=KTML_Bold=ستیڤانی مایێر؛ نووسەرە خوێنمژەکە!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ستیفانی مایێر (مۆرگان)، ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمریکی کە ساڵی 1973 لە شاری هاتفۆردی ویلایەتی کنێکتیکت لەدایکبووە، پێش نووسینی ڕۆمانی (کازیوە- Twilight) کە ناوبانگی بە جیهاندا بڵاوبووەوە، تەنانەت کورتیلە چیرۆکێکیشی نەنووسیبوو. ئەو پێیوابووە دەرفەتی نییە ببێتە نووسەر، بۆیە پاش ئەوەی خوێندنی لە بواری ئەدەبی ئینگلیزی و یاسا تەواو کردووە، شوو دەکات و دوای خستنەوەی منداڵیش، خۆی بە پەروەردەکردنیانەوە خەریک دەکات و تەنیا بەوە ڕازی دەبێت کە ببێتە دایکی منداڵەکانی و حەز و ئارەزووەکانی خۆی، لە نێو چوار دیواری ماڵەکەیدا قەتیس بکات. بەڵام لەناکاو خەونێک هەموو ژیانی دەگۆڕێت و دەبێتە یەکێک لە دیارترین نووسەرەکانی ئەدەبی ترس و بیم لە جیهاندا، تەنانەت یەکێک لەو دەگمەن نووسەرانەی کە بە نووسینەکانی، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات.
مایێر کە هەنووکە بووەتە نووسەرێکی ناوداری جیهان و ئایکۆنێکی گرنگی ئەدەبی ترس، بەم هەنگاوەی دەیەوێ بە ژنان بڵێت، سەرەڕای هاوسەرگیری و خستنەوەی منداڵ و کاروباری ماڵ، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ شێوە و ئاراستەی ژیانی خۆی بگۆڕێ و سەرکەوتنی مەزن تۆمار بکات.
=KTML_Bold=نووسینەوەی خەون!=KTML_End=
مایێر لەو خەونەیدا هێشتا کچێکی هەرزەکارە و دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی خوێنمژێکەوە. ئەگەرچی ئەوە تەنیا خەونێک بووە و چاوەڕێ دەکرا کاتێ بێدار دەبێتەوە، بەهۆی سەرقاڵیی ژیانی رۆژانە، هەموو شتێکی بیر بچێتەوە، کەچی بەپێچەوانەوە، دیمەنەکانی ئەو خەونە لە خەیاڵی دەرناچن، بۆیە دیمەنەکان لەسەر کاغەز دەنووسێتەوە، دوای ئەوە و بە درێژایی سێ مانگ، شەوانە چیرۆکی خەونەکەی نووسیوەتەوە و ناوی ناوە (کازیوە).
کەس بەم کارەی نەزانیوە، تەنیا خوشکێکی نەبێت، کاتێ چیرۆکەکەی بۆ خوشکەکەی خوێندووەتەوە، زۆر پێی سەرسام بووە و هانی داوە بڵاوی بکاتەوە.
مایێر دەڵێ: هەرگیز لە خەیاڵمدا نەبوو ئەم زنجیرەیە بڵاو بکەمەوە، ڕاستییەکەی تەنیا بۆ خۆشیی خۆمم نووسیبوو.
بەڵام خوشکەکەی دەیهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی کە چیرۆکەکە ورووژێنەر و پڕ جۆشە و پێویستە چاپ بکرێ.
(کازیوە) یەکێکە لە ناسراوترین بەرهەمەکانی ستیفانی کە ساڵی 2005 بڵاوبووەتەوە. ڕۆمانێک کە لە چرکەساتی یەکەمی بڵاوکردنەوەیدا، سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش و گەورە و چاوەڕواننەکراوی بەدەستهێنا، بە جۆرێک لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا، ملیۆنان دانەی لێ فرۆشرا و وەرگێڕدرایە سەر نزیکەی چل زمانی زیندووی جیهان و بەهۆیەوە، لە دوای (ئان ڕیس)، وەک دووەم بەناوبانگترین نووسەری ڕۆمانی خوێنمژەکان ناوی دەرکرد.
