ناو: ئەبوبەکر
ناوی باوک: مەحمود حەمەشەریف لەتیف
ساڵی لەدایکبوون: 1943
ساڵی شەهیدبوون: 1981
شوێنی لەدایکبوون: گوندی بانی بنۆکی بناری چیای سوورێنی سەربە شارەدێی #خورماڵ#
شوێنی شەهیدبوون: سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان
$ژیاننامە$
ئەبوبەکر مەحمود حەمەشەریف، ساڵی 1943 لە گوندی بانی بنۆکی بناری چیای سوورێنی سەربە شارەدێی خورماڵ لە دایکبووە، گوندنشین بووە و تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لە شاری #مەریوان# نیشتەجێ بووە، خێزاندار بووە و خێزانی ناوی کافیە محەمەد بووە و هاوشانی خۆی لە چیاکان پێشمەرگە بووە و دوای شەهیدبوونی ئەبوبەکر زیاتر بەشداری چالاکی کردووە.
لە #20-10-1986# کافیە و دەستەیەک هاوسەنگەری بۆ چالاکی پارتیزانی ویستوویانە بچنە #سەیدسادق#، بەڵام لە دەرەی سووری ئەحمەد ئاوا کەوتوونەتە بۆسەی سەربازی ڕژێمی #بەعس# و کافیە و هاوسەنگەرێکی بەناوی محەمەد فەرەج شەهید بوونە و #ئەنوەری حاجی عوسمان# بەسەختی بریندار بووە، خاوەنی چوار کوڕ و یەک کچ بووە بە ناوەکانی فازڵ، قادر، شاخەوان، دڵشاد لە ئاوارەی وڵاتی ئێران کۆچی دوای کردووە و کچەکەی چنوور.
ساڵی 1969 بووەتە پێشمەرگەی لێژنە ناوچەی #دەربەندیخان#ی لقی چواری #پارتی دیموکراتی کوردستان#، کە لەو کاتەدا مەلا عومەری بانی بنۆکی برای بەرپرسی ناوچەکە بووە.
ساڵی 1974 لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداری چەندین شەڕی کردووە، لەوانە شەڕی سەرتیز، شەڕی دەربەندیخان، شەڕی چیای زمناکۆی کردووە.
ساڵی 1974 پلەی جێگری سەرلقی 4ی بەتالیۆنی بەمۆی سەربە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە، کە لەو کاتەدا ئەحمەد چەقژی سەرلقی بووە و حەمەسوور حسێن فەرماندەی بەتالیۆنی بووە.
ساڵی 1975 لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول هاوشانی بنەماڵەکەی دەستبەرداری چەک نەبووە و لەسەر سنوور درێژەیان بە خەباتی کوردایەتی داوە، لە شۆڕشی گوڵان بەشداری چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی #شارەزوور#، چالاکی پارتیزانی ناو شاری #سلێمانی#، شەڕی شارباژێر، شەڕی گوندی کۆڵیتە، شەڕی گوندی قاینێجەی شارەزوور، شەڕەکانی #هەڵەبجە# و کۆمەڵێک داستان و نەبەردی تری کردووە.
ساڵی 1979 لەگەڵ دەستەیەک هاوسەنگەری چونەتە ناو شاری سلێمانی بۆ چالاکییەکی گرنگی پارتیزانی، دوای ئەنجامدانی چالاکییەکە و گەڕانەوەیان لە نزیک گوندی قەویلەی دەشتی شارەزوور کەوتوونەتە بۆسەی ژمارەیەکی زۆری سەرباز و جاشی ڕژێمی بەعس، لە ئەنجامدا چەند هاوسەنگەرێکی شەهید بوونە و ئەبوبەکر مەحمود حەمەشەریف و عوسمان بانیشاری بەسەختی بریندار بوونەوە بەبرینداری خۆیان دەرباز کردووە.
ساڵی 1979 پلەی فەرماندەی بەتالیۆنی هێزی سوورێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە.
ساڵی 1980 پلەی ئەندامی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە.
ساڵی 1981 هێزێکی زۆری سەرباز و جاشی ڕژێمی بەعس هێرشێکی فراوانیان کردۆتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەسەر سنووری کانی خەیاران و دۆڵەناو، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوە ئەبوبەکر مەحمود بەسەختی بریندار بووە، بەڵام سەنگەرەکەی داگیر نەکراوە و هێزەکەی بەعس کشاونەتەوە، دواتر فڕۆکەکانی ڕژێم بە چەکی 60 تیر بۆردومانی سەنگەرەکەیان کردووە و ئەبوبەکر مەحمود حەمەشەریف بە برینداری چەند فیشەکێکی 60 تیری بەرکەوتووە و شەهید بووە، دواتر هاوسەنگەرانی جەستەکەی دەگوازنەوە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گۆڕستانی داسێوان لە تەنیشت گۆڕی دڵشادی کوڕی بە خاکیان سپاردووە. [1]