[هەتا سەرخەوێکمان شکاند]
(بۆ یادی مەولوودی سەروەر)
ئەی گوڵێ! لە باخمانای... وەک بەفر لە شاخمانای... ئەی کەسێ لە ناخمانای... لەناو خۆزگە و ئاخمانای...
لە دوای چەند ساڵ وشکەساڵی... هەور بە گەواڵ گەواڵی... ئاسمانی مەککەی داپۆشی... بە چەخماخە و ناڵەناڵی... ڕەحمەتێکی وا داباری... ترس و برسێتی ڕاماڵی.
یاران بە باران ئاو دران... ئاڵتونێک بوون زاخاو دران... (ئەلیکترۆن) بوون تاو دران... بە (خَيْرَ أُمَّةٍ) ناو بران... کاتێ گەلان هانا دران... هەرچی بتە وەلانران.
یارانی تۆ، من من و تۆ تۆیان نەکرد... موڵکی خەڵکیان داگیر نەکرد... بە پێ یان بە وڵاخەوە... بە دەستی بە بەیداخەوە... ئیمانیان هەڵدا ناخەوە... ڕەونەقیان دا بە ئادەمی... تۆیان ناساند کە پێغەمبەری خاتەمی.
دینەکەی تۆ دار ئەرخەوان... گەلان بۆی بوون بە باخەوان... حاڵی کراین: (ئیسلام ئەمانەتی خوایە... لێپرسینەوەی لە دوایە... خوا نەخواستە بیکەین زایە، دووچارەبین، قیامەت بە سەرمانا ڕایە).
حاڵی کراین: (مرۆڤ میوانی دنیایە... مردن پردێکی ڕێگایە... ژینی قیامەت بێ کۆتایە... خودای تاقانە (أَلله)یە... دوای (مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ أَلله) پێغەمبەرێکی تر نایە).
ئوممەتی خێر وەکوو هەنگ و... خاوەن دەنگ و... خاوەن سەنگ و... لە زمان و لە کیشوەرا ڕەنگاوڕەنگ و... لە داهێنانا پێشەنگ و... خوا بۆی نووسین: (پارێزەری ئەو دینە بن... پابەندی ڕێی مامۆستاکەی مەدینە بن... برا و تەبا و بێ کینە بن... هەتا ئیسلام بێ ناز نەکەن، مامۆستای ئەم زەمینە بن).
بەڵام ئەفسوس، لە قۆناغێکی مێژوودا خەو دایگرتین... هەتا سەرخەوێکمان شکاند، ئاڵاکەیان لە دەست گرتین... کە جڵەویان لە ئوممەتی خێر سەندەوە... پێچراین بە کۆت و بە ندەوە... کەوتینە چاڵ و کەندەوە... ئێمە خەوتوو، ئەوان خەبەر... ئێمە لە شەو، ئەوان سەحەر... دوژمن وەکوو (يَأجوجَ ومَأجوجَ) هاتە دەر... غەزوی ڕۆشنبیری کراین، بوینە ئوممەتی بێ هونەر.
بە دەمی تەڕ... گورگ خۆی لێ کردینە مەڕ... ئافرەتیان لە تۆ دابڕی... تێیان خوڕی... وتیان: (داماو بۆ وا سڕی؟ هەوای سەربەستی بنۆشە... ئازادییە دەی بخرۆشە... بۆ چی دەنگت هەڵنابڕی، لایبە ئەو عەبا و سەرپۆشە... جلی تەسک و کورت بپۆشە... بۆ لە دیلی هەڵنافڕی؟ مۆدێل تەنوورە و سترێژە... کەی باوی جلی درێژە؟) بە تونێلی قولەی قافا –هاوار لە من– هەڵیانبڕی!
بەرەبەرە، بە بیری چەپ درا پەرە... بورجوازی و پرۆلیتاری، میللەتی کردە دوو بەرە... ئەمیان بنە و ئەویان سەرە... هەزاران لاو لە نوێژ و مزگەوت و مەلا، کران تەرە... گەل سەری لێ چەواشە بوو، وا تێگەیی، ئەم هەموو خوێن و برینە... خەتای دینە... ژیان تەنها بەو هەوایەی (کریملین)ە.
