=KTML_Bold=دانێڵ ستیل، ئەو ژنەی هەمووان دەیخوێننەوە=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ژنە رۆماننووسی ئەمریکی دانێڵ ستیل، ساڵی 1947 لە نیویۆرک لەدایک بووە. ساڵی 1965 هاوسەرگیری کردووە و ساڵی 1972 جیابوونەتەوە، دوای ئەوە، چوار جاری دیکە شووی کردووەتەوە، بەڵام هەموو ئەزموونەکانی هاوسەرگیریی شکستیان هێناوە کە دواترینیان ساڵی 2002 بووە و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییانەشی نۆ منداڵ بوون.
ستیل کە یەکەم رۆمانی خۆی لە ساڵی 1972 بەناونیشانی (گۆینگ هۆم) نووسیوە، دیوانێکی شیعری بە ناونیشانی (چامەکانی خۆشەویستی) و زنجیرەیەک کتێبی منداڵان و چەند کتێبێکی دیکەی ئەدەبی خەیاڵی و بایۆگرافیشی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە.
ئەم ژنە نووسەرە خاوەنی زیاتر لە 100 رۆمانە کە وەرگێڕدراونەتە سەر نزیکەی 30 زمان و تا ئێستا زیاتر لە 800 ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە. بەمەش دەبێتە یەکێک لەو هەشت نووسەرە جیهانییانەی کە لە مێژوودا زۆرترین بەرهەمیان فرۆشراوە، هەربۆیە ناوی چووەتە ناو کتێبی گینیس بۆ ژمارە پێوانەییەکان. جگە لەوە، زیاتر لە 28 ڕۆمانی کراونەتە درامای تەلەفزیۆنی و فیلمی سینەمایی.
=KTML_Bold=سادەنووسی وەک خوێنەر خستنە تەڵەوە!=KTML_End=
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی ئەمریکی، تێکەڵکردنی رووداوە راستەقینەکانی ژیان و کەسایەتییە خەیاڵییەکانە کە ستیل یەکێکە لەو نووسەرانەی بەم تایبەتمەندییە دەناسرێتەوە. پەنابردن بۆ ڕەگەزەکانی ورووژاندن، ئاوێتەکردنی خەیاڵ و واقیع، گاڵتەجاڕی و ڕژدی، تراژیدیا و کۆمیدیا کە بە هۆیەوە بەرهەمێکی جادووگەرانە دێننە ئارا، وا لە خوێنەر دەکەن لەنێوان واقیعی ڕووداوەکان و کەسایەتییە خەیاڵییەکاندا تێبمێنن و بۆیان لە یەکتری جیانەکرێتەوە. بە جۆرێک، خوێنەر وا لێدەکەن هەست نەکات کامە بەشی چیرۆک و ڕووداو و گێڕانەوەکان ڕاستەقینە و کامەیان بەرهەمی خەیاڵ و فانتازیای نووسەرن.
پرسیاری زۆر لەبارەی نهێنیی بەجیهانیبوونی ئەو ژنە نووسەرە و بەرهەمەکانی دەکرێ کە لە راستیدا نهێنییەکە بریتییە لە سادەنووسی و گێڕانەوەی ڕووداوەکان بەبێ گرێوگۆڵ و ئاڵۆزی. ئەو کە لە ڕۆمانەکانیدا کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزداری کردووەتە تەوەری سەرەکی، سەرنجی خوێنەرەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەوە بۆیە لە بەرگی دواوەی هەموو رۆمانەکانی دەنووسرێ هەمووان دانێڵ ستیل دەخوێننەوە.
