[سڵاو بە سەرتدا بێتە خوار]
(بۆ یادی مەولوودی سەروەر)
کوردم لە کوردستانمدا... لە زێدی باپیرانمدا... لەناو دۆست و یارانمدا... شادیمە بۆ هاتنە دنیای پێغەمبەرم... چاوساغ و ڕێنیشاندەرم... خاوەن میهری گەرم و نەرم... گەنجینەی پڕ لە گەوهەرم... کە دەستی ڕێزی نا سەرم... لە سای خواوە ڕێی بەختیاری هەردوو دنیای خستە بەرم.
کە منداڵ بوو، بێ باب، بێ داک، بێ لانە بوو... تاقانە بوو... فرمێسکی چاوی دانە بوو... لای ئەو ماڵە خزمانە بوو... کاتێ لاو بوو پەروانە بوو... لای هەمووان جێی متمانە بوو... کە وەحی هات بە نوێنەری پەیامی ئەو ئاسمانە بوو... دوایین ئەڵقەی ڕشتەی پێغەمبەرانە بوو... مامۆستای ئەو یارانە بوو... پۆشاکی هەژارانە بوو... ژیانی هەمووی وانە بوو... دژی بیری ئەفسانە بوو... دۆستی خزم و بێگانە بوو... ڕزگارکەری ئێمەی کورد و ئەم خاکی کوردستانە بوو.
(اِقْرَأْ) یەکەم پەیڤی قورئان، چارەسەری نەزانی بوو... مەشخەڵی شارستانی بوو... کلیلی ئاوەدانی بوو... نیگای قورئان موعجیزە بوو... سەرسامکەری دوژمن و ناحەزانی بوو... ڕەببانی بوو... پەیامێکی جیهانی بوو... محەممەدێک نوێژ ڕووناکی چاوانی بوو... مۆری پێغەمبەرایەتی لەسەر تەختی ناوشانی بوو.
ئیسلام باخ و ئەو باخەوان... باخ چی؟ پڕ لە گوڵ ئەرخەوان... (سەعد و سەعید، حەمزە) و ئەوان... (بیلال، کاوان)... ژنان، پیاوان... پیران، لاوان... فیدایان کرد ڕۆحی ڕەوان... وای لە ئێمە و وای لە ئەوان... خۆیشی سادە هەر وەک ئەوان... بێ دەرگاوان، بێ پاسەوان... لە جێی پۆست و مووچەی چەور، مژدەی بەهەشتی دا بەوان.
ئەی پێغەمبەر شای خەڵاتم... خۆم لێرەم بە دڵ لە لاتم... بەستەی گەرمی سڵاواتم... بانگ و قامەت و تەحیاتم... شاهێدن تۆ پێغەمبەری... ترسێنەری، مژدەدەری... شادیهێنی، خەملابەری... دارێکی خاوەن سێبەری... پڕ لەبەری... لە هەردوو لا، سەر لەبەری... تۆ ڕابەری، تاجی سەری... کاڵای بەهەشتت هێناوە، تۆ فرۆشیار، من مشتەری... ئەی دەلیلی بەختەوەری... نێررای بۆ ئادەمی و پەری... کە پێیان وتی (ئەبتەر)ی... خوا فەرمووی نا، خەڵاتکراوی (کەوسەر)ی... خوا جبریلی ناردە سەری... تا کێ سڵاواتی لێ بات، خوا سڵاوات بات لە سەری... کاپتنی کەشتی نەجاتیی، لە تۆفانی دەردیسەری... هەرکەس نەیەتە ئەو کەشتییە... خاک بەسەری... خاک بەسەری.
لە تۆ فێر بوین، هاوسێ خزم، نەخۆش ڕێبوار... هەتیو و میوان و هەژار... کۆیلە و قەرزار... باوک و دایک، پیری داماوی دەستبەدار... منداڵ، ژنمان، تا مردنمان... حەقیان هەیە لە گەردنمان... فەرمووت گەر دڵیان ڕاگرین... ئەوسا دەبین بە چاکترین.