بەتۆپزی... پیرۆزی ئایینیان دزی... بە درۆ و بوختان و گزی -هاوار لە من- دین بازاڕی هاتە کزی.
وتیان بە گەنج: (هەتا کەی عەقڵت داخرێ؟ نوێژ و ڕۆژ و باوی نەما، بە دین ژیان پێش ناخرێ... ئەفەندی و دین نایانکرێ... عەرەق بخۆ مردوت مرێ).
تا گەنجی داماو کەوتە داو... بە فاکوفیک، بەچاوەڕاو... مشتێ خۆڵیان بۆ کردە چاو... بێدینییان تیا کردە باو.
بە قومار و بە سینەما... بە مەیخانە و زوڕنا و سەما... حەیا و حەرام باوی نەما... زنجیری مل... چاوی بە کل... مۆدێلی جل... دیسکۆ و قژی جیکی و دیکی، بە قسەی زل... داماو قلیان لێ کردە فل... وەک بەردی شاخ خستیانە تل.
پیلانێکی زۆر گڵاو بوو... ژەهر بوو بۆنی گوڵاو بوو... کە خەرمانی گەنجمان سووتا -هاوار لە من- سەرمان نوقمی ژێر کڵاو بوو.
ئیمان کز بوو لەناو دڵدا... جیهانی ئیسلامی بویە شەوی یەڵدا... پادشای وەکوو (حەمەشا) و (ئەتاتورک) سەریان هەڵدا... پاشای ملپان... خۆیان سەپان... لە جێی یاسا دەمی خۆیان کردە قەپان... قسەی درۆ و دەمی هەراش... یاسا بوویە بەرداشی ئاش... پارەی کاش دەکرایە شاباش... بۆ گەل حەرام، بۆ سەماکەر مفت و بەلاش.
ئەمان لێرە قەبرغەی میللەتیان گوشی... ئەوان لەوێ نەوتەکەیان هەڵدەلوشی... ئوممەت کاتێ بە خۆی زانی... چی بوو لە دەستیان دەرهانی... بە دوو چەپۆک دای بە سەریا، نە دنیای ما، نە ئیمانی... ئەمیشی چوو، ئەویشی چوو... بە جارێ ماڵی وێرانی.
ئوممەتێکی لەڕی داماو... قەبارە زل، بێ تین و تاو... کەفی سەر ئاو... لە کاروانی گەلان جێماو... تا خوا شنەی ڕەحمەتەکەی هەڵکردەوە... فووکرا لەو ژیڵەمۆیە، تا پشکۆکان گەش بوونەوە... ڕابوونی ئیسلامی هات و ئەم ئوممەتە قنج بوونەوە.
(بولعەزیز)ی چەخماخە بوو، دای لە دێوی قات و قڕی... بە کڵپە و بڵێسەی گڕی... ئوممەتی خێر وا ڕاپەڕی... دیواری بێدەنگی ڕووخان، سروودی ئازادی چڕی... ئەم پەنجەی ئاوا هەڵبڕی... خوێنی دا و سەربەستی کڕی... بە پاشای وت: (تۆ خودانی، عەبدێکی خائینی دڕی... عەمیلی، جاشی، سیخوڕی... تف لەو کراسە دێوجامەیەی کە بە باڵای منت بڕی.) وا (موبارەک)ی (شرم الشیخ) لە زنجایە خۆی و کوڕی... وا (قەزافی)ی زەنگە زەنگە، لەناو چاڵە زێرابێکا ورگیان دڕی...
هەر وەکوو قەومەکەی یونس، تەوبەمان کرد گەڕاینەوە... بە نزاکەی باوکە ئادەم، پاڕاینەوە... ڕێمان گرت بەو ئاراستەیە... کە ڕێی پێغەمبەری خودا و شاڕێی ئەو دینە ڕاستەیە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=