=KTML_Bold=چارەکە سەدەیەک رەنج=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
لە گەرمەی ئەو هەموو قەیران و شەڕپێفرۆشتن و هەڕەشە جددیيەی بۆ لەناوبردنی قەوارەی کوردستان و خۆبەدەستەوەدانی گەلەکەی لە ئارادایە، بڵاوبوونەوەی زنجیرە ڤیدیۆیەک لەم رۆژانەدا بە ناونیشان و ناوەڕۆکی (گەر پێشتر وەک ئەم چوار ساڵە کار بکرایە، هەموو سێکتەرەکانی ژیان لە کوردستاندا پێشکەوتووتر دەبوون)، جێی سەرنج و لەسەروەستان بوو، نەک تەنیا لەبەرئەوەی دۆخی کوردستان و هۆش و فیکر و خەمی خەڵکەکەی لە دۆڵێک و ناوەڕۆکی ئەم زنجیرە ڤیدیۆیە لە دۆڵێکی دیکەن، بەڵکو زیاتر لەبەر ئەوەی: بەڕاستی رووقایمی و جەسارەتێکی بێ وێنەی دەوێت رەنج و خەباتی چارەکە سەدەیەکی میللەتێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە وێرانەکەی، هەروا سووک و ئاسان و بە نووکە قەڵەمێک، کەموکورت و نادیدە بگیرێت!!.
ڤیدیۆکان ناوی بەرهەمهێنەرەکەیانی لەسەر نییە و ئەوەش خۆی لەخۆیدا و بە پێوەری میدیای متمانەدار و پیشەیی، کارێکی ناپەسندە. سۆراخم کرد و زانیم کە چەند گەنجێکی ڤیدیۆچیی کەم ئاگا لە مێژوو و کەم ئەزموون، لە پشت ئەم کارەوەن و بە نیازی مارکێتینگ بۆ کار و پڕۆژەکانی حکومەتی خۆمان کردوویانە، بەڵام پێدەچێ پەلەپروزێ و لێوردنەبوونەوە، سەرچیخی بردبن و بۆ پەسنی ئێستامان، ئەو تفەنگەیان بە رابردووی خۆمانەوە نابێت.
لەم ساتەوەختەدا کە لە هەموو لایەکەوە ناحەز و دووژمن خەریکن ئەزموونی خودحوکمڕانیی 30 ساڵی رابردووی گەلەکەمان وەک ئەزموونێکی شکستخواردوو وێنا بکەن و لەبەرچاوی خەڵکەکەمانی بخەن و بەرهەمەکەی لەناو ببەن، پێویستە چەند سەرەقەڵەم و چەند راستییەکی یەکجار سادە و بەڵگەنەویست بەبیر ئەو گەنجانە بێنینەوە بۆ ئەوەی کارەکان و ڤیدیۆکانیان و تفەنگنانیان بە رابردووی ئەزموونەکەمانەوە، ئاو نەکاتە ئاشی ناحەزانەوە:
ئێوە بەر لەوەی حەقتان بە خۆتان دابا ئەو مێژووە پڕ کار و ئازار و دەسکەوت و مەینەتە هەڵسەنگێنن، دەبووا بزانن و بپرسن بەر لە 30 ساڵ کە کوردستان ئازادکرا و کەوتەوە دەست خەڵکەکەی، چ وێرانەماڵ و کەلاوەیەکی خاپوور بوو، ئەوانەی ئێوە پێیان دەڵێن باش کارتان نەکرد!! بە چ چنگەکڕێ و رەنج و خەباتێک بەرد لەسەر بەردی سێ هەزار گوند، شارۆچکە و شاری رووخاویان هەڵچنییەوە!!. چۆن بە کەمترین توانا و ئیمکانات ملیۆنان کوردی جەنگزەدەی ماڵوێران، راگوێزراو، کولتوورشێوێندراو، ئۆردووگانشین، دەستوپێ سپی، دوورخراوە لە جووتیاری و کەسابەت و سەرچاوەی بژێوییان، دووبارە ئاوێتەی ژیان و ئومێد و بژێوی کردەوە.
