[پێغەمبەری هەموومانی]
(مەولوود ماف و ئازادیی هێنا)
میوانەکەی تەختی دڵم... تەرزی ناسکی سەر چڵم... باخی پڕ لە دار و گوڵم... ئەی پیرۆزەی ئاو و گڵم... سڵاو لە تۆ... سڵاو لە تۆ، کە تۆ هاتی... پێچاتەوە چەندخوایەتی... بەڵێت کرد بۆ یەکخوایەتی... وتت نا بۆ ئاغایەتی و چینایەتی... ئەی قەڵاچۆی کۆیلایەتی... تۆی هەوێنی برایەتی... (مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ أَلله) خوا خۆی بۆی داوی شایەتی... لە شاری ئیبراهیم پاشای بابانەوە بەخێر هاتی... بەخێر هاتی.
ئەی هەوێنی کامەرانی... تۆی مامۆستای پاکی و جوانی... برای نووحی کەشتییەوانی... پادشای وەک سولەیمانی... دەلیلی پێشی کاروانی... دەمەزەردکەری ویژدانی... خاتەمی پێغەمبەرانی... بە سۆزیت و میهرەبانی... (مەقامی مەحموود)ت هەیە تۆ شایانی... شانازی گەلی کوردانی... پێغەمبەری هەموومانی.
تۆ پەنجەرەی عەقڵت سڕی... هەگبەی خورافیاتت دڕی... لە چەتە و ڕێگرت خوڕی، نانت بڕی... کۆیلەی ماڵە ئاغات کڕی... فرمێسکەکانت بۆ سڕی... ئازادیت بە باڵا بڕی... وەکوو یوسف، پاشا بووی هەم پێغەمبەر بووی... بۆیە توند دەستت هەڵبڕی... پەیامی ئازادیت چڕی... فەرمووت هەمووتان بزانن: ئەگەر (شا)ن و ئەگەر (شوان)ن... یەک خاک و گۆشت و ئێسقانن... لای خوا هەمووتان یەکسانن... حەسەب، نەسەب، جاﮪ و پارە، هەمووی لەلای خوا کا و بایە... بۆ قیامەت لەگەڵتاننایە... پێوەر ئیمان و تەقوایە.
ئەوەی لای تۆ پەروەردە بوو، بەرندە بوو... دەرچووی لای تۆ سەرکردە بوو... (تەڵحە و ئەبو عوبەیدە) بوو... (ئوسامە)ی تەمەن هەژدە بوو... فێرت کردن ستەم نەکەن... جیاوازی ئەم و ئەو نەکەن... تەرازووی ماف لاسەنگ نەکەن.
مافیشت بەو گەلە ناسی... تا هەموویان بکەن باسی، بکەن پاسی... نەک خۆ هەڵەکەن لە ڕاسی... وەکوو ئاژەڵ بە کەساسی تێیانخوڕن... بە گاڵۆکێ لێیانخوڕن... بیانوەستێنن، هەڵیانبڕن... قەڵەویان کەن سەریانبڕن... ئەمان نقە لە خۆ ببڕن.
فەرمووت: گەلێ لەسەر مافی هەڵنەقڕێ... وەکوو ئاگر هەڵنەگڕێ... یەخە لە ستەم دانەدڕێ... لە من نییە و خوا بیبڕێ.
سالاری من! ئەم کوردە هەژاری منە... وەک ئەمڕۆ جەرگی کونکونە... مێژووی پێش ئیسلامی ونە... سوپای بێزەنتی و ساسانی... چی کەلەپوور و مێژووی بوو، هەموویان برد بەتاڵانی... کە هەواڵی تۆمان زانی... دوا پێغەمبەری جیهانی... یاران کە مژدەیان هانی... ئێمەی کورد بە هەموو هێزمان... ئیسلاممان گرتە ئامێزمان.
لە سای ئیمان... بۆ داهێنان... کەوتینە گل، کەوتینە ژان... لە شاعیر و خامەڕەوان... لە مێژونووس و شەرعزان... تا سەرکردەی ئەییوبیان، هەر ڕشتەیەک باوی هەبوو... کورد سەردەستەی پیاوی هەبوو... کورد بۆ ئیسلام ناوی هەبوو... چاوی هەبوو... هەڵمەت و هەنگاوی هەبوو... کوردی کڵۆڵ کە باوەشی بۆت گرتەوە، خۆی گرتەوە... مافی ون بووی وەرگرتەوە... بێ قەوارە و چادرنشین... بوون بە پاشا و بە میرنشین... پاشامان بوو... دراومان بوو... بەیداخی هەڵکراومان بوو.
سێزدە سەدە هەر پێشەنگ بووین... خاوەن دەنگ بووین... خاوەن سەنگ بووین... تا بە پیلان نەک ڕێکەوت... ئەو ئوممەتەی نەدەسرەوت، باری کەوت... جڵەو لە دەستی داکەوت... بەنجکرا و خەوی لێ کەوت... هاتنە سەری و هیچی نەوت... فرسەت بۆ دوژمن هەڵکەوت... ئینگلیز هات خاکەکەی بەش کرد، بە گەز و گوریس تێی کەوت... تەنها کوردی لێ بێبەش کرد، ئەوانی تر بەریانکەوت... بەڵێ، کوردستان بەش کرا... غەسب کرا... ماڵ بۆ دزان حەڵاڵ کرا، لەسەر ئێمە حەرام کرا... کە کردمانە هەراهەرا... داخیان کردین کۆنەبرا... گۆشتمان بە چەقۆ توێ کرا و، خوێی تێکرا... بپرسن بەردەرکی سەرا... چەند کەست تیا لە دار درا؟ بڵێن بە شاری مەهاباد، قازی محەممەد بۆ هێنرا و دادگای سەربازی کرا و حوکم درا... لە مەیدانەکەی چوارچرا... ڕۆح لە جەستەی جوداکرا؟ هەڵەبجە بۆ خنکێنرا؟ بپرسن گەرمیان خەڵکەکەت بۆ کوێ برا؟ هەشت هەزار پیاوی بارزانی دەسگیرکرا، چی لێ کرا؟ ئەی (حەما) بۆ شەهید کرا؟
سالارەکەم! من مەزڵومم، نەکوو زاڵم... ببیسە کڕوزەی حاڵم... بە کام دین پێیان حەڵاڵم؟ دوژمن بوو هاتە سەر ماڵم، شکاندی باڵم... هەشتا ساڵە بە دوای حەقمدا ڕەجاڵم... بۆی دەکۆشم، بۆی دەناڵم... دە شەرتە تا ڕۆژێ دەمرم... دەست لەو حەقەی خۆم هەڵنەگرم... دڵنیاشم، وەری دەگرم.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=