=KTML_Bold=لە خەمی رۆژئاڤادا=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
هاوسۆزی لەنێوان رۆڵەکانی یەک نەتەوەدا، بەتایبەت نەتەوەیەکی دابەش و مەغدوری دەستی جوگرافیا و سیاسەت، بەرلەوەی هزر و هۆشیاری بێت، هەستە. هەستێک کە لە دەروونی هەر رۆڵەیەکی شیرحەڵاڵدا بەرامبەر هاوزمانەکەی، خۆڕسکانە دەڕەخسێ و سەرمەدیانە دەژی و بە هیچ کلۆجێک ریشەی هەڵناکێشرێ. خوێنێک بە دەمارەکانی ئەو هەست و ئینتیمایەدا دەگوزەرێ کە مەحاڵە ببێت بە ئاو. ئەو کاتانەش کە ئەم هزر و هەستە لە ئاستی دامەزراوە بەرپرسیارەکاندا، دەبنە پاڵنەری بەهاناوەچوون و پەڕینەوە لە سنوور، مانای وایە لە ئەجێندا و بیری بڕیاربەدەستانی ئەو دامەزراوانەدا، پابەندیی بەو هەست و هزرە، بەرنامە و ئەرکە، هەر ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی ئەو متمانە و پشتگەرمییەی تاکەکانی هەر گەلێک لە ئاڵنگاری و تەنگاویدا، لە ترس و سامی کوشندەیی تەنیایی و بێکەسی دەپارێزێ.
هەر کوردستانییەک ئەو شەوەی لە یادە کە پێشمەرگە بە هانای کۆبانێوە چوون، راستە هێزێکی بە ژمارە کەم بوون، بەڵام بەو هەموو دڵە گەرم و دەروونە شاد و پڕ حەماسەی لە هەموو لایەکی کوردستانەوە لەگەڵ هەنگاوەکانی پێشمەرگەکاندا بەرەو کۆبانێ بەڕێوەبوون، ئەو هێزە بچووکە وەکو گەورەترین لەشکری دونیا خۆی دەنواند. ئەو چرکەساتە نەک هەر ترۆپکی باڵابوونی هەست و هاوپشتیی نەتەوەیی کوردستانییانە بوو، بەڵکو چرکەساتی بێدەنگی و خۆکڕکردنی سنوورەکانیش بوو بەرامبەر باڵگرتنی هەستی هاوبەشیی رۆڵەکانی نەتەوەیەک کە مەحاڵ بوو رێی لێ بگیرێت.
هاودەرد و خەمخۆرانی براپشت هەمیشە لە تەنگانەدا سەردەردێنن، هەمیشە لە مەینەتدا لادەکەنەوە و دەستدەدەنە دەست، کە جەنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ رایدەگەیەنێت سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی# بەهانایانەوە چووە و لە بەرەنگاربوونەوەی ئافاتی کۆرۆنادا، هاوکاریی تەندروستی بۆ ناردوون، ئۆقرەیی و ئارامی بە دەروونی هەر کوردێک دەگات کە لەم مەینەتەدا نیگەرانیی هاوزمانەکانیەتی، بەتایبەت کوردانی پارچە بچووک و کەمدەستەکەی رۆژئاوا.
ئەو چریکەیەی مەزڵووم هەموو لایەکمان دڵنیادەکاتەوە کە سەرۆکێک زێدەباری سەروکاریی و لەنزیکەوە چاودێریی ئەدای دامەزراوەکانی هەرێمەکەی خۆی، (دوور لە باسکردن و بانگەشە) رۆڵەکانی رۆژئاواشی لەیادە. ئەم بەهاناوەچوونە لە مانا سیمبۆلییەکەیدا، دڵنیاکەرەوە و دڵدەرەوەیەکی میللییە و پێمان دەڵێ: دواجار وێنەی راستەقینە و رەسەنی نەتەوەی ئێمە، بەدەمیەکەوەبوون و بە فریای یەکدی چوونە، هەر پێچەوانەیەکی ئەم دیمەنە جوامێرانەیە، وێنەیەکی شێواو و ناڕەسەنە و رەنگ و رووی راستەقینەمان بەرجەستە ناکات.
هاوکارییەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رەنگە کەم بێت، بەڵام هەر وەکو هێزە بە ژمارە کەم و بە مانا گەورەکەی پێشمەرگەی بەهاناوەچوونی کۆبانێ، فراوانترین پشتیوانیی مەعنەوی و پەیامی هاوپشتیی نەتەوەیی هەموو کوردستانییانی لەگەڵە. پەیامێک دووبارە بە کوردانی رۆژئاڤا دەڵێ: بەتەنیا نین و لەیاد ناکرێن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=