ئەو چیرۆک و رووداوانەی ستیل کاری لەسەر کردوون، هەڵقوڵاوی ناو ژیانی کۆمەڵگاکەین، کێشەی مرۆڤە سادە و ساکارەکان، گرفتی کەسە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا کە لە زۆریاندا کۆتاییەکی دڵخۆشکەر هەیە، لەوانەشدا کە کۆتاییەکانیان بە ناخۆشی، یان جۆرێک لە تراژیدیا دێت، لە میانی قووڵبوونەوە لەناو وردەکارییەکانی چیرۆک و ڕووداوەکاندا، بە زمانێکی سەرنجڕاکێش و گێڕانەوەی ورد، خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات و بە شوێنکاتی جیاواز و ڕاستگۆیی هەستە مرۆییەکان ئاشنای دەکات و وای لێدەکات هەست بە نائومێدی و بێهوودەیی نەکات.
ستیل لە گۆشەی 10 پرسیاری (تایم) دا!
گۆڤاری بەناوبانگی (تایم) لە میانی دیدارێکی خێرادا، ستیل دەخاتە ناو سێرەی گۆشەی (10 پرسیار) کە بڕێک لە تینوێتی خوێنەران بۆ ئاشنابوون بە پەنهانەکانی ڕۆماننووس، لە گوشراوی وەڵامە پوختەکانی دەشکێنێ و هەوڵ دەدەین چەند گۆشەیەکی بچووکی بەشێک لە پرسیار و وەڵامەکان وەربگرین.
ئاسان نییە کەسێک دوای خۆکوشتنی جگەرگۆشەیەکی و ئەو هەموو شکستە کۆمەڵایەتییانە، کەچی بە باوەڕبوونێکی سەیر بە خود، بڵێ: نەخۆشیی کوڕەکەم بەشێکی گەورەی لە ژیانی من برد، کاتێکیش کە مرد، بیرم کردەوە و بڕیارم دا لەسەر نووسین و داهێنان بەردەوام بم و بەهۆی ئەوەوە ڕەوتی ژیانم نەوەستێنم. ستیل هەر لە درێژەی ئەو قسانەدا گوتبووی: دەمەوێ 100 رۆمانی دیکە بنووسم، چونکە هیچ بێهوودەییەک لەگەڵ ژیاندا نییە و هیچ ژیانێکیش لەگەڵ بێهوودەییدا نییە.
بۆ نووسەر کتێبەکانی ئەگەر نەڵێین زیاتر، ئاوا بە قەد جگەرگۆشەکانی خۆشەویستن، بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی لە باری ڕۆحی و یادەوەرییەوە لێیەوە نزیکن و پێیانەوە گرێدراوە. بۆیە شتێکی ئاساییە وەک هەر نووسەرێکی دیکە، کۆدی باشترین و خۆشەویستترین کتێبەکانی خۆیمان بۆ بکاتەوە و بنووسێ هەموو کتێبەکانمم خۆشدەوێن، لە نێویاندا کتێبی (ڕووناکییە گەشاوەکە)، ئەوەی کە پەیوەندی بە کوڕە کۆچکردووەکەمەوە هەیە و دەچێتە خانەی بیرەوەری، لەگەڵ ڕۆمانی (لیگاسی)، کە چیرۆکی ئازایەتی ژنێکی نەیتیڤ (دانیشتووانی رەسەنی ئەمریکا)ی ویلایەتی داکۆتایە.
بە سەرنجدان لە رۆمانەکانی و زمانی قسەکردنی لەسەر گرفتە دەروونی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، خوێنەر وا هەست دەکات کە نووسەر وەک ئەوەی خودی خۆی گرفتاری نەخۆشییە دەروونییەکە و گیرۆدەی کێشە کۆمەڵایەتییەکە بێت، ئاوا قسە دەکات. ستیل لەم ڕووەوە دەڵێت: ڕاستە وام کردووە، بەتایبەتی کە کتێبێکم لەسەر لەدایکبوون و چاودێریکردن و ئازاری منداڵێک نووسیوە، کە نەخۆشیی دەروونی هەیە.
