[کە دایکم مرد]
(دایکم، چیرۆکی هەموو ژیانم)
ئادەمیزاد کە میوانی ئەم دنیایە... تەمەنی کورت و کۆتایە... لەدایکبوون و مردنی زۆر خێرایە... تێ دەپەڕێ دەڵێی بایە... ژیانی وەک بەهاری پڕ گوڵ و گیایە... کەچی پاییزی وەک قیامەت خێرا ڕایە... هێندەی زانی لە خاکدایە... دوێ کۆڵبەکۆڵ، لە شیوودۆڵ... ئەمڕۆ هەواری چۆڵوهۆڵ... قەنەفە و هۆڵ، گۆڕا بە خۆڵ.
ئادەمیزاد لەم بەهارە دوابڕاوە... وەچە و باوان لە دوو لاوە دەوریداوە... قەد لەسەر ڕەگ ڕاوەستاوە... بە پەل و پۆ داپۆشراوە... مرۆڤ قەدی ئەو دارەیە... ڕەگەکەی بابە و دایەیە... گەر ئەو دوانە چوارگۆشە بن، سێ گۆشەیان هیی دایەیە... دایە لە دوای خوا سایەیە... گەنجینەیە، دەسمایەیە... ئەو مامۆستای یەکەم بەستەی لایلایەیە.
وای ئێمە چەند کپ و کاسین... تا دایە نەمرێ نایناسین... خۆ دایکی من تەمەندار بوو... قاچشکاو و دەستبەدار بوو... کەچی کە مرد، کسپەیەک هەڵیچۆقاندم... خەمی بە سەرا باراندم... وا گوڵی دڵی ژاکاندم، پاییزم هات، گەڵام وەری... دەریای مێشکم تاساندمی بە شەپۆلی یاداوەری... وامزانی منداڵ بوومەوە... چوومە تەمەنی زوومەوە... ئەو کاتەی کە شیری ئەدام، بەرگی دەکرد بە بەرمدا... لە باوەشیا ئەیخەواندم و ڕایئەکێشام لە جێگایەکی گەرمدا... لێفەی ئەدا -بە ئەسپایی- بە سەرمدا.
دایکێکی دڵسۆزم بوو... هانا و، هەم چارەدۆزم بوو... چاودێرم بوو، قوربانم بوو... نەمام بووم، باخەوانم بوو... قەڵا بووم، پاسەوانم بوو... من گەشتیار بووم، ئەو کوێستان و گەرمێنم بوو... کە سەرما یان گەرمام دەبوو، هەتاو و باوەشێنم بوو... لە هەنسک و گریانمدا دەنگی ئەو خەمڕەوێنم بوو.
ئەی دایە گیان! پەروانەکەی ژیانی من... ئەی (چامە)ی ناو دیوانی من! هاوکارم بووی تا تێبگەم... دەسبارم بووی تا پێبگەم... تێرکردنم... شۆردن و خاوێن کردنم... هەڵگرتنم... ژیرکردنم... شەقشەقە و یاریکردنم... لوت سڕینم... ملیوانە چاککردنم... (گیان)ی تۆ بۆ بانگکردنم... تا قژ بۆ شانەکردنم... وشە و ڕستە فێرکردنم... نینۆکی پەنجەکردنم... قۆپچەی کراس داخستنم... تۆ دارەدارەت پێ کردم، پێت پێ گرتم... چەندەها یاریت فێرکردم... تۆ بۆ قوتابخانەت بردم... فێری پارە و پارووت کردم... هێندەت چاکە لەگەڵ کردم، تۆ نەبوویتایە دایە گیان یان بێناز و داماو ئەبووم یان ئەمردم.
بۆچی من هەر ئەم لاوە بووم؟ ئەم پیاوە بووم؟ یان سەرەتا مەلۆتکە بووم... بێچویەکی زەڕنەقوتەی داماوە بووم... لە پەڕۆوپاڵی بێشکەدا پێچراوە بووم... نە تیکەم بوو، نەبانگ و نە هاوارم بوو... نە فیکەم بوو، نە توانای پەلامارم بوو... نە دانم بوو، نە ئارەزووی نان و گوێز و خەیارم بوو.