جا دادە بین، یاخود کاک بین... ئەبێ چاک بین... بەندەی خوداوەندی تاک بین... لە غەیری خودا بێ باک بین...
داوێن و دەست و دەم پاک بین... لاواز و ترسنۆک نەبین... ئازا و دلێر و چالاک بین.
فەرمووت پێمان: یەک مەکوژن... خوێن مەمژن... عەیب و عاری یەک داپۆشن... مەی حەرامە، قێزەونە، حەڵاڵ زۆرە لێی بنۆشن... بۆ ئەو بەهەشتە تێکۆشن... ئەم دنیایەی پێ بفرۆشن... پۆشاکی تەقوا بپۆشن... تا سەر نابێ دنیای ڕۆشن.
لە تۆ فێر بووین، نەبینە داردەستی زۆردار... لە گوند و شار... دۆست بین بە خەڵکانی هەژار... بۆ میللەت بین بە خزمەتکار، نەک بە سەربار... قسەمان بکەینە کردار... تێشوو بەرین بۆ گۆڕی تار... بازومان بۆ نانی حەڵاڵ بخەینە کار.
لە تۆ فێر بووین ئەو کەسەی کە لێپرسراوبێ... نابێ هەر بۆ مووچە و ناو بێ... ئەبێ سەر بێ... ئەبێ چاو بێ... ئەبێ مەرد بێ... ئەبێ پیاو بێ... بۆ هەژاران دڵسووتاو بێ... دەستی پڕ لە نان و ئاو بێ... مامەخەمەی لێقەوماو بێ... (ئیمامی عادل)ی ناو بێ... نەک دەرگای بە ڕووی میللەتا داخراوبێ... گیرفان پڕ و هەڵاوساو بێ... کەچی مۆن و دەستقونجاو بێ... خەڵکی کڵۆڵ و داماو بێ... ئەویش لە سەیران و ڕاو بێ... مەیلی لە ڕانی برژاو بێ... ئەم لە ڤێللا و جامڕەشا بێ... هەژاریش کەوشی دڕاوبێ... شان و یەخەی داچەکاو بێ... کەلاوەی کۆن و تەپاو بێ.. .سێ ڕۆژ لە دەرگای وەستابی... لەتاو پڕۆژەی نایابی... لەبەر پێک و کەڵەبابی... چای عەننابی... دینارێک نەدا بە بابی.
فەرمووت: مەگەر کەسێ پەیمان لە بیر نەکا... گزی نەکا... تەزویر نەکا... پشت لە پێڕی فەقیر نەکا... عومەرئاسا قافڵەی چەکدار بۆ پاسی خۆی ڕاگیر نەکا... پارەی میللەت داگیر نەکا... پارەی میللەت، شوبهاندت بە ماڵی هەتیو، هەر کەس گیرفانی لێ پڕکا... خۆی لێ سڕکا... لە تیکەی حەرام خۆی مڕکا... بۆ کوێی دەبا؟ ڕەنگە شەش حەوت ڕۆژێ بڕکا... بەس دوای مردن لە مەحشەرا... کە جلی نییە لە بەرا... قوڕی کوێ دەکا بە سەرا... کە بە شەللاق دەیخەنە دۆزەخ بە سەرا.
ئەی هەموومان قوربانت بین... ئەی لە حەجدا میوانت بین... بۆ کارێ ما؟ کە چاکەبێ و هانماننەدەی؟ بۆ ڕێیەک ما؟ ترسناک بێ و لاماننەدەی؟ شتێ نەما نەکەی باسی... خراپ، خاسی... درۆی، ڕاسی... هەموویت بە ئێمە ناسی.
نێرراوەکەی پەروەردگار... ئەی ئەویندار! ئەی ئەمیندار! بە قەدەر گەڵا و گوڵی دار... کانی و ڕووبار... دڵۆپە بارانی بەهار... نەکوو جارێ هەزاران جار... سڵاو بە سەرتا بێتە خوار.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=