=KTML_Bold=ئەلیس وۆڵکەر; رۆشنایی ناخ لە سەردەمی تاریکیدا=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=تەنیایی وەک کلیلی ناسینی دونیا=KTML_End=
ژنە رۆماننووس، شاعیر و چالاکی مەدەنی، ئەلیس وۆڵکەر، ساڵی 1944 لە شاری ئیتینتن لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا لەدایکبووە. ئەو کە بچووکترینی هەشت منداڵەکەی ناو خوشک و براکانی بووە، کچی خێزانێکی هەژاریش بووە. باوکی ئەلیس (ویلی لی وۆڵکەر)، نەوەی خێزانێکی کۆیلە بووە کە جەور و ستەمێکی زۆریان بە دەستی ڕەگەزپەرستیی دژی ڕەشپێستەکانەوە چەشتووە. دایکیشی (مینی گرانت)، ژنێکی رەنجدەر بووە. باوکی جووتیار و دایکیشی ژنی ماڵ بووە، یەکەمیان لە ڕێگای کاری جووتیاری و ئاژەڵداری، دووەمیشیان لە ڕێگای کارەکەریی ماڵان، گوزەرانی خێزانەکەیان دابین کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هاوکاریی ئەلیسیشیان کردووە بۆ ئەوەی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات و ساڵانە بەم زەحمەتکێشییەوە، دایکی قەرز و قیستی کۆلێژی بۆ داوە.
دایکی نەک تەنیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لەوەدا هەبووە کە ئەلیس خوێندن تەواو بکات، بەڵکو هاندەری سەرەکیشی بووە بۆ ئەوەی کچەکەی خوو بداتە خوێندنەوە و نووسین. لەم بارەیەوە ئەلیس لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێ: دایکم ناوە ناوە، سەرەڕای خراپیی باری گوزەرانمان، بەڵام بڕێک لەو پارە و کرێی کارەی دەهاتە دەستی، گلی دەدایەوە و دیارییەکی بۆ من دەکڕی، جارێکیان جانتایەکی گەشتی بە دیاری بۆ هێنام. بۆ من ئەمە بەو مانایە بوو کە بۆ گەڕان بە جیهاندا و دۆزینەوەی نهێنییەکانی ژیان، هانم دەدات. جارێکیش ئامێرێکی چاپی بە دیاری بۆ کڕیم، تا لە ڕێگای شیعر و ڕۆمانەوە، دەربارەی ئازار و مەینەتییەکانمان بنووسم.
ساڵی 1952 بە هۆی هەڵەی یەکێک لە براکانی کە گوللەی لە دەست دەردەچێ، چاوێکی لەدەست دەدات. ئەم خەوشە لە جەستەیدا و ترس لەوەی خەڵک بە هۆیەوە تانە و توانجی تێبگرن، وای لە وۆڵکەر کرد هەست بە شەرمێکی زۆر بکات. بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دەروونییە، دوای ئەو ڕووداوە، بۆ ماوەی حەوت ساڵ، خۆی لە خەڵک دوورەپەرێز گرت. دواجار ئەم گۆشەگیری و خۆدوورەپەرێزگرتنەی کە هەر هەمووی بە خوێندنەوە و نووسینەوە بەسەر برد، بووە کلیلی کردنەوەی دەرگای جیهانی نووسین و داهێنانی ئەدەبی بەڕوویدا.
پاش تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، لە ڕێگای ئۆفەرێکی ویلایەتەکەیان، لە قوتابخانەی کچە ڕەشپێستەکان لە ئەتلانتا دەستی بە خوێندن کرد. دوای ئەوە چووە کۆلێژی سارا لۆرێنس لە نیویۆرک و بەکالۆریۆسی لەو زانکۆیە وەرگرت.
ئەلیس بۆ یەکەمجار لە زانکۆی ئەتلانتا مارتن لۆسەر کینگی ناسی، ئەم ناسینەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەلیس و دواڕۆژی چالاکییەکانی و تێکۆشانی لەپێناوی ئازادیدا هەبوو.