ساڵی 2003 لە زیادکردنێکی ئاشکرادا هەشت خانەی چاپ لەسەر چاپکردنی ڕۆمانەکە کەوتنە کێبڕکێ، دواجار نووسەر بە دەستەوارەیەک بە بڕی 750 هەزار دۆلار، گرێبەستی لەگەڵ خانەی (لیتڵ براون) واژۆ کرد. ئەوە بوو ساڵی 2005 بە تیراژی 75 هەزار دانە چاپ و بڵاوکرایەوە و لە ماوەیەکی کەمدا و بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ڕیزبەندی یەکەمی پڕفرۆشترین کتێبەکانی وەرگرت و مافی فرۆشتنەوەیشی درایە (26) وڵات.
دوای سەرکەوتنی (کازیوە)، زنجیرەیەکی دیکەی سێ کتێبی بە ناوەکانی (مانگێکی نوێ - 2006، مانگگیران، یان شەوەڕەش - 2007، داڕمان - 2008 ) بڵاوکردەوە. بۆ ماوەی 143 هەفتە لەسەر یەک، ئەو سێ کتێبەیشی لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکان و لە پێشەنگی ڕیزبەندیدا مانەوە. تیراژی چاپی یەکەمی هەر سێ کتێبەکە سێ ملیۆن و حەوتسەت هەزار دانە بوو، کە تەنیا لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەیاندا، زیاتر لە ملیۆنێک و سێسەت هەزار دانەیان لێ فرۆشرا. بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا لەسەر ئاستی دونیا، نزیکەی 70 ملیۆن دانە لەو زنجیرەیە فرۆشراوە.
دوای ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە مەزنە لە ناوبانگ و داهات، ئەگەرچی بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو کە ڕەنگە ڕۆمانی (داڕمان)، دوا زنجیرەی (کازیوە) بێت، بەڵام دواتر وەک درێژکراوەی زنجیرەکە، دەستی دایە نووسینی ڕۆمانی (خۆری نیوەشەو). کەچی لەو دەمەی بە ئومێدی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانە نوێیەکەی بوو، بڕیاری دواخستنی پڕۆژەکە دەدا و وەک پڕۆژەیەکی سەربەخۆ کاری تێدا دەکات.
ئەو ژنە ڕۆماننووسە کە لە پای بەرهەمە خەیاڵییە سەرنجڕاکێشەکانی، چەندین خەڵاتی ئەدەبیی وەرگرتووە، ساڵی 2008 کە بەرگی چوارەمی زنجیرەکەی بە ناوی (داڕمان) بڵاوکردەوە، وەک ڕووداوێکی دەگمەن لە مێژووی بڵاوکردنەوە و کتێبفرۆشیدا، لە یەکەم ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا، ملیۆنێک و دووسەت هەزار دانەی لێ فرۆشرا، هەر ئەو ڕۆمانەش بوو وای کرد، نازناوی نووسەری ساڵی ئەمریکا و خەڵاتی (کتێبی بەریتانی) وەربگرێت.
بە بۆچوونی ڕەخنەگرانی ئەدەبی، مایێر توانی چیرۆکی خوێنمژەکان لە چیرۆکێکی سادە و بێماناوە، بگۆڕێتە سەر جۆرێکی ئەدەب کە شایستەی ستایش و خوێندنەوە و بایەخپێدان بێ. هەر ئەمەش بوو کە وای کرد ساڵانە داهاتی فرۆشی ڕۆمانەکانی بگاتە پەنجا ملیۆن دۆلار.
=KTML_Bold=لە بازاڕەوە بۆ شاشە.. لە خەونەوە بۆ ناوبانگی جیهانی=KTML_End=
وەک چۆن زۆر لەو نووسەر و ڕۆماننووسانەی کە بە ناوی بەرهەمەکانیان، یان بە کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانیان دەناسرێنەوە، بە هەمان شێوە ( Twilight ) بووەتە ناسنامەی مایێر.