ئەو قۆناخەی ئێوە دەڵێن وەک پێویست ئیشی تێدا نەکرا، قۆناخی قۆڵهەڵماڵین و رەنج و ئارەق رشتنی هەزاران ئەندازیار، پزیشک، مامۆستا، پیشەوەر، رۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، کرێکار، جووتیار، بەڕێوەبەر، راوێژکار، سیاسەتڤان، وەزیر و کادری لێزان و کارزانی گەلەکەمان بوو لە تاقیکردنەوەی سەختی سەلماندنی لێوەشاوەییدا و بۆ ئەوەی بیسەلمێنن گەلى کوردستان شایستەی خۆبەڕێوەبردنە و دەتوانێ وڵاتی خۆی بینا بکات و هیچی لە میللەتانی دیکە کەمتر نییە. جا کوا هەموومان هەمیشە و هەر بەو رۆحە شێلگیر و گیانە نیشتمانییە پڕ حەماسەت و باوەڕبەخۆبوونەی ئەوێ رۆژێ کارمان کردبا!.
ئەو ساڵانەی ئێوە دەڵێن باش کاریان تێدا نەکرا، نەک هەر ئەو هەزاران گوند و دەیان شارە وێرانەی تێدا ئاوەدان کرایەوە، بەڵکو ساڵانی گەشانەوە و فراوانبوونی شارە گەورە و پێشکەوتووەکانمان بوون کە پیشتر دواکەوتوو و پەراوێزخراو بوون: #هەولێر# لە هەولێرێکی فەرامۆشکراوی بێ خزمەتەوە بووە ئەو شەکرەشارەی چووە ریزی شارانی گەشەسەندووی جیهانەوە. دهۆک وەک شارێکی تەواو دەستکردی خەڵکى کوردستان و بەرهەمی خودحوکمڕانیی کوردی دامەزرا، دیانای لاچەپ و نەناسراو بووە شاری فراوان و گەشاوەی #سۆران#، #گەرمیان# دەستی هانای گەیشتێ، #هەڵەبجە#ی خنکاو ژیایەوە و سەدان شارۆچکە و شاردەدێی مەحفەوەبوو ژیانیان بەبەردا کرایەوە. لەو پرۆسە مەزن و فراوانە نیشتمانسازییەدا تەواوی سیستم و سێکتەرەکانی ژیان قەڵەمبازيی گەورەیان بڕی تاوەکو بەو فراوانبوونە شارستانییە مەزنە رابگەن.
نکۆڵی لەوە نەکراوە و ناکرێت کە لەو قۆناخە پڕکار و پرۆژە و گەشەسەندنەدا، کەم و زۆر کەم و کورتی و کەمتەرخەمیش هەبوون و چەندین هەڵەش روویاندا، هەر کەسێکیش دوور لە پێداهەڵگوتن و مەدح و سەنا ئەو مێژووە هەڵسەنگێنێ، ناتوانێ نکۆڵی لەو هەڵە و کەم و کاسیانە بکات و لە قازانجییش نییە ئەو نکۆڵییە بکات، بەڵام کار و بەرهەم و دەستکەوتی مەزنی ئەو خەڵکەی ئێوە دەڵین باش کاریان نەکرد، بووە مایەی ئەوەی جیهان هەرێمی کوردستان ناوبنێت عێراقەکەی دیکە، هەڵبەت دەشزانن عێراقەکەی دیکە واتە ئاوەدان، سەقامگیر، پێشکەوتوو، دیموکراتخواز و رێزگری مافی مرۆڤ و ئازادی و فرەیی و پێکەوەژیان.