کە دەکەوتم بەسەر دەمدا، تۆبووی وەرتدەگەڕاندم... لیکەکەی دەممت دەسڕی، سەر و پشتت دەخوراندم... مەلەت ئەدام، دڵۆپدڵۆپ میوەت لەدەم دەتکاندم... بەدەست هەڵت دەپەڕاندم... خاڵە و مامە و کاکە و دادەت پێ ناساندم... نەم ئەتوانی مێشێک لە دەمی خۆم دەرکەم، بیجامەکەی خۆم هەڵکێشم... دانیشم، یان خۆم ڕاکێشم... لەو توڕە بم، بەوا کێشم... گەر عەیب و عارم دەرکەوت خۆم داپۆشم.
بۆ ئازار و سەرشکانم... سەد جار ئەبووی بە قوربانم... بۆ سەرما و کۆڵنجەکانم... هەوریت ئەگرتە ناوشانم... کە دەچووم بۆ قوتابخانە، خەمخۆر بووی بۆ جانتای شانم... قەیتانی پێڵاوەکانم... قەڵەم و پارەی گیرفانم... جا ئامۆژگاریت دەکردم... تا دەرگا بەڕێت دەکردم... من خنجەخنج ئەڕۆیشتم و، هەتا لە چاوت ون ئەبووم، ئەوەستای سەیرت دەکردم.
هانایەکی بەجۆشم بووی... چاودێرم بووی، پەرۆشم بووی... مامۆستای نازفرۆشم بووی... دەوای لاشەی نەخۆشم بووی.
تۆ فێرت کردم نان بخۆم... دەست و ڕوخساری خۆم بشۆم... بێم و بڕۆم... وا متمانە بکەم بە خۆم، کە گیر نەخۆم... پێت دەوتم: (ڕۆڵە قەزات لە من کەوێ... مەرگی من پێش مەرگت کەوێ).
دایە گیان! لە بیرم ناچێ هەواری ژوور و ماڵەکەت... ڕوخسارە جوانە کاڵەکەت... هەوری سەر و دەسماڵەکەت... میوەی جوان و چەرەس و قۆری و پیاڵەکەت... نزاکانی چێشتەنگاو و شەوانی سەر بەرماڵەکەت... ڕۆژووی سوننەتی ساڵەکەت... جارجارێکیش نەخۆشی و ناڵەناڵەکەت.
بیرم ناچێ ژووری ئاوا بە میوانت... کڕنۆشی شەونوێژەکانت... وتە ناسک و نەرمەکانت... گەردنئازادیی جەژنانت... کە لە مزگەوت دەهاتمەوە، سڵاوێکم لێ دەکردی... دەستەکانم ماچ دەکردی... جەژنم لێ پیرۆز دەکردی... وای چەند دڵخۆشت دەکردم... کە دەستت لە مل دەکردم... تۆش جەژنت پیرۆز دەکردم... گەردنت ئازاد دەکردم.
بە ویستی خوا لە پیریدا نەخۆشییەک ڕووی تێکردی... سوپاس بۆ خوا پێی نەمردی... بەڵام وا بێ توانای کردی، ساڵەهای ساڵ لە گەشت و گەڕانی کردی.
بە دەورتدا هەڵدەسووڕام... بۆ شیفا و عاقیبەت خێریت هەڵدەکوڕام... پێم دەوتی: (خزمەتت بۆم شانازییە... تۆ ڕازیکەم خوا ڕازیە... ئەگەر تا قاچم سڕ دەبێ لە خزمەتتا بەپێوە بم... سەد جار بۆ دەرمانێکی تۆ بە ڕێوە بم... گەر کۆڵکێشی بەردی ئەو شاخ و کێوە بم... تاکوو تۆ لێم ببی ڕازی... تا نەتبینم بە بێنازی، بەختەوەرم... پێڵاوی تۆ لەسەر سەرم).