ستیل دەربارەی پشکی ئەدەبی بیرەوەری، یان بایۆگرافی لە بەرهەمەکانیدا دەڵێ: بەشێک لە یادەوەری و بایۆگرافیی من لە کۆی ڕۆمانەکانمدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی ئەوتۆ نین کە لە ڕێگایانەوە گوزارشت لە تەواوی ژیانی من بکەن. ڕۆژێک دایکم هەمان ئەو پرسیارەی لێکردم و منیش لە وەڵامدا پێمگوت: دایە ئەگەر زۆر شتم لەبارەی خۆمەوە نووسیبا، چەندین ساڵ بوو، لە ڕیزی مردوواندا بووم.
نووسەرێک جگە لە زیاتر لە 100 ڕۆمان، چەندین کتێبی دیکەی هەبێت. نووسەرێک بە سەدان ملیۆن دانە لە کتێبەکانی فرۆشرابن، بۆ خوێنەر سەیر دەبێت کە ببیستێ هێشتا خەڵاتێکی ئەدەبیی شایستەی پێ ڕەوا نەبینراوە، وەلێ ستیل بە بزەیەکەوە دەڵێ: هەمیشە بیر و خەیاڵم لەسەر ئەوەیە، ڕێگاکانی چوونە ناو دڵ و هەستی خەڵک بدۆزمەوە و چۆن بتوانم بیانگەمێ. واتە ئەوەی بۆ من گرنگە، خوێنەران چەند بایەخ بە بەرهەمەکانم دەدەن، بۆیە هەرگیز بیرم لە خەڵات نەکردووەتەوە.
نووسینی زیاتر لە 100 ڕۆمان ئاسان نییە، مەبەست خودی نووسینەکە نا، بەڵکو سەختی لە دووبارەنەبوونەوەی ڕووداو و شوێنکات و کەسایەتییەکان، سەختی لە تێکەڵنەبوونەوەیان لە شوێنێکدا. ستیل بۆ ئەمە دەڵێت: ناتوانم بەشێک، یان دووبەش لە ڕۆمانێک بنووسم و لەگەڵیشیدا خەریکی نووسینی بەشێکی ڕۆمانێکی دیکە بم. بۆیە زۆرجار ناچارم کاتی زۆر بۆ نووسین تەرخان بکەم، تەنانەت جاری وا هەیە ڕۆژانە 22 کاژێر و بە درێژایی چەندین هەفتە بەردەوام دەبم. من وەکو ئافرەتانی دیکە ناچمە بازاڕکردن و مۆڵەکان، هەرگیز کاتی خۆم بە خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی نامە ناکوژم، تەنانەت دەتوانم بڵێم، ئەگەر پێویست بکات، ئەوا لە ماڵەوە ناچمە دەرەوە، هەتا رۆمانەکە تەواو دەبێت.
سەرەڕای تەرخانکردنی زۆربەی کاتی بۆ پڕۆژەی نووسین، تەنانەت ئەگەر بە بەرنامە و پلانیش بێت، بەڵام دواجار سروشتی ژیان وایە کە ڕێگرییەک هەر دەبێ ئاستەنگ بخاتە بەردەم بەرنامەی نووسەر، پەیوەست بەم بابەتە ستیل دەڵێت: زۆرجار ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بوومەتەوە. جارێک کە کوڕەکەم مرد، جارێکی دیکەش کە ژیانی خێزانیم داڕما و تێکچوو. لەو ماوەیەدا نزیکەی 14 هەفتە هیچ شتێکم نەنووسی، زۆریش دەترسام ئەو وەستانەم بۆ هەتا هەتایە درێژە بکێشێ.
لەبارەی ئایندارییەوە پرسیاری لێ دەکەن و ئەویش دەڵێ: من باوەڕدارم، ئەمەش لە میانی ناونیشانە ئاینییەکانی هەندێ لە بەرهەمەکانمەوە هەستی پێدەکرێ، لەوانە (نزای گیرابوو، نیعمەتی سەرسوڕهێنەر و …). ئایین بۆ من شتێکی کەسییە و پەیوەندی بە خودی مرۆڤ خۆیەوە هەیە. بەڵێ، ئایین لە بەشێک لە سەرکەوتنەکان و بەردەوامبوونم هاوکاریی کردووم.
