ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی پەروەردە لە هۆشیاریی ژینگەییدا
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ژینگە و جۆرەکانی هەموو ئەو مەرج و هۆکارە دەرەکییەکان دەگرێتەوە کە زیندەوەرانی زیندوو تێیدا دەژین و کاریگەریی لەسەر دەکەن و کاریگەریان لەسەریان هەیە.
ژینگە ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ڕۆژانە و کار و پیشەکانیانی تیادا ئەنجام دەدەن، کارلێک لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی و جۆرەکانی دەکەن لەژێر سیستەم و پلان و ژینگەپارێزی دیاریکراودا بەپیی بڕیار و ڕاسپاردە و یاساکانی ئەو شوێنە، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر کار بە یاسا و ڕێکارەکان بکرێت، جوانی و گەشانەوە بۆ ژینگەی ژیانی زیندەوەران دابین دەکریت.
بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر پەیڕەوەوی ڕێزگرتن و پاراستنی ژینگە نەکرا، ژینگەی ژیان دەبێتە وێرانەیەک، لە جیاتی خۆشی و جوانی ناشیرینی نەخۆشی و ناخۆشی شوێنی دەگرێتەوە.
دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی پەروەردە بکەین لە پاراستن و جوانکردنی ژینگە چونکە دەتوانین بڵێین ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبینێت بە هەردوو لایەنەکەیەوە، بە گەشەپێدان و پەراوێزخستن.
ئەمەوێ بە کورتی ئاماژە بەهەردوو لایەنەکە (ئەرێنی، نەرێنی)بکەم کە پەروەردە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەسەر ژینگە درووستی ئەکات.
لە بواری ڕاستەوخۆدا پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەریی گەورە و گرنگی لە هۆشیاری و ئاڕاستەی باش بۆ ژینگەدۆستی، لە پێناو ژیانێکی خۆش و جوان و گەشانەوەی ژینگەی ژیان دەگێڕێت، لە شێوازی ناڕاستەوخۆشدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت بۆ دوور مەودای ژیان.
دەکرێت بەگرنگیەوە لە کاریگەریی و ڕۆڵی پەروەردە بۆ هەموو جۆرەکانی ژینگە بڕوانین کە ئەمانەن ( ئاو، هەوا، وشکانی).
بۆ هەر یەکێک لەو شێواز و جۆرانەی ژینگە پەروەردە دەتوانێت کاریگەریی لەسەری هەبێت، ئەویش بە ئاماژە پێکردن و نموونە هێنانەوە و دیاریکردنی لەناو پڕۆگرامی خوێندن، دەکرێت مامۆستایانیش لە کاتی وانەوتنەوەدا زیاتر ڕۆچنە ناو بابەتەکە و پەیامەکە وردتر بکەنەوە، بەهەردوو شێوازی (وتنەکی و کردارەکی) تا پەیامەکە بە باشی و جوانی بگات.
گرنگیپێدان بە ژینگە دەچێتە بۆتەی بایەخدان و خۆشویستنی سرووشت و مرۆڤ، بۆیە وەک پێویستییەکی ژیانی لێی دەڕوانرێت، ئەوەتا (دەیڤید ئاتێنبۆرۆ)دەڵێت (سرووشت تەنیا شتێکە کە پێویستمان پێیەتی).
ئەوەی لەم بابەتەدا جێدەگرێت، بایەخ و ڕۆڵی پەروەردەیە کە چەند لایەن و بەشێکی کارای کارپێکراو و کارلێک، ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە بۆ سەر ژیان و ژینگە، بە ڕەچاوکردن و ئاڕاستەکردن و پابەندیەکانی بەرنامە و پلان و نەخشەی پەروەردەیی، ئەوانیش لە چوارچێوەی بوونیان لەناو پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕۆڵی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابییان و خوێندکاراندا خۆی دەبینێتەوە، لەو کاتەی هەماهەنگی و هاوکاری و پشتیووانی و دەستگیرۆیی هەبێت تا پاڵنەری پاراستنی ژینگە بکرێتە ئامانجی پەروەردە لە پێناو ژیانێکی شایستە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
دەکرێت پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە بەم چەند خاڵە دیاری بکەین:
1-هۆشیاری: پەروەردە دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە و گرنگی پاراستنی.
2- ڕەفتار: فێرکردن دەتوانێت ڕەفتاری خەڵک بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر.
3-چارەسەر: پەروەردەکردن وفێربوون وخوێندن یارمەتیی خەڵک دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ کێشە ژینگەییەکان.
4- بەشداری پێکردن: پەروەردە هانی خەڵک دەدات بۆ بەشداریکردن لە چالاکی پاراستنی ژینگە.
5-سیاسەتی ژینگەیی: کەسانی پەروەردەکراو زیاتر پشتگیری سیاسەتە دۆستانەکانی ژینگە دەکەن.
وەکوو ڕوون و دیارە هەموو ئەو وڵاتانەی ژیانیان خۆش و ئارامە و ڕێژەی تەمەن تیایاندا بەرزە، هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە ژینگەی ژیانیان و بەرزی ئاستی وشیاری ژینگەیی و پابەند بوونیان بە ڕێکارەکانی ژینگەدۆستی، بەپێی سەرچاوەی مەڵپەڕی
(https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1411981)
کە بۆ ساڵی 2024 ئەنجامیداوە بۆ ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی ئاستی پاراستنی ژینگە تیایاندا بەرزە بەم جۆرە ڕیزیکردوون:
1-فینلەندا
2-سوید
3- نەرویج
4- نەمسا
5-سویسرا
6-دانیمارک
7-نویزلەندا
8-ئەڵمانیا
9-کەنەدا
10-لۆکسەمبۆرگ
لەم وتارەدا ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی بوارەکابی ژیان لەو وڵاتانەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە فەلسەفەی پەروەردە، لەناو پەروەردەشدا بایەخدان بە پرسی ژینگە.
بەهیوام ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هەنگاونان و بایەخدان بە پرسی ژینگە لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا. وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەلگۆر)کۆتایی بێنم کە دەڵێت: (ژینگەی سەلامەت و ئابووری بەهێز دوو ڕووی یەک دراون). [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=