ساڵی 1962 وەک دداننان بە کاریگەری و کارایی ئەو ژنە نووسەرە لە چالاکیی مەدەنی و بەرگریکردن لە ئازادی و وەستانەوە لە دژی سیاسەتی رەگەزپەرستی بەگشتی و بەشداری و ڕۆڵی بەرچاوی لە فێستیڤاڵی لاوانی جیهان بەتایبەتی، کە بە دروشمی لەپێناوی ئاشتی لە فینلەندا بەڕێوەچوو، بانگهێشتی ماڵی مارتن لۆسەر کینگ کرا.
=KTML_Bold=رەشپێستی وەک لەکەی نێوچەوانی مێژوو!=KTML_End=
وۆڵکەر لە سەرەتایەکی زووی تەمەنیدا، ئەوکاتەی ئەندامی دەستەی نووسەرانی یەکێک لە گۆڤارەکانی زانکۆکەی بوو، دەستی بە نووسینی شیعر، وتار، چیرۆک، رۆمان و رەخنە کرد، یەکێک بوو لە چالاکە دیارەکانی خەباتی مەدەنی لە دژی سیاسەتی رەگەزپەرستی و بایەخێکی زۆری بە کێشە مرۆییەکان و سیاسەتی جیاکاریی رەنگ و رەگەز و نەژاد داوە. یەکێکە لە بەرگریکارە ناسراوەکانی مافی ژنان بەگشتی و ژنانی رەشپێست بەتایبەتی.
کۆمەڵە چیرۆکی (خۆشەویستی و تەنگژە) و هەردوو ڕۆمانی (ژیانی سێیەمی گرانج کۆپلاند - 1970) و (میریدیان - 1976)، کە یەکەمیان ڕەهەند و ناوەڕۆکێکی سایکۆلۆژی هەیە و تیایدا کاری لەسەر لایەنە دەروونییەکانی پرسی ژنانی ڕەشپێست کردووە، لە دووەمیاندا باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە لە دوای کاریگەربوونی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان بەسەر ژیان و واقیعی ژنانی رەشپێستدا هاتن. لەگەڵ رۆمانەکانی (پەرستگا، ئەوەی لای من ئاشنایە - 1984) و (خاوەندارێتی نهێنیی خۆشبەختی، یاخود ئاسوودەیی - 1992) و دیوانە شیعرییەکانی (شەوت شاد ویلی، بەیانی دەتبینمەوە - 1979) و (ئەو کاتە پێدەکەنم، خۆمم خۆشدەوێ - 1979، کە بەشێک لە هەڵبژاردەی بەرهەمەکانی هیرستۆن بوون) و (ناواخنە شۆڕشگێڕییەکان، کە لە پای ئەو بەرهەمەیشیدا خەڵاتی لیلیان سمیسی وەرگرت) و (سەردەمە سەختەکان پێویستیان بە سەمایەکی گەمژانە هەیە) و (ئەسپەکان وا دەکەن دیمەنی سروشتی جوان بێت - 1984) ، ئەم بەرهەمانە دەنگدانەوەی زۆریان لە نێوەندی ئەدەبیدا هەبوو، سەرەڕای ئەو ڕەخنە زبرانەی لێی گیران، بەڵام ڕۆمانی (ڕەنگی ئەرخەوانی - 1982)، ناوبانگێکی زۆری بە نووسەر بەخشی و لەپای ئەو ڕۆمانە ناوازەیەیدا، ساڵی 1983 هەردوو خەڵاتی پۆلیتزەر و کتێبی نیشتمانیی وەرگرتووە. ئەو ڕۆمانەی سەرنجی ملیۆنان خوێنەری بۆ خۆی ڕاکێشا و کرایە فیلمێکی سینەمایی و فیلمەکەش چەندین خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە.
وۆڵکەر کە ساڵانێک لە زانکۆکانی ئەمریکا مامۆستای بەرهەمی ئەدەبیی ژنان بووە، لە تەواوی بەرهەمەکانیدا، بە شێوازی جیاواز، بە زمانی جیاواز و گێڕانەوەی جیاواز، بایەخێکی زۆری بە پرسی ئازادی و مەسەلەی رەگەزپەرستی و چەوساندنەوەی ڕەشپێستەکان و کێشەی ژنان داوە و کردوونی بە بابەتی گێڕانەوە. لە توێی چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا و لە میانی ڕۆڵ بەخشین بە کەسایەتیی سادەی گوندەکانی باشووری ئەمریکا، کاری لەسەر ئەزموونی ژنە ڕەشپێستە ئەمریکییەکان کردووە.