ساڵی 2007 کۆمپانیای سمت ئینتەرتایمێنت، زنجیرەی یەکەمی ڕۆمانی (کازیوە)ی کردە فیلم. ئەو فیلمە کە (میلیسا رۆزنبێرگ) سیناریۆی بۆ نووسیوە و (کاترین هاردۆیک)یش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و هەردوو ئەکتەر (کریستین ستیوارت لە ڕۆڵی بیلا سوان و رۆبێرت باتینسۆن لە ڕۆڵی ئێدوارد کۆڵن بەشدارییان تێدا کردووە، یەکێک بوو لەو فیلمانەی سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێنا، بۆیە کۆمپانیای ناوبراو کاری لەسەر بەرهەمهێنانی بەشی دووەم و سێیەم و چوارەمی زنجیرەی ڕۆمانەکە کرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو فیلمانەی لە ڕۆمانەکانی مایێر وەرگیراون، لە پێشەنگی فیلمە ترسناکەکانی سەر شاشەی تیڤی و سینەماکانی جیهانن و پڕبینەرترین فیلمن.
بەهۆی شوێندەستی دیاری لە دونیای نووسینی خەیاڵ و خەیاڵی زانستی، سیحر و ئەفسانە، ترس و دونیای خوێنمژاندا، لە گۆڤاری تایم ڕیزبەندی 49یەمین کەسی لە لیستی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ساڵی 2008 وەرگرت. هەر لە هەمان گۆڤاردا و ساڵی دواتر لە ڕیزبەندی 26ەمین کەس لە لیستی سەت کەسە کاریگەرەکانی جیهان دیاری کرا.
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لە دوای ئان رایس، مایێر بەناوبانگترین نووسەری چیرۆکی خوێنمژەکانە و تەنانەت یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە شێوەیەکی ڕەها، لە ڕیزبەندی یەکەم و پێشەنگی نووسەرانی بواری ئەدەبی ترس دێت. ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش وەک “نووسەرێکی پڕ بەخشش و ڕۆماننووسی چیرۆکە داهێنەرەکان و سیمبۆلی هێزی نوێ لە بازاڕی بڵاوکردنەوە”دا وەسفی کردووە. ڕۆژنامەی تایمز بە “ ئەستێرەی خەیاڵی گەورە و بچووکەکان” ناوی بردووە و گۆڤاری لایف ستایلز بە “ کاریگەرترین ژنی ساڵی 2008” و ئێم ئێست ئێن بە “ ئەدیبی پڕشنگدار” وەسفیان کردووە. تا ئەو ئاستەی لەبارەی ئەو ژنە نووسەرەوە هەندێ لە نووسەر و ئەدیب و ڕەخنەگرانی ئەمریکا گوتوویانە ڕەنگە ئەمریکییەکان ئامادە نەبن مایێر بۆ سەرۆکایەتی وڵات هەڵبژێرن، بەڵام هەموو کات لەوپەڕی ئامادەییدان وەک خاوەنی پڕفرۆشترین ڕۆمانی ساڵ کاری بۆ بکەن.