داخۆ لە بیری خەڵک چووبێتەوە بووژانەوەی ئابووريی دوای 2005 چ خۆشگوزەرانی و گەشانەوەیەکی هێنایە کایەوە؟ بازاڕ چ بەرەکەتێکی تێکەوت و چۆن بە لێشاو گەنجان بەرەو مەیدانی کار و ئەو سەرمایەگوزارییە فراوانە دەچوون کە بە ئەندازەیەک پەرەیسەند تەنیا سەرمایەی دەرەکیی بەشدار لەو پرۆسەیەدا بە هەوڵ و حیکمەت و ئاسانکاری و هاندانی حکومەت گەیشتە 30 ملیار دۆلار. بە بیرتان نایەت بەرلەوەی #داعش# و قەیران یەخەمان بگرێ، چۆن بە لێشاو کوردانی هەندەران، تاڕاوگەیان جێدەهێشت و لە کۆچێکی پێچەوانەی سەرنجڕاکێش دا بەرەو کوردستان دەگەڕانەوە؟!
تەنانەت لەوکاتەی کەسادی ئابوورییش جیهانی گرتەوە، دیسان دۆخی هەرێمی کوردستان هەر تێکنەچوو، چونکە بازاڕی ئازادی دوور لە گوشار و دەستێوەردان گەش کرابوو و کۆمپانیاکان کە حکومەت ئاسانکار و پشتیوانیان بوو، بەهێز و سەرحاڵ مابوونەوە.
بریا دەتانزانی ئەو قۆناخی نیشتمانسازی و بووژاندنەوەیەی کوردستان کە ئێوە تانەی لێدەدەن، چ قۆناخێکی دەگمەنی یەکگرتنەوەی ئیرادە و ئیدارە و یەکێتیی ریزەکانی گەل و حیزبەکان بوو، چۆن ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکی سڕانەوە و دامەزراوە و دیموکراسی پەرەیانسەند. چۆن رێککەوتنی ستراتیژی و هاودەستی و کاری پێکەوەیی سەرۆک بارزانی و رەوانشاد #مام جەلال# و ئەو یەکڕیزییە نیشتمانییە کەم وێنەيەی لە ئارادا بوو، بوونە پشت و پەنای حکومەت لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی ئابووری و پێشخستنی کوردستان دا.
بریا کە بەو ڤیدیۆیانە تفەنگتان بەو قۆناخەی ئەزموونی حوکمڕانیی کوردستانەوە نا، ئەوەشتان لەبیربا کە بە شانازییەوە پارتیمان بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی پشکی شێری سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردن و سەرخستنی ئەو قۆناخی نیشتمانسازی و ئاوەدانکارییە و سەرۆکایەتیکردنی کابینەکانی حکومەتی یەکگرتووی بەرکەوت، ئەو پارتەی خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان تەرخان کرد و هەر لە سەرۆک و رابەرەکەیەوە تاوەکو دوا کادیری، خزمەتکاری ئەو پرۆسەیە بوون. بۆیە غەدرکردن لەو قۆناخە و تانەلێدانی بەوەی باش کاری تێدا نەکرا، غەدرە لە پارتی بەر لە هەر لایەنێکی دیکە.
بریا دەتانزانی ئەوانەی ئێوە دەڵێن وەک پێویست کاریان نەکرد، لە پرۆسەی دابینکردنی ئەمن و ئاساییش و تەناهیدا تاوەکو لە سایەیدا سەرمایەگوزاری، کار و کەسابەت و ئاوەدانکاری هەڵسوڕێن و حکومەت بە ئەرکەکانی رابگات، هەر لە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشەوە تاوەکو یەکە یەکەی کارمەندانی ئاساییش، ئەو ساڵانە چ شەونخونی و گیانبازییەکیان کرد.
دەبووایە ئەوەشتان لەبیر بێت هەر لەو قۆناخەدا کە ئێوە تانەی لێدەدەن، میللەتەکەمان بەرگەی شەڕی داعش و داڵدەدانی ملیۆنان ئاوارە و ئابڵوقەی بەغدا و سەرەتای شەڕی نانبڕینی گرت.
ئێوە که هەموو ئەمانەتان لەبير خۆتان بردووەتەوە، خەڵکى کوردستان زۆر باش لەبيريانه و هەرگيز بە کارێکى ناکامى ئاوا لەبيريان ناچێتەوە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=