=KTML_Bold=سی و شەش سەعات لە بەغدا=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
بە زمانەکەی دیکەی عێراق و بە لۆژیکەکەی دیکە، (بە زمانی کوردی و لۆژیکی دەوڵەتداری و دەستوورسالاری) کە پێچەوانەی (لۆژیکی نادەوڵەت و پاشاگەردانی و میلیشیاییە)، سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی# جارێکی دیکە لە بەغدا بە هەمووانی گوت عێراق نابێتە وڵات تاوەکو: مووچە لە پارێزگایەک دا وەک ئاوخواردنەوە ئاسایی و لە پارێزگایەکی دیکەدا مژدە و سەردێڕی بەپەلەی هەواڵ بێت. لە پارێزگایەکییەوە درۆنی مەرگڕێژ بۆ پارێزگایەکی دیکەی رەوانە بکرێت، سیاسەتکارانی کە نەوەی سەرکردە هاوسەنگەرەکانی دوێنێن، لەجیاتی درێژەدان بە رێبازی باوانیان، سەنگەرلەیەک بگرن و نەتەوەکانی عێراق لە ناکۆکییە بێ هودەکانیان تێوەگلێنن، رێگەنەدەن دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستوور و یاسا دامەزرێت، هەتا وابن و ئەم دەستوورشکێنی و فەرق و جیایی و ناعەدالەتییە پەیڕەو بکەن، تەنهاوتەنها رق دەچێنن و رق دەدوورنەوە، هیچ نیشتمانێکیش بەرمەبنای رق و کینە و تەفرەقە پێکنایێت، بۆیە هەڵگرانی (لۆژیکی نادەوڵەت) نەک هەر عێراقی یەکگرتووی ئۆقرەگرتوو بەدیناهێنن، بەڵکو تاوەکو چاو بڕبکات ناهێڵن عێراقێکی لەوجۆرە دروست بێت و ناشهێڵن کوردستانییان هەستی هاووڵاتیبوون و یەکسانییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئەو عێراقەدا بۆ دروست بێت، ئاخر ئەگەر کوردستانییان لە مووچەدا کە چوونیەکترین مافە، وەک هاووڵاتییانی دیکە نەبن، ئەدی چۆن هەست بکەن لە نەخشی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا هاوبەش و بەشدارن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە زۆر دەرفەتی دیکە و هەر لە بەغدا ئەم قسانەی بە هەمووان گوتووە، بەڵام رەنگە ئەم جارە جیاوازییەکە ئەوەبێت کە عێراق ئێستا سەرباری کێشەکانی خۆی، لە سەرینی شەڕ و ململانێیەکانی ناوچەکەوە لەگەڵ ئاڵنگاری و کێشەی دیکەی گەورە و خەتەرناک دەستەویەخەیە، ئەگەر خەمێکی نیشتمانییانە لەخۆی نەخوات و لانیکەم: نێوماڵی خۆی رێکنەخاتەوە، کێشەکانی لەگەڵ #هەولێر# نەخاتە سەرڕێی چارەسەر، رێگە لە شپرزەیی و پاشاگەردانیی ئەمنی نەگرێ و رێز بۆ حکومەت و یاسا و دامەزراوە نیشتمانییەکانی نەگێڕێتەوە، بەرگەی کاردانەوەی رووداوەکانی ناوچەکە ناگرێت.
لە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدادا، ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردبوو و لە رێی شاندەکانییەوە زانیاری و وردەکارییە دارایی و تەکنیکییەکانی بە داتا و ژمارە بۆ لایەنی بەرامبەر روونکردبووەوە و چاوەڕوان دەکرا ئیدی بەغداش پابەندیی خۆی جێبەجێبکات و کێشەکە چارەسەر بێت، مەیەنتیی مووچەخۆرانی بێ مووچە و کاسبکارانی بێ بازاڕی کوردستان چیتر درێژە نەکێشێ و لەوە زیاتر خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکیی سیاسی نەدەن، بەڵام پێدەچوو بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە هێشتا ئەرکێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە مابێت.
بۆکردنەوەی یەکجاریی گرێکوێرەکە و دابینکردنی ناردنی پارە بۆ مووچە و گەرەنتیی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیک دا بەشێوەیەکی ئاسایی، پێویست بوو پەیام و لۆژیکێکی قەناعەتهێنەر بچێتە بەغدا، پەیامێک و خاوەن پەیامێک کە نەک هەر کاربەدەستان، بەڵکو هەموو سەرکردە سیاسییەکانی بەغدا قەناعەت پێبهێنێ کە چارەی ئەم گرفتە داراییە، چەندە لە قازانجی هەرێمی کوردستانە، ئەوەندەش لە بەرژەوەندیی عێراق و ئایندەی پێکەوەژیانی نەتەوەکانی و پتەوبوونی یەک ئیرادەیی و خۆڕاگرییەتی بەرامبەر مەترسی و ئاڵنگارییەکان کە چواردەوری عێراق و ناوچەکەیان تەنیوە.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەسەرکردنەوەی بێ هەڵاوێردی هەموو ئەوانەی بەسەرکردنەوەیان لە مەسلەحەتی خەڵکی کوردستانە، هەوڵی سەرنەرمکردنی هەموو ئەوانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دا دەتوانن بەڵێ یان نەخێر بۆ تێری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کوردستان بکەن، هاندانی گیانی عەدالەتخوازی لای ئەو دادوەرانەی دەتوانن داداگای فیدرالی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دژی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بخەنەگەڕ، دووپاتکردنەوەی پشتگیریی بۆ سوودانی و حکومەت و دەستوور و یاسا و دامەزاروە نیشتمانییەکان، بیرکردنەوە لەگەڵ هەمووان بۆ تێوەنەگلانی عێراق لە شەڕ و ئاشووبەکانی ناوچەکە، سی و شەش سەعات کاری چڕ و کاریگەریی متمانەدار و هیممەت و لۆژیکی قەناعەتهێنەر و بەرهەمدار، سەرئەنجام گرفتی دارایی نێوان هەولێر و بەغدای خستەسەر رێگەچارە، رێگەچارەیەک نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەمووان خۆیانی تێدا بە براوە ببینن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=