[بە دوعای ڕووت هیچ ناکرێت]
(بۆ سەری ساڵی کۆچی)
هەر کەس پێی وا بێ مرۆڤە، ئەبێ بەو چاوەی دەڕوانێ... ڕێگای بەردەمی ببینێ، جا پێ دانێ... نەک خۆی لە مردن گێل کات و چارەنووسی خۆی وەلانێ... وەکوو کەسێ هیچ نەفامێت و نەزانێ... خۆی دانێ بۆ ڕابواردن و پارووە نانێ.
ئەگەر ژیری دەست لە نیگا هەڵنەپێکێ، ڕێ ناپێکێ... لە سەحرای بوونا وێڵەبێ... نەخۆشی شەماقی دەگرێ و ئاوی ڕوونی لا لێڵەبێ.
خوداوەندی میری مەزن نیگانێرو ڕەنگڕێژی بوو... لە قوتابخانەی نیگادا محەممەد وانەبێژی بوو... ئەو بوو مامۆستای یاران بوو... میهرەبان بوو... نیگاش وەک نەرمەباران بوو... لە مەککەدا جڵەو بەدەست نەیاران بوو... قۆناغێکی پڕ (میحنەت) بوو... دووەم قۆناغ کە هیجرەت بوو، تەکان و هەوڵ و هیممەت بوو... بۆ ئازادی بانگەواز و چەسپاندنی شەریعەت بوو... بۆ بنیاتنانی مزگەوت و برایەتی و بۆ نووسینەوەی دەستوور و دامەزراندنی دەوڵەت بوو.
هیجرەت کۆچی کۆچەریان و ڕابەری ڕاستگۆ و ئەمین بوو... نەخشەی لە ئاسمان کێشرا و، کاری مرۆڤی زەمین بوو... ئەو تۆوەی لە مەککە چێنرا لێرە لە (یەسریب)دا شین بوو... ئەو هەنگەی شەیدای بینینی باخی نێرگز و نەسرین بوو... کە پوورەیدا، شانەکەی پڕ لە هەنگوین بوو.
محەممەد دوا پێغەمبەر بوو... وەک کەسی عەترفرۆش بوو... بۆنی میسکی وەحی پێ بوو... بۆ ساغکردنەوەی پەرۆش بوو... بانگی بۆ مافی مرۆڤ و بۆ ئازادی بیر و هۆش بوو... بۆیە شاگردی وەک مەلی بەهار لە جۆش و خرۆش بوو... قوڕەیش قەڵس بوو بە هەتاو، چونکە دەماغی نەخۆش بوو... کە قەتارەی هیجرەتی دی، پێی ناخۆش بوو... بۆیە زوو کەوتە تەگبیرێ... چاوی بڕیە نێچیرێ... نەیئەزانی ئەو نێچیرە سرکە و بە ڕاوچی ناگیرێ... ئەو داوەی کە بۆی هەڵدەدا قاچی خۆی تێ دەگیرێ.
هیجرەت دەڵێ بەم ئوممەتە... وا نەزانێ ڕێگا تەختە... ڕێگای ئیمان کووڕە، سەختە... هەرچەند تەنگی پێ هەڵچنرێ... خوێنی لە جەستە بچۆڕێ... وەک تەکتیکێکی مەیدانی دەکرێ سەنگەری بگۆڕێ... بەڵام نابێ هەرگیز بشکێت و بدۆڕێ.
ئوممەتێ بێ، ڕەتەڵ بات، خۆی بگرێتەوە... ئەگەر کەوتیش هەستێتەوە... چونکە کۆت و زنجیری پێ، ڕۆژێک دەبێ دەکرێتەوە... گەر شەوە، ڕۆژ دەبێتەوە... زستانە، بەهار دێتەوە... ئەو برینەی دەکولێتەوە و دەکولێتەوە... ڕۆژێک دادێ ساڕێژ دەبێ و ئازاری بیر دەچێتەوە.
هیجرەتە کە تێی گەیاندین، ئەگەر ئیسلام بێناز بکەین، خودا لێمان هەڵناگرێ... ماڵ و گیانی بە فیداکەین، بە دوعای ڕووت هیچ ناکرێ... دڵ بە داری زڕ خۆش نەکەین، درەختی زڕ بەر ناگرێ... بە بێ نوێڵی دەستەجەمعی، گابەردی ڕێ تل نادرێ... ڕەحمەت لەو شاعیرەی نووسی: (ماف گەر نەسەندرێ نادرێ).
بەڵێ هیجرەت تێی گەیاندین، گەر لە دین پاشگەز بینەوە... وەکوو تەور قاچی خۆمان دەبڕینەوە... مێژووی خۆمان دەسڕینەوە... زێڕ دەدەین و زبڵی خەڵک دەکڕینەوە.
تێی گەیاندین، ئەگەر زستان سڕی کردین، کە بەهار هات ڕابینەوە... زانکۆ و بازاڕ و پەرلەمان، گرێ بدەین بەم دینەوە... مادەم ئوممەتی (إقرأ) بین، لە ئەمریکا و لە چینەوە... بەری زانست بچنینەوە.
هیجرەت دەڵێ: لە هەر سەردەم و هەر شوێنێ... ئەم ئوممەتە واز لە پەیمانەکەی بێنێ... چاوی خەو زۆری بۆ بێنێ... لە کاروانی میللەتانا جێ بمێنێ... ئەسپی عەقڵی خۆی تاو نەدا و، لە کاردا خۆی نەڕەنجێنێ... نەوتی خواکردی بفرۆشێ و کاڵای خەڵک بۆ خۆی بێنێ... دەرزیەک بەرهەم نەهێنێ... کاربەدەستی وەک فیرعەونی کاتی موسا خۆی سەپێنێ... ئەمیش سەری دانەوێنێ... دین و نامووسی هەڕاج کەن، لە ترسا لێو نەبزوێنێ... زاڵمیش هەر باری لێنێ و بیڕەتێنێ... ئەو ئوممەتە ئەبێ کاری هەر کورت بێنێ... هەر بڵێ خۆزگەم بە دوێنێ.
گوێبیستی فەرمانی خوا بن، بە (ڕاوێژ) ڕاسپێررابن... بەڵام ئەمان ئاوا نەبن، خەڵک وا بن... شایانن ئەبێ لە دوا بن... پاشای گەمژە هەرچەند ستۆک و سوابن... هەر وەکوو نوێنەری خوا بن... لەسەر کورسی دانەبەزن، وەکوو ڕوابن... گەر (حافز)ی لەعنەتیش مرد، (بەششار)ی وەک بەچکە گورگی لەجیاتی بێ... کورسی باوکی میراتی بێ... تۆماتیکی خەڵاتی بێ... هەر وەکوو لەو وڵاتەدا پیاو قاتی بێ... ئامادە بێ وڵاتێ بە خوێن سوور بکا، بە مەرجێ خۆی نەجاتی بێ.
بۆیە هیجرەت هەر وەکوو ئاراستەی نەخشە... ئیلهامبەخشە... ئیلهامیدا ئابەم میللەتە بێ کەسە... وەکوو ئاگر بڵێسەی سەند، وتی پاشا ئیتر بەسە... تف لە (بەڵتەجە) و (شەبیحە)... کە پاستانەکا و حەسحەسە... بۆ ئەوەی هەڵکاتە میللەت، تەنها یەک (دەیکس)ی بەسە... خۆی شاباشی مسۆگەر بێ چ دەربەسە... ئەم ئوممەتە هەستایە پێ، وتی پێیان ئیتر بەسە... کورسی تاپۆی باوکتان نییە، ئیتر کاتی دەساودەسە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=