=KTML_Bold=کورد و تەتبیع=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
لە سەروبەندی بە بنبەست گەيشتنى پرۆسەی سیاسی لە عێراق و گرژبوونی لەڕادەبەدەری دۆخ و گوتاری سیاسی لە کوردستاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەژنى رەمەزانى کردە دەرفەت بۆئەوەی جارێکی دیکە پەیامە تەباییخوازەکەی بەگوێی هەموواندا بداتەوە، ئەو پەیام و دیدەی دەکرا رێ لە زۆر قەیران بگرێت و ئێستاش دەکرێت کۆی دۆخە قەیراناوییەکە و لێکەوتە و دەرهاویشتە سەختەکانی لەسەر هەموو ئاستەکان هەرچۆنێک بووە، چارەسەر و راستەڕێ بکاتەوە.
لە دیدی سەرۆک نێچیرڤاندا، لەم عێراقە بێ ئامان و دەستوورشکێنەدا و لە سەرینی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ناوچەکە و جیهاندا هاتووە و دێت، کورد کە جگە لە خۆی، هیچ کەس لە خەمیدا نییە، گەر هەموو هێزەکانيشى يەکدەست بن، ئەوپەڕی بتوانێت لانیکەمى مافە بەدەستهاتووەکانی بپارێزێت و لێیان کەم نەکرێتەوە، چجای ئەوەى هەر لايەنێکى کوردى بە تەنیا و بەبێ منەت لەوی دی، لەجیاتی بە پشتی یەکدی، بە پشتیوانیی نەیارانی یەکدی، خەریکی شکاندنى یەکدی بن!
بڕیارە ناڕەواکەی دادگەی فیدراڵی دژ بە ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەڵگەی قۆستنەوەی قووڵترین ناکۆکیی نێوخۆیی سیاسی و ناتەبایی کۆمەڵگەیی کورد بوو، بۆ وەشاندنی زەبرێک لە کوردستان کە 10 ساڵ بوو هەلی وەشاندنی وەکو ئێستایان بۆ نەڕەخسابوو. ئەوانەش کە لە نێوخۆدا پێیانوایە زەبرەکە لە دەسەڵات وەشێندراوە نەک قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، دەبێت بزانن کە هەر بەڵایەک روو لە هەرێمی کوردستان بکات، بەر لە دەسەڵاتدار، هاووڵاتیی سادە باجەکەى دەدات و هەمیشەش بەڕە لە لا تەنکەکەیەوە دەدڕێت.
ڕوانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرمانڕەوایی لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەر له سەرەتاى ئەم تەقسيمبەندى و رێگە جياکردنەوەيەى پارتى و يەکێتى لە یەکدی، روانگەيەکى راشکاوانە بوو. ئەو لەمێژە دەڵێت، واقیعی سياسيى عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەم ساتەوەختەش بەجۆرێکە کە ئەستەمە هیچ هێزێک یان بەرەیەک بتوانێت بەبێ هاوبەشیى ئەوانى ديکە حوکمڕانى بکات. هەربۆيە لەدواى هەڵبژاردن، زۆرى جەخت کردەوە که دەبێت ناڕەزايى ئه و لايەنە عێراقييانە لەبەرچاو بگيرێت کە دەنگيان کەم هێناوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانيش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە سوورە لەسەر ئەوەى کە بەبێ پێکەوەيى، سەقامگیری نایەتەدی و نە لێرە پرسی حوکمڕانی لە تەنگژە و خەم دەڕەخسێت و نە لە بەغداش هيچ بە هيچ دەکەين.
لە روانگەى سەرۆک نێچيرڤاندا، کورد بۆئەوەى لە کێشمەکێشی بەغدا پێگەی بەهێزبێت، دەبێت یەکەمجار له نێوخۆدا هەبێت، ئه و هەبوونەش بەبێ پێکەوەيى و بەدەستهێنانەوەى پشتيوانيى ميللى، دەستەبەر نابێت. گەر دارەکەمان لێرە خواربێت، سێبەرەکەى نەک هەر لە بەغدا، لە هەموو شوێنێک خوار دەبێت.
جاران زمانی حاڵی کورد دەیگوت: نزیکی و دووریمان لە هەر لایەنێکى عێراقى بە ئەندازەی نزیکی و دووریی ئه و لايەنەيە لە دانپێدانانی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەو دەمە لایەنەکانی کورد سەرباری ناکۆکیی نێوانیشیان، وەکو پێکهاته داخڵى دانوستان دەبوون، نەک وەکو ئەحزاب، بۆیەش هەموو هێزەکانی عێراق، کوردیان وەکو پێکهاتە دەبینی و وەکو پێکهاتە مامەڵەیان لەتەکدا دەکرد، نەک وەک ئەحزاب؛ بەڵام ئێستا و لە ئاکامی ئەو دابەشبوونە قووڵەی هێزە کوردییەکان، خەريکە لە دیدی لایەنە عێراقییەکاندا، کورد لە پێکهاتەوە دەگۆڕێت بۆ ئەحزاب، ئەحزابێک کە موشتەرەکاتی ناسنامە پێکهاتەییە کوردستانییەکەیان، بە سیمای خیتاب و هەڵوێستیانەوە، تاوەکو ئەندازەیەکی ئەوتۆ کاڵ بووەتەوە کە هێزه عێراقييە جیاجیاکانی هێنابێتە سەر ئەو باوەڕەی کە کاتی لە ئێستا لەبارتر شکنەبەن بۆ کەمکردنەوەی مافە بەدەستهاتووەکانی کورد و لاوازکردن و لەبەینبردنی قەوارەکەی.
بۆ ئەوان کە باوەڕیان بە ماف و شایستەکانی کورد نەبووە و لە دەرفەتی لەبەینبردنی گەڕاون، لە ئێستادا خۆشحاڵن بەوەی لەجياتیی مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەيەکى يەکگرتوو و پێداگير و يەکدەنگ، مامەڵە لەگەڵ حیزبى جياجيا و سەوداى جياجيادا بکەن، گرەوی ئاشکرانەکراوی ئەوان لەسەر ئەم لێکترازانەی کورد، گرەوە لەسەر تەقسیمبوونی قەزیەی کورد و کاڵبوونەوەی پێداگریی کورد لەسەر ماف و داواکارییەکانی؛ گرەوە لەسەر قۆستنەوەی دۆخی خراپ و لاواز و لێکترازاوی کورد تاوەکو تێیدا بتوانن حیزبەکانى کورد بە ماف و ئیستیحقاقی کەمتر قايل بکەن، گرەوە لەسەر ئەوەی ئەولەویاتیان پێ بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر لەسەر کاخەزیش بێت، گەر وانييە: کورد و ئەولەوياتى کورد لە کوێ و تەحريمى تەتبيع لەگەڵ ئيسرائيل لە کوێ! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=