=KTML_Bold=ئازادی و بەرپرسیارێتی، ستەم و بەرەنگاری=KTML_End=
وۆڵکەر تەواوی ژیانی خۆی چ وەک نووسین، یان وەک چالاکیی مەیدانی، بۆ داکۆکی لە ئازادی و دادپەروەری تەرخان کردووە. کار و چالاکیی ئەو ژنە شاعیر و رۆماننووسە تەنیا تایبەت نەبووە بە پرسی ڕەشپێستەکان، بەڵکو هاندەر و پشتیوانی هەموو ئەو گرووپ و کۆمەڵانەش بووە کە لە دژی توندوتیژی بەرانبەر ژنان و جیاکاریی ڕەگەزی و چەکی ئەتۆمی کاریان کردووە. ئەو دەمانەی قوتابی زانکۆ بوو، هاوینان لە ڕیزی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکاندا خەباتی دەکرد، دوای ئەوەی کە ساڵی 1965 کۆلێژی یاساشی تەواو کرد، وەک پارێزەرێک و چالاکێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەرکەوتووە.
وۆلکەر لە بارەی بەشداریکردنی لەو چالاکییانەدا دەنووسێ: ئەوەی من لە جیهانم دەوێ، ڕاماڵینی ئەو تەم و تەپوتۆزەیە کە پرەنسیپەکانی ئازادی و دادپەروەرییان داپۆشیوە. لەکاتێکدا ئەو پرەنسیپانە لە بەین دەچن، ستەم و ڕق و کینە باڵیان بەسەر جیهاندا کێشاوە، بۆیە ئەوە ئەزموونێکە و پێویستە مرۆڤ لەپێناویدا تێبکۆشێ، هەر لەبەر ئەوەیە من سەوڵ لێدەدەم و دەریا و زەریاکان دەبڕم.
ڕەنگە ئەگەر خوێنەری ئەم نووسینە وەک کوردێکی بەرچاوتەنگی نەتەوەیی، وەک کەسێکی قوربانی و مارانگەستەی دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، وەک ڕۆڵەی نەتەوەی ستەملێکراوی بێ دۆست و هاوڕێی ناو دونیای خۆی و دەروروبەری (دونیای ئیسلامی و عەرەبی)، هەندێ هەڵوێستی وۆڵکەر لە بارەی عێراق و فەلەستین بخوێنێتەوە، پێی پەست و نیگەران بێت، بەڵام بەدیوەکەی تردا راستییەک هەیە، ئەویش ڕاستیی ستەم و ستەمکارییە، ڕاستیی ئەو سیستەمە نەگریسە سەرتاسەرییە جیهانییە کە مرۆڤی لە بازاڕی سەرمایە و وزە و بازرگانی و بەرژەوەندیی سیاسی و سەربازی و ئابووریدا کردووەتە کاڵایەکی هەرزان.
بەهەرحاڵ، وۆڵکەر ساڵی 2003 لە دژی ئازادکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەستایەوە و لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی دژی ئەو شەڕەدا بەشداریی بەرچاوی هەبوو. هەر بەو هۆیەشەوە لە 8ی مارسی هەمان ساڵ، لە یادی ڕۆژی جیهانیی ژنان لەناو خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دژی شەڕی عێراق بۆ بەردەم کۆشکی سپی، دەستگیر کرا.
ساڵی 2008 نامەیەکی بۆ (باراک ئۆباما) سەرۆکی پێشووی ئەمریکا نووسی، تیایدا باسی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی کرد کە جیهانیان تەنیوەتەوە و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە. لە مارسی 2009 بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئیسرائیل و میسر بۆ کردنەوەی سنوورەکانیان بە ڕووی خەڵکی سڤیلی غەززە، لەگەڵ گرووپێکی ژنانی دژە جەنگ کە 60 کەس بوون، سەردانی کەرتی غەززەی فەلەستینیان کرد. هەروەها لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ و بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانی (ئازادی بۆ غەززە)، سەردانی فەلەستینی کردەوە.
