[بۆ تۆ ناشێت تۆ ڕابەریت]
(یاداوەرییەک بۆ مامۆستایانی ئایینی)
برای زانا! سڵاو سڵاو... بۆنی سڵاو عەتر و گوڵاو... سڵاو لە ناخ، لە ڕوخسارت... لە گەشتی دێهات و شارت... لەو دڵەت پڕ لە تاسەیە، لە مینبەر و لە وتارت، خاوەنی ئەرکی پیرۆزی... میهرەبانی، دڵبەسۆزی... دەلیلی ناو گەل و هۆزی... پلەت بڵند و سەنگینە... بەخ! هەزار بەخ! لەو نگینە... بەخ! لەو حورمەتەی تۆ هەتە... بەرەکەتە... وا نەزانی لەبەر قەد و قیافەتە... هەمووی فەزڵی شەریعەتە.
بەڵێ، هەرکەس پلەی هەیە، مایەی هەیە... بەڵام چەتر و سایەی هەیە... جا بزانە سایەداری؟ سایەت بڵێسەی ئیمانە... ئارامی ناو دڵەکانە... دەستگرتنی بەندەکانە... ئیمامی نوێژ و ژیانە.
هەرچەند زانا ئەرکی قورس و ڕەتبڵاوە... سەرە، چاوە، خۆرەتاوە... شۆڕەسوارە... خوێنی دڵ و شادەمارە... تیماری دەرد و ئازارە... سوێند بەو خوایەی هەر خۆی خوایە... گەر لەم ئەرکەی بێتە دواوە... بەها و نرخی لەدەست داوە... چەند قەبە بێ، تەنها ناوە... هەڕەشەی خوای بە دوو نموونەی دڵتەزێن لێ کراوە... هەر کەس لای خوا بێئەرزش بێ، داواڵێکە و تەنها بۆ پاسی چۆلەکە هەڵکراوە.
برای زانا بەیعەتێکە و بە خوات داوە... ماڵ و گیانت فرۆشراوە و مۆر کراوە... بەهەشت لە باجیا دراوە... تا ڕۆح لە جەستەتدا ماوە... لە دنیا و دینی ئەو گەلە بەرپرسیاری... کام گەل؟ گەلی نەحەساوە... کە تاساوە... بە شرینقە بەنج کراوە... خوێن لێی ئەتکێ لە سەد لاوە... ئەناڵێ بەو ژانانەوە... کاکی زانا خەو بەسەر چوو... فەرموو ڕادە مەیدانەوە... کێ وەک (ناسر) لە خەو ڕابوو... سەدان خەوتووی بوژانەوە... وازبێنە لە بیرە بیرەی پاڵدانەوە... وەک پیر لای ئاگردانەوە... وای لەو شوانەی کە ناچێ بە لای ڕانەوە... ڕانیش دابڕدابڕ بووبێ بە جەنگەڵ و هەردانەوە... یەکێ بە کورتە شەڕواڵی کاروان لە ڕێ ئەوق دەکا... یەکێ تر بە (شەلم کوێرم ناپارێزم) جەیشی فاتیح تەوق دەکا.
برای زانا تۆ پزیشکی، چارەسەری... بزانە دەم بۆ کام باس بەری... کام زامەی گەل ترسناکە پێشتر دەرمان بخە سەری... تێکەڵ و پێکەڵی مەکە... گەر وابێ گەل، قوڕ بە سەری... کاری بێ نەخشە و بەرنامە بۆ تۆ ناشێ تۆ ڕابەری... تۆ شۆفێری نەفەر بەری... ئەبێ بزانی سەرنشینی ئەم (پاس)ەی خۆت بۆ کوێ بەری... بەهرەیەک خوا بە تۆی داوە، کەس نییەتی مرۆ و پەری... زەڕەنگەری... عەترفرۆشی، خاوەن سەد عەتر و عەنبەری... دەی بۆ بازاڕەکەی ئیسلام چەند کەس دەکەی بە مشتەری... بەرەو بەهەشت ئەیخەیتە ڕێ و، گوڵ ئەدەی لە تەوقی سەری.
(ئەحبار و ڕوهبان)ی پێشوو، گەڕان لە دوای تیکەی چەور... پاشا وەکوو داشی دامە بە ئەوانی دەدا دەور... تۆ بۆ قەلەندەری زەمان... ئامان، ئامان... سێبەر نەکەی وەکوو هەور... جەریمەی بۆ نەشەرعێنی، نەبیە داری کلکەتەور.
برای زانا ئەو کەسەی بە تەنیا بژی... بە کێ بڵێ بمرێ و بژی... عەللامەی یا تازەکاری... گەر لەناو شانەدا ڕیز بووی... هەر وەکوو دانەی هەناری... جا دەبییە دەنکە مرواری... جۆگەلەی سەر بە ڕووباری... ماڵی گەڕەکێکی شاری... ڕامەوەستە لە دوورەوە... گەر شانەی هەنگوینت دەوێ، فەرموو وەرە ناو پورەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=