کامیز شەدادی
ئانا بۆفارۆڵ، دەهێنەری کەتەلۆنی بە فیلمێک لەبارەی شنگال لە چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەشدارە، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ڕووداو، دەڵێت: لە کاتی سەردانی بۆ باشووری کوردستان، پێشوازیی خەڵکەکەی زۆر بەلاوە سەرنجڕاکێش بووە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ژنی کورد زۆر مۆدێرنە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کورد بە فیلمی ئێوە دەستی پێ کرد، هەستی ئێوە چییە؟
ئانا بۆفارۆڵ: زۆر خۆشحاڵم چونکە هەمیشە زۆر گرنگ و تایبەتە بۆ دەرهێنەرێک کاتێک دەتوانێت فیلمەکەی لەگەڵ بینەران بەش بکات. بێگومان ئەوەش زۆر تایبەتە کە لە مۆسکۆ بیت. من پێشتر لەم شارە نەبووم، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم فیلمەکەم لەگەڵ بینەران بەش بکەم.
ڕووداو: هۆکار چی بوو ئەم فیلمەتان بەرهەمهێنا و بۆچی بەناوی شنگال کرا؟
ئانا بۆفارۆڵ: کاتێک یەکەم جار لەبارەی جینۆسایدی داعشەوە بیستم، زۆر کاریگەر بووم. من زانیاریم لەسەر کەمینەی ئێزدی نەبوو، بەڵام دواتر دەستم کرد بە خوێندنەوەی زۆر، و زۆر شۆک بووم کە چۆن ژنان لە هەمان کاتدا کە من لە بەرسێلۆنا دەژیام، دەکران بە کۆیلەی سێکسی. من بینیم کە پێویستم بە دۆزینەوەیە و دەستم کرد بە پڕۆسەکە. من کاتێک پێویستم بەوەیە لە شتێک تێبگەم، پێویستم بەوەیە فیلمێک درووست بکەم. بۆیە بە جۆرێک ئەم پێویستییە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی بەسەر ئەم ژنانە هاتووە، منی بردە کوردستان بۆ زانینی زیاتر لەبارەی ئەوەی لەوێ ڕوودەدات.
ڕووداو: ئانا ئێوە لە پڕۆسەی وێنەگرتنی فیلمەکە کوردت ناسی؟ یاخود پێشتر کوردت ناسیوە؟ لە دوای تەواوبوونی فیلمەکە، زانیاریتان لەبارەی کورد، بەتایبەتیش ژنی کورد وەرگرتووە؟
ئانا بۆفارۆڵ: بێگومان من هەندێک شتم دەزانی. هەندێک بیرۆکە لەبارەی گەلی کوردەوە، چونکە من کەتەلۆنیم، بۆیە دەزانین ئەو هەستە چۆنە لە وڵاتێکدا بژییت کە دەوڵەتت نەبێت. کەواتە بە جۆرێک زۆر شت هەیە ئێمە تێیاندا هاوبەشین وەک شێوازی جیهانبینی و کەمینەکان. زۆر سەرنجی ڕاکێشام، هەر بۆیە بینیم کە ئەم فیلمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ زانینی زیاتر لەبارەی کوردستان و سەردانی کوردستان بۆ یەکەم جار.
دەستم کرد بە خوێندنەوەی زۆر و وەرگرتنی زانیاریی زۆر زیاتر لەبارەی فەرهەنگی کوردییەوە، هەروەها سەردانی شوێنەکەم کرد و خەڵکم ناسی. ئەمە ڕاستییەکی سەرسووڕهێنەر بوو، چونکە من هەستم کرد دەتوانم لە خەڵکی کورد تێبگەم. یەکێک لەو شتانەی بە ڕاستی بیرم لێ نەکردبووەوە، بەڵام شۆک بووم، ئەوە بوو کاتێک خەڵک باسی ژنانی کوردیان بۆ کردم، چونکە ئەوان ژنانێکی زۆر مۆدێرنن. ئەوان کار دەکەن، دەخوێنن، کاری سەرسووڕهێنەریان هەیە. کار و بەرپرسیارییەتییان هەیە. لە ئیسپانیا یان لە ئەوروپای ڕۆژاوا بیرۆکەیەک هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەنیا ملکەچن. بێگومان ژنانی کورد وا نەبوون. من سەرەتا سەرسام بووم. هەروەها خۆشحاڵ بووم کە ئەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بەش بکەم کە دەپرسن.
ڕووداو: باسی ئەوەتان کرد کە ئێوە لە کەتەلۆنیان، هیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان کەتەلۆنیا و کوردستان دەبینن، خاڵی جیاواز و هاوبەشی نێوان ژنی کورد و کەتەلۆنی چین؟
ئانا بۆفارۆڵ: بەڵێ، من پێشتر چیرۆکی زۆرم لەبارەی کەتەلۆنییەکان و کوردەوە بیستووە. بێگومان لێکچوونەکان کە هەمانبوو جیاواز بوون. وەک زمانێک کە لەنێودەوڵەتیدا خەڵک بە گشتی گرنگیی پێنادەن و پێت دەڵێن تۆ بەشێکیت لە تورکیا یان بەشێک لە ئێراق، بەڵام تۆ هەست دەکەیت کوردستان یان کوردبوون جیاوازە. هەمان شت بۆ منیش ڕوودەدات. دەزانیت، ئەگەر تێبینیت کردبێت، من دەڵێم خەڵکی بارسێلۆنام، من هەرگیز ناڵێم خەڵکی ئیسپانیام، بەڵام هەر دەڵێن ئەها، ئیسپانیا!. ئەمە لە باسی کوردیشدا وایە. ئێمە دەزانین چی هەست پێدەکەن، چونکە ئێمە زۆر ڕاهاتووین لەسەر ئەوە و پێکەنیناوییە. ئینجا لە هەردوو لا لە 2017 گشتپرسی کرا بۆ سەربەخۆیی، تەنیا بە جیاوازی هەفتەیەک. کەواتە زۆر شت هەیە کە ئێمە تێیاندا هاوبەشین.
ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە تێدەگەین، چونکە وڵاتەکەمان لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا دابەش کراوە. هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، لە ساڵانی دواییدا زۆر گۆڕاوە، چونکە ئەگەر تۆ هیچ لەبارەی کوردەوە نەزانیت، ئەوا بیر لە ژنی کەتەلۆنی یان ژنی ئیسپانی دەکەیتەوە لە وێنای کۆمەڵگەیەکی نەریتیی کاسۆلیکیدا کە ژنێک تەنیا لە ماڵەوەیە، بەڵام لە سەردەمی دایکم و داپیرەمەوە بە ڕاستی گۆڕاوە. کەواتە ئەگەر تۆ لەسەر کورد نەزانیت، ئەوا دەکرێت ئەم وێنەیەت لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت کە وا بزانیت وەک ئەوان تەنیا لە ماڵەوەن و، ئەوە نییە کە من لە کوردستان بینیم. بۆیە من بە ڕاستی دەبینم کە ژنان هەم لە کەتەلۆنیا هەم لە کوردستان هەمان ژیان دەژین. ئەوان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی چالاک بن، کاری خۆیان هەبێت، شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت و کۆمەڵگەکان گوێیان لێیان بێت.
ڕووداو: ئەمە یەکەم و دوایین فیلمتان دەبێت لەبارەی کورد، یاخود بەنیازن فیلمی دیکە لەبارەی کورد بەرهەمبهێنن؟
ئانا بۆفارۆڵ: بەڵێ، با بڵێین ئەمە یەکەم فیلمی منە لەسەر کێشەی کورد، لە ڕاستیدا هەموو فیلمێک یارمەتیم دەدات زۆر فێربم لەبارەی هەندێک بابەتەوە. بۆیە من خۆشحاڵ بووم کە کاتم بۆ زانینی زیاتر لەبارەی کوردستانەوە بەسەر برد. لە ڕاستیدا من ئێستا پلانێکم نییە بۆ درووستکردنی فیلمی زیاتر لەسەر ئەمە، بەڵام دەکرێت ئەمە ڕووبدات. ڕەنگە، با بزانین چۆن دەبێت.
ڕووداو: باسی ئەوەتان کرد کە زۆربەی دیمەنی فیلمەکە لە کوردستان وێنەگیراوە، کوردستانت چۆن بینی و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە هەبوو؟ یەکەمجارە فیلمەکەتان لە فێستیڤاڵدا بەشدار دەبێت، یاخود پێشتر لە فێستیڤاڵی دیکەدا بەشداربووە؟ کام فێستیڤاڵ بووە و لە دواڕۆژدا پلانتان بۆ فیلمەکە چییە؟
ئانا بۆفارۆڵ: یەکەم جار کە سەردانی کوردستانم کرد، تایبەت بوو. بۆ من نوێ بوو، بەڵام من لە کاتە جیاوازەکاندا دەگەڕامەوە بۆ ئامادەکردنی فیلمەکە و لە کۆتاییدا هەستم وا بوو وەک ئەوەی لە وڵاتی خۆم بم. یەکێک لە باشترین شتەکان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرسامی کردم؛ ئەوە بوو کە چۆن خەڵک بە گەرموگوڕییەوە پێشوازیت لێ دەکەن. جا من هەستم کرد ئەمە زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان و شارە گەورەکان. خەڵکەکەی گەرموگوڕ و پێشوازیکەرن. هەروەها کاتێکی سەختیش بوو، چونکە ئەوە کاتێک بوو کە پەتای کۆڤید دەستی پێ کرد. ئێمە کێشەمان هەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، چونکە بەهۆی کۆڤیدەوە فڕۆکەخانە داخرابوو. ئێمە هێشتا خەریکی وێنەگرتن بووین، بۆیە کەمێک ئاڵۆز بوو، بەڵام دوای ئەوەی فیلمەکە تەواو بوو، لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا نمایش کراوە، لە ساو پاولۆ لە بەرازیل؛ لە سانتیاگۆ لە چیلی و لە چەندین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیدا. بۆ نموونە، لە لەندەن، بەرلین، ئەمستەردام. فیلمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردەوە بۆ حەلیمە ئیلتەر. لە فێستیڤاڵی کامبریجیش بەشدار بوو. لە زۆر فێستیڤاڵی جیاواز و لە ڕاستیدا هەموو کاتێک مایەی دڵخۆشییە کاتێک دەتوانم فیلمەکە و چیرۆکەکەی بەش بکەم.
ڕووداو: زۆر سوپاس
ئانا بۆفارۆڵ: زۆر سوپاس.[1]