بۆچوونیک هەیە باس لە ئەدەبی بازرگانی دەکات. بەو مانایەی لەم ڕۆژگارەدا ئەوەندەی کاڵایەکی بازرگانی و ئەدەبێکی میللیگەرایی تەمەن کورتە، هێندە ستاتیکی و قووڵ و تەمەندرێژ نییە. ستیل پێچەوانەی ئەوە دەڵێت: ڕەنگە 800 ملیۆن خوێنەری من شتێکی جیاواز بڵێن. بە پێچەوانەوە، بەڕای من ئەوەی ناو نراوە ئەدەبی بازرگانیی میللی، دەتوانێ تا ماوەیەکی درێژ بژیێت، لەم ڕووەوە چارڵز دیکنز نموونەیەکی گرنگە.
=KTML_Bold=نووسین وەک سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون!=KTML_End=
تا ئێستا و بەگوێرەی زۆر لە ڕاپرسییەکان، لە پای داهات و فرۆشی بەرهەمەکانیان، هەر یەکە لە (جوان ڕۆڵینگ بە یەک ملیار دۆلار، ستیڤن کینگ بە 400 ملیۆن دۆلار، دانێڵ ستیل بە 375 ملیۆن دۆلار، جێمس پاترسۆن بە 310 ملیۆن دۆلار، جۆن گریشام بە 200 ملیۆن دۆلار، جاکی کۆلینز بە 180 ملیۆن دۆلار و نورا ڕۆبێرتس بە 150 ملیۆن دۆلار) لە پێشەنگ و ڕیزبەندی یەکەمی نووسەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان دێن.
بە گوێرەی پۆلێنێکی گۆڤاری بەناوبانگی (فۆربس) لە ساڵی 2016، دەربارەی داهاتی نووسەرە ژنەکان لە بەرهەمی تەنیا ساڵێکیاندا (2015)، جەی. کەی. ڕۆڵینگ، نووسەری ئینگلیزی بەهۆی زنجیرەی هاری پۆتەر بە داهاتی 19 ملیۆن دۆلار لە ڕیزبەندی یەکەم، دوای ئەویش ڕۆماننووسی ئەمریکی نورا رۆبێرتس، بە داهاتی 15 ملیۆن دۆلار و دانێڵ ستیلی ڕۆماننووسیش بە هەشت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لە پلەی سێیەم دێن.
ڕەنگە بە دەگمەن لەسەر ئەو بۆچوونە ناکۆک بین کە نووسین کارێکی گەورە و گرنگە، پرۆسەیەکە هەموو کەسێک هەروا بە ئاسانی دەرەقەتی نایەت، بەڵام ئایا لە بنەڕەتدا نووسین تەنیا خولیا و ئارەزوویەکە، یان خەونێکیشە بۆ دەوڵەمەندبوون؟ ئاخۆ دەکرێ نووسین، نووسەرەکەی بژیێنێت؟ بە مانایەکی دیکە، ئایا کتێب دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی نووسەر، یان تەنیا هۆکارێکە بۆ ناوبانگی مەعنەوی؟ ئەگەر وایە، بۆچی زۆر لە نووسەرە هەرە دیارەکانی ناو مێژووی ئەدەبیات بە چەرمەسەری ژیاون؟
بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی و نووسەرە بەناوبانگەکان و بەراوردکردنیان بە دونیای ئەمڕۆ کە خەریکە تیراژی کتێب و داهاتەکانی نووسەران لە ڕۆژئاوا دەکەوێتە ناو لیستی کتێبی ژمارە پێوانەییەکان، ئاخۆ مافی ورووژاندنی ئەو پرسیارانەمان هەیە: خوێنەری ئەم سەردەمە بازاڕییە، یان جددی؟ بۆچی بەرهەم و داهێنانێکی ئەدەبی جیهانی کە تا هەنووکەش دەنگدانەوەی هەیە، خاوەنەکەی بە کولەمەرگی ژیاوە، کەچی هەندێ نووسەر کە ڕەنگە بەرهەمەکانیان لە ئاستی باڵایی ئەدەبیدا، نەگەنە ئەژنۆی یەکێک لە بەرهەمەکانی نووسەرانی کۆن، بەڵام خاوەنەکانیان بوونەتە ملیۆنێر؟
بە گوێرەی لیکۆڵینەوەیەک، زۆربەی هەرە زۆری نووسەرە داهێنەرەکان، ئەوانەی خاوەن بەهرە و سەلیقەیەکی دەگمەن و لە لوتکەی داهێناندا بوونە و کاریگەرییان نەک هەر بەسەر مێژووی ئەدەبیاتی جیهان، تەنانەت بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیشدا هەبووە، بە هەژاری و نەداری ماڵئاواییان لە ژیان کردووە.