وۆڵکەر ساڵی 2011 لە هەڤپەیڤینێکدا، ئەمریکای وڵاتی خۆی و ئیسرائیل بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ناو دەبات و دەڵێ: لە کاتی تۆقاندنی خەڵک، ئەو کاتەی وا دەکەی زۆر لێت بترسن، بەجۆرێک کە بە درێژایی ژیانیان و بە بەردەوامی لە حاڵەتی برینداریی عەقڵی و دەروونیدا بن، ئەوە تیرۆرە. کاتێ ژیانی خەڵک بریتی بێت لە تۆقین و ترس و بیمی بەردەوام، تۆش لە ئاستیاندا لە بەزەیی و میهرەبانی داشۆرابیت، بەم کارەت هاوکاریی ماشێنی سەربازی و سەرکوتکردن دەکەیت، بەمەش تۆ تیرۆریستیت.
هەروەها دەربارەی هەڵوێستی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر ئەو ستەمەی لە خەڵکی سڤیل دەکرێ، لە یەکێک لە هەڤپەیڤینەکانیدا دەڵێ: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە نێوان ئازار و هاواری مرۆڤە ژێردەستە و چەوساوەکان و قرووسکەی سەگێک کە کەوتووەتە گێژاوێکەوە، بایەخی زیاتر بە دووەمیان دەدەن و سەگەکەیان لەلا گرنگترە.
=KTML_Bold=نووسین وەک فریادڕەس=KTML_End=
وۆڵکەر کە بە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی پۆست مۆدێرن و کەسایەتییە پێشەنگەکانی ئەمریکا دادەنرێ، ژیانێکی ئاڵۆز و قەرەباڵغی هەبوو، جارێک وەک نووسەر، جارێکی تر وەک چالاکی مەدەنی، جارێکیش وەک مامۆستا لە زانکۆکانی ئەمریکا. لەنێو هەموو ئەو سەرقاڵیەشیدا، هەمیشە بەرگریکردن لە ئازادی، دژایەتیکردنی چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستی، داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، چەقی کار و و هەنگاو هەڵوێست و بایەخی بووە. لەناو هەموو ئەوانەشدا جگە لە نووسین، هیچ کارێکی دیکەی بە ئەڵتەرناتیڤی سەرەکی بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە مرۆڤدۆستییە نەدۆزیەوە و نووسینی کردە چەقی بایەخ. ئەو لە میانی نووسیندا زیاتر دەیتوانی وێنای ئەو مێژووە ڕەشەی ستەم و چەوساندنەوە بکات کە باوک و باپیرانی ڕەشپێستی، بە دەستیانەوە ناڵاندیان و تا ڕۆژگاری ئەویش، بە فۆڕم و جۆری دیکە بەردەوام بوو. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخە دەروونییە ئازاردەر و ئەو ڕابردووە بریندارەشی، دەبوو لە ئاست خۆخواردنەوەدا بەهێز و لە بەرانبەر بێهوودەیی و پیشخواردنەوەدا، خۆی بەدەستەوە نەدات. دواجار بڕیار دەدا ئەو هاوارە پەنگخواردووەی ناوەوەی خۆی لە میانی نووسینی چیرۆک، ڕۆمان، شیعر و وتاری ڕەخنەییدا بتەقێنێتەوە. زمانێک لە ڕێگایەوە بتوانێ گوزارشت لە مەینەتی، ئازار و ژانەکانی ژنی ئەفرۆئەمریکی بکات، بۆ ئەوەی هەمووان دەنگی ببیستن.
وۆڵکەر بە هەستێکی تیژ، بە درککردنێکی ورد، بە شارەزاییەکی قووڵ، بە خەیاڵێکی ڕەنگاڵە و زمانێک کە ناخی خوێنەر ختووکە بدات و ویژدانی بجوڵێنێ، زمانێک ئاودامان لە ڕیتم و وێنەی هونەری، کەوتە نووسینەوە و وێناکردنی واقیع و ژیانی ڕەشپێستەکان، خەباتی بەردەوامیان لەپێناو ئازادی، تێکۆشانی نەپساوەیان لەپێناوی پساندنی کۆتی ستەم و چەوساندنەوە، قوربانیدانیان لەپێناوی بەخاوەن دەرکەوتن لە بوون و بەها و شوناسی خۆیان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=