[توانیت دایکەپێغەمبەر بیت]
(پەیامێک بۆ دایکان)
دایکە ڕووناکی ماڵمی... تۆ ئەرخەوانی ئاڵمی... تۆ یەکەم مامۆستای من و خەرمانی ڕەنجی ساڵمی.
ئاڵام بە تۆ شەکاوەیە... کەپرم بە تۆ کەژاوەیە... ماڵم بێ تۆ کەلاوەیە... چرام بێ تۆ کوژاوەیە.
ئەو پەنجەیەی پێی دەنووسم... ئەو چاوانەی هەڵیاندێنم... ئەو قاچانەی کە پێی دەڕۆم... ئەو دڵەی تورومپای خوێنم... دایکە ڕووناکی چاوانم... لە دوای خوا لە تۆی دەزانم... چاولەبەری هەموویانم.
تۆ مەشخەڵی، تۆ پەیامی... تۆ دایکی و مامۆستامی... تۆ سەلامی... تۆ کەلامی... تۆ پەنامی... تۆ چارەسەر و دەوامی... تۆ چاویلکە و تۆ چرامی... لە دوای خودا تۆ هانامی.
دایە گیان شەرمە گەر بڵێم... گوێ ڕابگرە با پێت بڵێم: بەری چاوت با تەم نەبێ... ئەرکی خۆتت پێ کەم نەبێ... گەر نەتتوانی پێغەمبەر بی... توانیت دایکەپێغەمبەر بی... تۆ بووی لە ئامێزت گرتن... فێرت کردن... وەک مامۆستا ڕاتهێنان و بۆ مەزنترین ئامانجی ئەم ژیانە ڕێت پێ گرتن.
کە یەکەمجار قورئان لە بۆ پێغەمبەرمان نێررایە خوار، زۆر سەنگین بوو، خۆی ڕانەگرت، لە غارەوە ڕێی ماڵی گرت، خەدیجە هات بە لایەوە... ژیرانە دڵی دایەوە... تاکوو ئەرکە سەنگینەکەی، سانا ببێ بە لایەوە... یا خوا! خوا لێی ببێ ڕازی... لێی نەگەڕا بە بێنازی... بەم کۆڵی بانگەوازەوە... ئا بەو هەوراز و هەردەوە... بە ماڵی خۆی، بە گیانی خۆی، فیدای ئەو بوو، هەر لە سەری دەکردەوە... ڕۆژێک بیانوی پێ نەگرت و، جارێک ساردی نەکردەوە.
تۆش دەتوانی وەکوو ئەو بی... وەک (ئاسیە) فیداکار و، وەک (خەدیجە) بە پڕتەو بی.
دایکی ئازیز! گەر دەتەوێ گۆڕی تارت، ڕووناک و گوڵ و گوڵزار بێ... گەر دەتەوێ کارەکانت قبوڵی پەروەردگار بێ... ئەم ئاواتە ئازایی و هیممەتی دەوێ... دەی قۆڵی مەردی لێهەڵکە و زوو لێنەوێ... با ئەم پەیامە سەرکەوێ... با خۆری ئیسلام هەڵبێت و لە ئاسۆی ڕوونا دەرکەوێ... وا خەڵکی یوسف دەکڕن، با تۆش وەکوو داپیرەکە، ناوی مشتەریت بەرکەوێ.
با دڵەکەت بۆ بانگەواز هێلانە بێ... با ماڵەکەت بۆ قورئان قوتابخانە بێ... ڕۆڵەت هاندە با لە دەوری چرای ئیسلام پەروانە بێ.
چاک بزانە ئەو ڕۆڵەت کە دینپەروەرە... کە شاگردی پێغەمبەرە... لە دنیادا ڕێزت دەگرێ... لە سایەیدا دەڵێی ئۆخەی، وەکوو دارێکی پڕبەرە... کیژۆڵە ئیماندارەکەت، ئاڵتونە، دوڕڕە، گەوهەرە... لە قیامەتیش شانازییە لە خزمەتی پێغەمبەرا.
جاران ماڵمان ئاوەدان بوو... زایەڵەی وانەی قورئان بوو... باسمان هەر باسی ئیمان و هەر سەرگوزشتەی یاران بوو... هەوارگەی ماڵ و کەپرمان، جێگای پشووی ڕێبواران بوو.
ئەی دایە گیان! کوا ئەو تین و تاوەی جاران... کوا مەجلیسی زیکری یاران... تو خوا کوێڕا تۆزی غەفڵەت نیشتە سەرمان... کراسی مۆدێلی ئەمڕۆ، کێ هێنای و کردییە بەرمان.
تو خوا دایکان با ئەمڕۆمان وەکوو دوێنێ لێکەینەوە... ببین بە خۆر لە ئاسۆدا هەڵبێینەوە... وەک درەختێکی بەهاریی بژێینەوە... وەک چرۆی گوڵ بۆ بانگەواز بکرێینەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=