سەرنج بدەن، لە ڕۆژەکانی کۆتایی ژیانیدا و بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات، شکسپیر خانووەکەی خۆی لە بەرانبەر بڕێ پارە، ڕەهن دەکات. ئەدگار ئالان پۆ لە شەقامەکانی واشنتن، بێنەوا و لانەواز دەسووڕێتەوە و دواجاریش، نەبوونی دەیکوژێ. ئۆسکار وایڵد بە گیرفانی خاڵی پاریس دەپشکنێ و دواتر بە مردوویی دەدۆزرێتەوە. ئەمە مشتی لە خەراوری ئەو نووسەرانەن کە لەناو مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیدا وەک ئەستێرە دەدرەوشێنەوە و هەر یەکێکیان لە بوارێکی تایبەتدا سەرمەشق و پێشەنگ و داهێنەر بوونە و هاوشێوە و نموونەیان نەبووە، کەچی بە هەژاری و نەداری سەریان ناوەتەوە.
=KTML_Bold=رۆمان و شەڕ=KTML_End=
ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی، تا ئاستێکی بەرز کەوتووەتە ژێر کاریگەریی جەنگەکان، لە پێش هەمووشیانەوە، هەردوو جەنگە جیهانییەکە. ئەو دوو جەنگەی نەک هەر جوگرافیای سروشتی و مرۆیی لە جیهاندا گۆڕی، بەڵکو ئاراستە و نەخشەی ڕۆمانیشی گۆڕی!
جگە لەوەی بەشێکی ڕۆمانی (خۆشەویستییەکی مەزن) کارکردنە لەناو جەنگدا، وەکوتر، هەردوو ڕۆمانی (دوو کچە جمکەکە) و (ژنێکی چاک) نموونەی جددی کارکردنی (ستیل)ن لەناو یادەوەرییەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانیدا. چیرۆک و ڕووداو و شوێنکاتی هەردوو ڕۆمانەکە، ساتەوەختی جەنگی یەکەمی جیهانین، لە یەکەمیاندا سەربوردەی تاڵی دوو خوشکی جمک دەگێڕێتەوە کە دوای مردنی باوکیان، بە ئەزموونی سەخت و ناخۆشدا ڕەت دەبن. لە دووەمیشیاندا ئەگەرچی ڕۆمانێکی تەواو ڕۆمانسیە و پڕە لە شکستی کۆمەڵایەتیی کچێکی تەمەن نۆزدە ساڵ، کە کچی خێزانێکی دەوڵەمەندی نیویۆرکە و لە کاتی جەنگدا بۆ چارەسەرکردنی بریندار و نەخۆشە هەژارەکانی شەڕ، بە خۆبەخشی دەچێتە فەڕەنسا، پڕیەتی لە دیمەنی تراژیدی و گرتەی ناسۆری جەنگ. خاڵی هاوبەشی نێوان دوو ڕۆمانەکە ئەوەیە، کە سەرەڕای جیاوازیی ڕووداو و شوێنکات و کاراکتەرەکان، بەڵام شکست لە ژیانی هاوسەرگیری کاراکتەرەکان، کۆیان دەکاتەوە، کە ئەمەش بە دیوێکدا ئاماژەیە بۆ ئەزموونە شکستخواردووەکانی نووسەر لەو بوارەدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=