[ئەی سەرداری پێغەمبەران]
(بۆ یادی مەولوودی سەروەر)
ئەی سەرداری پێغەمبەران! ئەی پێشەوای مافپەروەران... مادام خوا ڕەوانەی کردی... ئەم پەیامەی خەڵات کردی... بە ڕەحمەتی هەموو جیهان ناوی بردی... بۆیە سەرداری، سەروەری... ژیاندۆستی، مژدەدەری... نووری چاوی، تاجی سەری.
چاک دڵنیام ئەوەی لە تۆ دابڕاوە... ڕێگای ڕاستی لێ گۆڕاوە... خوا پەنابا، بەرەو دۆزەخ ملی ناوە... بەڵام ئەوەی کە تۆناسە... لەسەر ڕێگای ڕوون و ڕاسە... بەڕێزە شایانی باسە... وتەی گەوهەر و ئەڵماسە.
لە مەککەدا و لەناو وەچەی ئیبراهیمدا ئیختیار کرای... دوایین خشت بووی لەسەر کۆشکی پێغەمبەراندا دانرای... خاتەمیت و لەگەڵ هەمووشیاندا برای... تۆ گوڵێک بووی ڕوێنرای... چرایەک بووی کە هەڵکرای... بە بێنازی بەخێوکرای... لای خواوە چاودێری کرای.
ئەی مامۆستا! تۆ یارانت وا پێگەیاند... هەموویانت وا تێگەیاند... فریادڕەس بن... بەخیل نەبن بەم خێرەیان... بەڵێ یاران... کە لە مەدینە ترازان... بوونە دەرمان لە بۆ ژیان... بۆ ڕزگاری، نەک خوێنڕژان.
کە ئەوان هاتن ئەم کوردە، میللەتێکی دەسبەسەر بوو... شەڕی بێزەنتی و ساسانی، بۆ کوردستان وێرانکەر بوو... کوردی داماو یان سەرباز و خزمەتچی بوو... یان پاسەوان و تەتەر بوو... گرد و شاخمان پڕ لە ڕەبیە و لە مەخفەر بوو.
باپیرانمان باویان نەبوو... ناویان نەبوو... پەرچەم و دراویان نەبوو... ئەوان مافی خاوەنداریی کێڵگە و باخ و ئاویان نەبوو... موڵکانەیان لێ دەسەندرا... لە شارەزوور چەند گردیان پێ درووستکرا... بەردیان بۆ کۆشکی شاهانە و قوللە و قەڵاکان پێ برا... کورد بۆ بەرەی شەڕ دەبرا... گەر فیراری بکردایە وەکوو بەرخ سەردەبڕا.
کاتێ یاران بۆ فتوحاتی ئیسلامی، وەک بارانی ڕەحمەت باران... سوپای بێگانە و زۆرداران... هەموو تاران... باویان نەما وەکوو جاران... لە فارس و ڕۆم ڕزگار کراین... لە ئامێزی گەرمی ئیسلام پەنادراین.
یاران خاکیان داگیر نەکرد... بۆ یەک جار داوای پیتاک و باج و سەرانەیان نەکرد... کوردستانیان دا بە خۆمان... ئیتر بوینە خاوەن مێژوو پادشا و پەرچەمی خۆمان... لە کوردستان چەندین میرنشین دامەزران... وەکوو دۆستەکی و ئەردەڵان... بابان و جەزیرە و بۆتان.
کوردان زیرەک و وشیار بوون... لە سای ئیسلام و ئازادی، بۆ داهێنان دەستبەکار بوون... حەقی کۆن وەرگیرایەوە... ڕێی (تیجارەت) کرایەوە... حوجرە بویە قوتابخانە و فەقێی لێ جەم کرایەوە... قزڵجی و مەولەوی کوردان لە جیهان دەنگیان دایەوە... لە سای ئیسلام و ئازادی (سەڵاحەدین)ێک هەڵکەوت... بۆ سەندنەوەی قودسی پیرۆز نەدەسرەوت... کورد و تورک و فارس و عەرەب بە دووی کەوت... گەر پێش ئیسلام بێ ئەرزش و بابردە بووین... لە سای ئیسلام فریادڕەس و سەرکردە بووین... بەڵێ کورد قودسی گرتەوە... لە دوژمن پاکی کردەوە.
بۆیە لە ساڵیادی مەولوود، سەدان ئاهەنگ و کۆڕ دەگرین... لە خزمەتتا ئەی پێغەمبەر دەستمان لەسەر سنگمان دەگرین... کوردێکی دینپەروەر دەبین... هەتاکوو ئەو ڕۆژەی دەمرین.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=