دڵم لێی دابوو کە دەڕۆی... شیرین بووبووی بە لامەوە... سوێند بەو خوایە، بە حەڤدە ساڵی نەخۆشیت نەبێزرابووی بە لامەوە... تۆ ڕووناکی ژیانم بووی... سێبەری ڕەشدەوارم بووی... تۆ پێوەری ئیمانم بووی... گوڵزاری نەوبەهارم بووی... ڕووناکی هەردوو چاوم بووی... خوێنی ناو شادەمارم بووی.
خەجاڵەت خۆم کە سەرقاڵ بووم... کەم لە ماڵبووم... ئەرکزۆر و تەنیاباڵ بووم... مامەخەمەی هەزار ماڵ بووم... خاوەنی ژن و مناڵ بووم... وەک پێویست نازم نەکێشای، بۆ خزمەتت کرچ و کاڵ بووم.
کە دەتزانی دەچم بەرەو سلێمانی... بۆ چەند شت ڕاتدەسپاردم... بۆ سەردانی خزم و کەسوکار دەتناردم... فەرمانتم بەجێ دەهانی... هەرچیت فەرموو بوو دەمهانی... چاک دەمزانی، بە هاتنەوەم شادمانی... چاوەڕوانی هەواڵی خزمان بزانی... کە بۆ ماڵ دەگەڕامەوە... تاوێک لەلات دەمامەوە... بە بینینت وەکوو گوڵ دەگەشامەوە... چایەکت بۆ تێ دەکردم، بە جارێ دەحەسامەوە... (ئێ ڕۆڵە گیان! کوێ چووی؟ کێت دی؟ چیت هێناوە؟)... لە نووکەوە لە خزمەتتا هەموویم دەگێڕایەوە... چۆن لە ماڵەوە دەرچوو بووم... لەگەڵ کێدا و بەچی چوو بووم... بۆ کام ماڵ و کام جێ چووبووم... (ڕۆڵە گیان دەک ئافەرینم... یا ڕەبی مەرگت نەبینم)... ئەمن (گوڵ) بووم، (نزا) کانت ئاودانم بوو... بۆ چەند (بەڵا) قەڵغانم بوو... (ڕەزامەندیت) نەجمە و مەدالیای شانم بوو... سەربەرزی ڕۆژەکانم بوو... ئاسوودەیی شەوانم بوو... ڕەزامەندی تۆ دایە گیان! نهێنی بەهرەکانم بوو... بەرەکەتی گیرفانم بوو... کەفارەتی تاوانم بوو.
ساڵی 2010بوو، کات بەهار بوو... ڕۆژی 21/4 بوو... ڕێواس و مەنێی کوێستانم بۆ هێنابووی... لام دانابووی... دەستت لەناو دەستمدا بوو... جەڵتە لێی دای ژاکاندتی... زۆر هاوارم کرد دایە گیان! وەڵام نەبوو، وەستاندتی... حەبەکەم خستە ناو دەمت، چاوت نیشت و خەواندتی... وەک مەل فڕیم بۆ چارەسەر... ڕێی چەند دکتۆرم گرتە بەر... دوای نۆ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەرمانکردی... لە ماڵ جێمان بۆ خۆش کردی... بە هەموومان هەرچی کرا بۆمان کردی.
کە ئەمبینی لێوبەباری... زەبوون دیاری... نەخۆشییت، نییە تیماری... چەند بێ حاڵی... چۆن دەناڵی... ڕائەوەستام بەلاتەوە... ملم ئەنا بەلارەوە... فرمێسکەکان بە ڕوومەتما دائەچۆڕانە خوارەوە... من ئەگریام، تۆ ئەتڕوانی... ئەتویست بڵێی ڕۆڵە مەگری... ئاگام لێ بوو نەتئەتوانی... کە ئەمزانی نابێ بگریم، گریان دڵت ئازارەدا... ڕووم ئەچەرخان بەو بارەدا... خەجاڵت خۆم، تازە فرمێسکم دەسڕی و لە چاوی تۆم حەشارەدا.
