[ئەی ماهی نوور]
(بۆ پێشوازی ڕەمەزان)
مانگی ڕەحمەت... ئەی ئارامگای جەستەی شەکەت... خەرمانی ساڵت بەرەکەت... تۆ دەرفەتی پاکبوونەوەی... بۆ تەوبەکار، لەگەڵ خودا ئاشتبوونەوەی... بۆ زامەکانی ئیمانمان ساڕێژبوون و چاکبوونەوەی... بەهارێکی حەشرئاسای، نوێ بوونەوەی... مژدەی بەهەشت دەدەی بەوەی، بەتەقوا بێ... بەندەی ڕاستەقینەی خوا بی... وا لە نەفسی خۆی تەرا بێ... هەرچەند نەفسی وەکوو پشکۆ گەرم دابێ و، بڵێ: با بێ... ئەم پێی بڵێ: نەخێر نابێ... نەخێر نابێ... موسڵمانی ڕاستەقینە ئەبێ وا بێ... وەک داربەڕوو باوەڕ لە دڵیا چەسپابێ... نەک ئەو کەسەی ساردوسڕ بێ... نەفسە ئەممارەکەی دڕ بێ... بۆ قسەی زل نەرمەبڕ بێ... بۆ کاری چاک ساردوسڕ بێ... شریتی تەمەنی بڕوا و لە خەوی غەفڵەتا کڕ بێ.
وای ڕەمەزان چەند لالەزارێکی جوانی... کەمۆڵەی نووری قورئانی... ڕووناکی، وەکوو هەتاوی... ناسکی، وەکوو بارانی... تۆ مێژووی (فەتح)ی یارانی... ترس و بیمی نەیارانی... هەوارگەی چاکەکارانی... ژوانگەی تەوبەکارانی... ئێستاش هەر وەکوو جارانی... سفرە و خوانی دەوڵەمەند و هەژارانی.
دەسا فەرموو، دەفتەری پڕ لە حیکمەتی خۆت واز بکە و... ئاهەنگی ئیمان ساز بکە و... بەم ڕۆحانە بەرەو ئاسمان پەرواز بکە و... ڕێگای بەرەو خوداچوونمان پڕ لە ڕازونیاز بکە و... پەیوەندیمان لەگەڵ یەکدا تەراز بکە.
دەسا فەرموو، ئەی ماهی نوور، وەک پزیشکانی بێسنوور خۆت بنوێنە و... دەردەدارین هانا بێنە و... لە خەوێکی قوڵ ڕۆچووین هەڵمانسێنە و... بە نازەوە بماندوێنە و... تۆزی گوناح دایپۆشیوین بیتەکێنە و... پشکۆی ئیمان خۆڵەمێشی لێ نیشتووە وەیگەشێنە و... وەکوو درەخت پەلی وشکەڵمان دابێنە و... بۆمان ببە بە ئاوێنە و... بە مشتێ ئاوی زەمزەمت تینوێتی ڕۆحمان بشکێنە و... لەسەر تەقوا ڕامانبێنە.
چونکە ئێمە هەرچەند گەورەین... وەکوو منداڵ بۆ گوناح گڕوگاڵەکەین... هاوار! هاوار! خەزێنەکەی پاشا پڕە، کەچی ئێمە، لە دەرگای عەبدێکی گرگن ئەکڕوزێینەوە و سواڵەکەین... تاڵ و شیرینمان لێ گۆڕا، لە جێی هەنگوین مەیلی (پەیکوڵ)ی تاڵەکەین... لە جیاتی نانی بەهاروو، حەز لە کولێرەی گاڵەکەین... ئەی ڕەمەزان کە تۆ ڕۆیشتی، زۆربەی زۆرمان، گۆزەی ئیمان بە نەزانی بەتاڵەکەین... بەفری سپیمان لێ باری... کەچی بۆ تەوبەی یەکجاری... هەر ئەم ساڵە و ئەوساڵەکەین.
تۆ بێرەوە و، با ئێمەش پۆلپۆل بێینەوە... تا وەک لاولاو چۆن لەگەڵ خۆری بەیانا دەکرێتەوە، بکرێینەوە... تا (ئیستیغفار) لەگەڵ سەبای ساڵحانا بڵێینەوە... تا لە جێی بایی هەوایی، بۆ کڕنۆش بچەمێینەوە.
پێمان بڵێ: بەهەشت هەروا دەست ناکەوێ... ڕەنجی ڕۆژ و شەوی دەوێ... بڵێ قەزای دینتان لە دنیاتان کەوێ... پێمان بڵێ: بۆ وا سستن؟ بە شەرابی دنیا مەستن؟ وەک لە نوێژی کۆمەڵیدا ڕادەوەستن... لەگەڵ یەکدا وەک گوڵ قەتارە ببەستن... پێمان بڵێ: خێرا هەستن... تا ناو بەهەشت ڕامەوەستن.
بڵێ بە پیر: ئەی پیر ئامادەی بۆ سەفەر؟ هاکا کفنی سپیت پۆشی و لە ماڵی دنیا چویتە دەر.
بڵێ بە لاو: ئەی لاو سڵاو... ڕاوچی نەفس نەتخاتە داو... نەکەویە دوای مۆدێل و باو... بە ئامێری ئەلیکترۆن نەکەویە ڕاو... ئیمان بکە بە دەسمایە... قیامەتی خۆت نەکەی زایە.
ڕەمەزان دۆستێ شیرینی... تۆ سۆز و میهر و ئەوینی... دەست بە نێرگز و نەسرینی... دێیت و هەموومان دەبینی... ئاخۆ هەتا تۆ دێیتەوە ئێمە مابین... یان مرابین... وەکوو گەڵا بلەنجێین یان هەڵوەرابین... لەم شارە نەقڵ کرابین... بۆ شارێکی تر برابین... لە ژوورێکی تاکەکەسی تەسک و تاریک دانرابین... بێ هاوسەر و بێ برا بین... بێ پەنجەرە و بێ چرا بین... بە بلۆک دەورە درابین.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=