مەگەڕێن گورگی دووپێ بیاندزن... دووپشک و مار بیانگەزن.
وەک ئیمامن، ئیمامی چرابەدەس بن... میهرەبان بن... فریادڕەس بن... بێ جیاوازی بۆ هەموولا خزم و کەس بن.
ئەو دادەیەی کە تارەبێ... ئەو لاوەی کە لە مەیخانە خومارەبێ... ئەو ڕۆڵەیەی لاسارەبێ... ئەو کەسەی بە دۆست نەناسین دووچارەبێ... ئەو درەختەی کە سێبەرەکەی خوارەبێ... ئەو میللەتەی کە تووشی شەماقی دەبێ و ڕۆژی بە شەوی تارەبێ... ئەرکی ئێوە گرانەکا... خەندە بە قوڕپێوانەکا.
ئەی نازانن تابلۆی ئیمان، ڕەنگی دەوێ... شانەی هەنگوین، هەنگی دەوێ... جەنگ، پێویستیی جەنگی دەوێ... تەرازوی ئەم بانگەوازە، مامۆستای پارسەنگی دەوێ.
ئێرە (شامی شەریف) نییە لایەک بکە بەولاتەوە... وا (سامیری) دەمێکە پیش دەخواتەوە... ماخۆلانی پێ کەوتووە بە(لات) و بە (مەنات)ەوە... ئەڵێ مەلا و ڕۆشنبیری؟ ئەو کاوێژەی (عەفلەق) کردی دەیکاتەوە... دین لە ژین جیادەکاتەوە... شیردا، بۆ داپیردا... پشیلە دەیەوێ داپیرە کلکەکەی پێ بداتەوە... هاوارەکا... ئەناڵێ شین و زارەکا... فریاکەون دین هاتەوە... دین زوخاوی جەرگیانە... پەلەقاژەی مەرگیانە... خەڵکی زانی یارۆ نەخشەی چەندین ساڵە... کاڵەک نییە گڕکەتاڵە... نەخشەکەیان هەڵوەشاوە، ئەڵێی کورتانی (دەجاڵ)ە.
بینیتان چۆن (تونس) فەرشە کۆنەی تەکان... تەخت و بەختیان بەو دیکتاتۆرە هەڵتەکان... وا چەوساوەی چەندین ساڵە کەوتنە تەکان... گوێتان لێیە درووشمەکان... (تف لە ئامون، تف لە بت و بتخانەکان... ئەی فیرعەون، ئەی کەللەپوت... وشک بێ داری ژەقنەمووت)... جا بڕوانن بتتاشەکان... قوڕ ئەپێون بۆ دامەکە و بۆ داشەکان... وا (ئۆباما و ئێهود باراک) دەگرین بۆ جاشە باشەکان.
تاکەی ئوممەت زەلزەلەی بێ؟ چۆپی بادا و هەلهەلەی بێ؟
فەرمایشتی عەلمانییەت قسەی زل بوو... بە گوێزمان زانی گزگل بوو... داخی جەرگم، هێشتاکوو لەم گەل و هۆزە... زۆر کەس هەیە بە گزگل هەر ئەڵێ گوێزە... مامۆستایان زانیتان گەل بۆ کەساسن؟ هەندێکیان تێناگەن، کاسن... دە گوێزیان پێ بناسێنن... با خۆیان گزگل بناسن.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=