[سڵاو گەورەکوڕی ئادەم]
(بە بۆنەی سەری ساڵی هیجرییەوە)
لە مێژوودا، پێغەمبەران ڕابەر و دەستبەئاڵا بوون... پاک و سەنگین و باڵا بوون... گشت وەستا بوون بۆ یەک دیوار... هاتن بۆ یەک ئامانج و کار... هەموو گوستاخ و تازەدەم... ئاڵا لە ئەو دەدرا بە ئەم... تا نۆرە گەیشتە (خاتەم)... ئەرکێ قورس و کاتێکی کەم... کە لە (حەڕڕا)ی غار هاتە خوار... سووتا بۆ کار، هەر وەکوو شەم... سڵاو گەورەکوڕی ئادەم... هاتی مرۆڤ دەربهێنی، لە لیتاوی جەور و ستەم.
مەککەییەکان بە فێڵبازیی... کە بە کەعبەی ئیبراهیمدا دەیاننازی... ویستیان بە ئافرەت و پارە هەڵخەڵەتێ و ببێ ڕازیی... بەڵام نەک هەر نەبوو ڕازی، نەدەسرەوت... بینییان کاروانی ئیمان قۆناغ قۆناغ پێشدەکەوت... سەد تەڵەیان بۆ نایەوە تا تێیکەوێ... نەبادا ڕۆژێک سەرکەوێ... خۆر لە کەلدا دەربکەوێ... جڵەو لە دەستیان داکەوێ.
بۆیە بە توانجی ناشیرین... پڕوپاگەندە و پێکەنین... کوشتوبڕ و چاو هەڵکەنین... وەها تەنگیان پێ هەڵچنین... بە دڕک و داڵ دەوریان تەنین.
بێئاگابوون، دوا پێغەمبەرە نێرراوە... وەک تیغێکی تازەساوە... باخی گوڵە و لە گشت لاوە... ژنە، پیاوە، تازەلاوە... وەکوو هەنگ دەورەیانداوە... شۆڕشێکە وەک لافاوە... چرایەکە و هەڵکراوە... کێ فوو بکا لەو چرایە، چڕوچاوی پڕوزاوە.
دوای (13)ساڵ، لەو گەمارۆ و مشتومڕ و ڕێ تەنینە... نووری ئەم خۆرە بەتینە... پرشنگی دای لە مەدینە... پەککوو! لەو بەخت و نگینە... حکوومەتی دەستووریی دامەزرێنرا... بە (فتوحات)ی یارانی، ستەم کۆشکی ڕوخێنرا... لە ڕەگ و ڕیشە هێنرا... کە داباری فتوحاتی خێروبێری... گەلان یەک یەک، وەک ڕەشدەوار چوونە ژێری.
زیاد لە (1300)ساڵ... هەوری ڕەحمەتی ئەم دینە، گەواڵ گەواڵ... بەچەخماخە و بەناڵەناڵ... نەرمەبارانی ئەڕژان لە بۆ ژیان... بۆ سەر شار و دەشت و کەژان... دنیای کردە بەهارستان، هەمووی هەژان.
ناحەز وەک ماری بریندار... چزووی ژەهرینی هەزار جار لێ خستەکار... بۆی نەلەخشا... دوژمن لەو لاوە داکشا... ئەم هەڵکشا... خێر و شەڕ یەکیان ڕاکێشا... سەرەنجام وەک چۆن سولەیمان کرم عەساکەی بۆشەکا... بووینە پیاوە نەخۆشەکە... کە ئەو نەخۆشییە سوڵتانە بە جۆشەکە بێ هۆشەکا... ئیتر ناحەز لە (924)دا حوکمی ئیسلام خامۆشەکا.
ئاڵا لە دەستمان داکەوت... ئەو پێشکەوت، ئەم دواکەوت... دوژمن هەلی بۆ هەڵکەوت... بە چەپ و ڕاست تێمان کەوت... یەک یەک گەلانی ئیسلامی باریان کەوت... کەس لەسەر کەس هەڵنەقڕی و هیچی نەوت... کە ماڵەگەورەی نیشتمان بەشبەش کرا... وەک هەتیوی شانداچەکیو، ڕۆژمان بە جارێ ڕەش کرا.
(ئەتاتورک)ی باوکی دزان... بەشداربووی کۆنگرەی لۆزان... لە بازاڕی خۆفرۆشی خۆی ئەگەوزان... ئینگلیز پێی وت: (تاکوو هەلە... زۆر بەپەلە... ئوممەت بخەرە زەلزەلە... وتیان ئێمە پشتیووانتین، دەنگ هەڵبڕە... سک هەڵدڕە... دین لە دنیایان دابڕە).
کە (ئەتاتورک و ڕەزاشا) بوونە پاشا... بە لەعنەت بن... بەگەل لە دین کردیان حاشا... وەکوو پاقلە ئیسلامیان کرد بە ناو ئاشا.
ئاوا ئوممەت زەلیل کرا... وەک کەو لە قەفەس دیل کرا... دایکەئیسلامەکەی دوێنێی لەبیرکرا... بە مەمکی غەرب شیردرا... فێری تازەمۆدیل کرا.
فێرکرا وەک ڕانەمەڕێ... تینو کرێ، برسی کرێ... لەسەر مافی ڕانەپەڕێ... بە درۆ و فیشاڵی دەمتەڕێ... هەر هەڵپەڕێ و بڵێ بژی، بژی (هوبەل)... سەرکردەی گەل... هەرکەسیش وەستا لە دژی... وتی بمرێ، نەیوت بژی... وەکوو ڕابەر، وەک شۆڕشگێڕ... ناوی نرا ئاژاوەگێڕ... (قازی) نەمر، (شێخی پیران)، ئەم تۆمەتەیان بۆ کرا... لە کوردستانی هەتیوا دەوریاندرا... شۆڕشەکەیان کپ کرا... ئەمیان لێرە لە چوارچرا، ئەویان لە دیاربەکرا، لەدار درا.
زۆریان هانی... درەختی دین و ڕەوشتیان بە تەوراسێکی ژەنگاوی دادەهانی... نەک هەر ئەوە، گەرای دانا، تروکانی... (سەددام و حوسنی و سادات)یان لێ هەڵهانی.
فیرعەونەکان! تاکەی تیغمان لێ ئەساون؟ تاکەی بەری ژەقنەمووتمان بۆ ئەهاون؟ ڕەمز و (قائیدی ئوممە)ی چی؟ دەهۆڵی چەرم دڕاون... ئێوە گزگلی هاڕڕاون... دەعبایەکی فێرەڕاون، ڕاگیراون.
کەی زۆر ڕاستن وەکوو داسن... خوا ناناسن... لە ئاست ناڵەی غەززە و کشمیر، کەڕ و کاسن... وا فەلەستین ئەناڵێنێ... وەک کانی، خوێن ئەدەڵێنێ... کەچی سەرۆک (مەحموود عەباس) دڵی خۆشە... وەک ورچی لۆتی بەجۆشە... سەری بۆ (ئیهۆد باراک) لە کڕنۆشە... بۆ ئاشتی عەرەب ئیسرائیل، خەریکی نێرەبەدۆشە.
با ئیتر بەس بێ، پەتپەتێن... گەلان بۆتان ناخەڵەتێن... ئیتر ئوممەت ڕاپەڕیوە... وەک شێر چاوی هەڵبڕیوە... دیسان ئوممەت هەستایەوە... بۆ نەسری هیجرەتی دوێنێی گەڕایەوە... چاوەڕوانی یەک دەرفەتە... هاکا کەوتە دادگایی، خۆفرۆش و جاش و چەتە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=