سێ مانگ بەو حاڵە مایتەوە... لەپڕ ڕۆژێک بۆ دوایین جار دارایتەوە... چرایەک بووی کوژایتەوە... بەرەو قیامەت گەڕایتەوە... مەلی ڕۆح لە قەفەس دەرچوو، تەنها بە جەستە مایتەوە... بەدەستی خۆم کفنم کردی... بەرەو مزگەوت بەڕێم کردی... لەگەڵ دۆستان هەموو نوێژمان لەسەر کردی... بەرەو مەنزڵی بەرزەخت بۆ دواجار بەڕێمان کردی... ئۆغرت خێر دایەی دڵپاک... لە خاک هاتی و چوویتەوە خاک... فریشتە گیان! وەریبگرە... دایکەزەوی! بۆ ڕۆژی خۆی هەڵیبگرە... ئینشائەڵڵا ئەو ناو گڵە... باخچەیەکی پڕ لە گوڵە.
ئازیز هەتا دایکت ماوە... هەتا ڕووی وەرنەچەرخاوە... سەد جار ببە بە قوربانی... پێشکەشی کە، هەرچیت توانی... پوڵ و پارە بۆچی باشە، ئەگەر نەیدەی بە دەرمانی... بە چاویلکە و بە گۆچانی... گۆشت و میوە و ئاو و نانی... نەکەی ئامان، بەگەوجێتی و بەنەزانی... ملت بادەی لە فەرمانی... باڵی میهرەبانی ڕاخە، با قاچی بنێتە بانی... گیانی شیرینیش فیداکەی تەواو نابێ قەرزەکانی... شوێنی خۆتت لێ تێک نەچێ... ئەگەر شوانی، ئەگەر خانی... وای لەلای پێڵاوەکانی... (بەهەشت لەژێر پێی دایکە) مەگەر نەتبیستووە، نایزانی؟
بڵێ دایکە ئازیزەکەم! گەزیزەی دەم پاییزەکەم... پێم پیا بنێ، ڕێگام، پردم... دەستت دەگرم، وەک چۆن دوێنێ دەستت گرتم... بە کۆڵ سەد جار هەڵتدەگرم، وەک بەباوەش هەڵتگرتم... خزمەتکارم، وەک چۆن تۆ خزمەتت کردم... من نەونەمامەکەی زووتم... کۆرپەی بە شیر گۆشکردووتم... گەر خوانەکا بتڕەنجێنم، کەللەپوتم، مردوویەکی ناو تابووتم.
بڵێ دایکە ئازیزەکەم! بە ڕووی تۆدا هەڵناشاخێم، ئۆفێک ناکەم... پەروەردەی ئەو دینە پاکەم... دایکە! داری پڕبەرمی... سابات و هەم سێبەرمی... ڕەز و باخ و دێبەرمی... تۆ تاجی لەسەر سەرمی... وەسێتی پێغەمبەرمی... بۆ ساغی و ناساغی ئیمان پێوەرمی.
با بزانی، ئەو دارە، تۆ وەچەی ئەوی... نەکەی قسەی پێ ببڕی... نەکەی لە ڕێ پێشی کەوی... پەرۆش بە بۆ ڕۆژ و شەوی... بۆ نان و جل و جێی خەوی... ئەگەر گەورەی، ئەگەر لاوی... وا نەزانی قارچکێکی هەڵتۆقاوی... نۆ مانگ بە سک هەڵگیراوی... بە کسپەی ژان دانراوی... بەشیری ئەو گۆشگراوی... هەزاران جار داشۆراوی... نەکەی پێی بڵێی (ساویلکەی، وەی دایە تۆ چەند داماوی)... ئەو داماوبێ، تۆ داماوی، داوەشاوی... ئەو بڕەنجێ، تۆ لای خوا و خەڵک بەدناوی.
هەر بەڵێ بەسەر چاوت بێ، هەر (دایە گیان)ی پێ بێژی... گەر وا نەکەی، خوانەخواستە داخی خۆتی پێ بڕێژی... باخی دینت دەسووتێنی، بە خوا وەزیریش بی، گێژی.
هەتا ماوە قوربانی بە... سەد جار باڵاگەردانی بە... خزمەتکاری ژیانی بە... نەکوو لە پاشی مردنی... شین و زاری و باسکردنی... قوربانی و حەج بۆ کردنی... هاکا قەدەر دەرفەتی لە دەست دەرکردی... وەک من بێ دایکی کردی.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=