=KTML_Bold=خوێندنەوە و میوزیک، وەک سەرچاوەی داهێنان!=KTML_End=
مایێر کەسێک بووە، تینووی خوێندنەوە. ئەو لەبارەی حەزی بۆ خوێندنەوە دەڵێ:” بە درێژایی ژیانم کار و بەرهەمی پێگەیشتووانم خوێندووەتەوە، لە منداڵیمەوە و تا گەورەش بووم، تینووی خوێندنەوە بووم”، مایێر زۆر بە (باورسۆن سکۆت کارد و جین ئۆستن) سەرسام بووە. ئەو ژنە ڕۆماننووسە ئاماژە بە خوێندنەوەی چەندین ڕۆمان دەکات کە لە نووسینی زنجیرەی (کازیوە)دا کۆمەکیان کردووە. لەوانە، ڕۆمانەکانی (شارلۆت برۆنتی، ئێل ئێم مۆنتگمری). وەک خۆیشی لە دیمانەیەکدا باسی دەکات، هەر ڕۆمانێکی لە زنجیرەی (کازیوە) لەژێر کاریگەری و سروشی یەکێک لە کارە ئەدەبییە کلاسیکییە ناسراوەکاندا نووسیوە. بۆ نموونە (کازیوە) لەژێر کاریگەریی ڕۆمانی (شکۆمەندی و بەرگەگرتن - جین ئۆستن).. (مانگی نوێ) لەبەر ڕۆشنایی (ڕۆمیۆ جولیێت - شکسپیر).. (مانگگیران) لەژێر کاریگەریی ڕۆمانی (بەرزاییەکانی وەزەرینگ - ئیمیلی برۆنتی) و (داڕمان)یش لەژێر کاریگەریی هەردوو کارە شانۆییەکەی شکسپیر (بازرگانی ڤینیسیا و خەونی شەوێکی هاوین) نووسیوە. هەروەها ددان بەوەشدا دەنێ کە کاریگەرییەکی زۆری میوزیک بەسەر زنجیرەکانی (کازیوە)وە هەیە.
=KTML_Bold=سیحری زمان و گیرۆدەکردنی خوێنەر=KTML_End=
بە وردبوونەوە لە نووسینەکانی مایێر، تەنانەت لە میانی سەیرکردنی ئەو بەرهەمانەیشی کە کراونەتە فیلم، خوێنەر هەست بەوە دەکات کە نووسەر زۆر بە ڕوون و ڕاشکاوی دەنووسێت. هەرگیز لە نێوان خوێنەر و ئەو خەونەی هاوبەشی دەکات ناوەستێ، هەمیشە دەیەوێ شتە ڕاستەقینەکەی پێ بڵێ. بەو مانایەی، هیچ وردەکارییەک، کونج و کەلەبەر و بۆشاییەک، نهێنی و پەنهانێک لەگەڵ خوێنەرەکەی ناهێڵێتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا زیاتر دەردەکەوێ کە خوێنەر (یان بینەری فیلمەکانی) بە ئاسانی و بێ بەربەست، بەر دیمەن و ڕووداوەکان دەکەون. تەنانەت دیمەنە ترسناک و ڕووداوە تۆقێنەرەکانیش، هۆ و ئامرازێکی دیکەی دەستی مایێرن، خوێنەر بە شوێن قووڵایی خەونەکانیدا، بە شوێن دۆزینەوەی وەڵامی پرسیاری نوێ، بە شوێن ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی دونیای خەیاڵیی خوێنمژەکان دەبەن. خۆشەویستی و خوێنمژی دەکاتە هەوێنی کارێک کە وێڕای ئەوەی دیمەن و ڕووداوەکانی ترس دەخەنە دڵی خوێنەرەوە (بەتایبەتیش بینەری فیلمەکان)، کەچی فانتازیایەکی بەرزی هونەرییان لێ بەرهەم دێنێ. زمانی گێڕانەوەی مایێر کە تێکەڵەیەکە لە سیحر و وێنەی بارگاوی بە ترس، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چێژی خوێندنەوە بێبەشت ناکا.
ئەو لە میانی تەکنیکی گێڕانەوە و ئەو زمانە جادووییەی چیرۆکەکانی پێ دەنووسێتەوە، لەگەڵ خۆیدا دەستت دەگرێ و دەتباتە ناو جۆرێکی دیکەی خەون، ناو دونیا و فەزایەکی دیکەی جیاوازی خەیاڵ. جارێک بەسەر جەستە و ڕۆح و گەرمی مرۆڤدا دەکەویت، جارێکی دیکە بەسەر کائینی سەیر و نامۆ کە ڕەنگە ڕۆژگارێک خەیاڵت بۆیان نەچووبێت. تاوێک دەترسێیت، کاتێکی تر دەگەشێیتەوە.. جارێک دڵت بۆ مرۆڤ لێدەدا، جارێکی دیکە بۆ کائینێکی نامرۆیی سەیر و نامۆ، کائینێک مرۆڤە و چووەتە دۆخێکی نامرۆیی. دەشێ لەو نێوەدا خوێنەر چاوی بچێتەوە سەر سروشتی شێواوی مرۆڤ لەو سەردەمەی تێیدایە، ئەو سەردەمەی مرۆڤ تێیدا لە زۆر خەسڵەتی مرۆییانەی داشۆراوە.
مایێر بە جۆرێک دەتخاتە بەر هەڵگرتنی باری خوێندنەوە، کە وا بە ئاسانی دەستبەرداری نەبیت. ئەوە بۆیە لە خۆڕا نییە، هەندێ لە ڕەخنەگران ئەو ژنە نووسەرەیان بە (دیاردەی سەرسامکەر) ناو بردووە و ددان بەوەدا دەنێن، کە وای لە تەواوی خەڵک کردووە، هەمیشە خەیاڵیان لای کتێب و خوێندنەوە بێت.
=KTML_Bold=بەردەوامی و بەخشین!=KTML_End=
مایێر لەناو چەقی ئەم هەموو سەرکەوتن و نازناو و دەسکەوتانەدا نەمایەوە، بەڵکو بەردەوام بوو لە نووسین وەک بەشێک لە پڕۆژەی ژیان. پاش زنجیرەی (کازیوە)، کۆچیرۆکی (شەوەکانی سەما لە دۆزەخ) و هەردوو ڕۆمانی (میوانی) و (کورتە ژیانی دووەمی بری تانەر)ی نووسی.
شەوانی سەما لە دۆزەخ، باس لە شەوە ئاهەنگەکانی سەما و ئەو ڕووداو و دیاردە ناشیرینانە دەکات، کە تیایاندا ڕوودەدەن، دیاردەی سروشتبەزێن و دوور لە عەقڵ و ئەفسووناوی. ڕۆمانی (میوانی)یش، ڕۆمانێکە لە تایپی خەیاڵی زانستی.
مایێر باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەم بەرهەمانەش، هێشتا کۆمەڵێک بیرۆکەی دیکەی هەیە بۆ نووسینی کتێبی تر لە بواری جیاواز، لەوانە چیرۆکی مۆتەکە و دێوەزمەکان، ڕۆمانێک دەربارەی گەشتکردن بەناو زەمەن، لەگەڵ چیرۆکێک لە بارەی پەریی دەریا.
خاڵێکی پڕشنگدار و سەرنجڕاکێش لە ژیانی نووسینی مایێر، بەتایبەتی لە پەیوەست بە داهاتی بەرهەمەکانی، بەخشین و بەشداریکردنە لە کاری مرۆیی و خێرخوازی. ساڵی 2009 بەشداری لە پڕۆژەیەکدا کرد، کە تایبەت بوو بە کۆمەککردنی تووشبووانی شێرپەنجە، بۆ ئەمەش بەشێکی زۆر لە ڕۆمانەکانی و دەستنووسە ئەسڵییەکانی خستە مەزادەوە. هەمان ساڵ هاوکاریی کۆمپانیایەکی کرد بۆ پڕۆژە و کارێکی خێرخوازی. کاتێکیش ڕۆمانی (کورتەژیانی دووەمی بری تانەر)ی نووسی و نیازی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەبوو، داوای لە خانەی چاپ و پەخشی (لیتڵ بڕاون) کرد، لە بەرانبەر کڕینی ملیۆنان دانە لە ڕۆمانەکانی پێشووی، ڕۆمانە نوێیەکەی بە دیاری بەسەر خوێنەرەکانیدا دابەش بکەن، بەڵام خانەی ناوبراو بەمە ڕازی نەبوو. تا دواجار لەگەڵ خانەکە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە بڕی دۆلارێک لە نرخی فرۆشتنی هەر دانەیەک لە ڕۆمانەکە، بدرێتە رێکخراوی خاچی سوور و پڕۆژەکانی فریاگوزاریی مرۆیی لە هاییتی و چیللی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=