=KTML_Bold=لە پێکەوەهەڵکردنەوە بۆ پێکەوەژیان=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ جەنابی سوودانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و تەقەلاکانی میوانەکەی لە دێڕێکدا کورتکردەوە و گوتی: #نێچیرڤان بارزانی# لە هەموو ئەو دۆسیە گرنگانەدا ئامادەیە کە پەیوەندییان بە ژیان و بژێویی هاووڵاتییانەوە هەیە.
ڕەنگە هەر ئەو راستییە کە جەنابی سوودانی وەک شاهیدێکی بە ویژدان باسی لێوەکرد، هۆکاری سەرەکی بێت کە: تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بارگرژیی نێوان #هەولێر# و بەغدا دەگەیشتە ئەوپەڕی و لای ئەوانەوە دەنگی شۆڤێنیی دژە کورد، بێ شەرمانە بەرز دەبووەوە و لای خۆشمانەوە جڵەو بۆ کوڕوکاڵی خوێنگەرمی کەم ئەزموون شل دەکرا عێراق بدەنە بەر تانە و تەشەر و بەغدا (کە نیوەی کاربەدەستەکانی کوردن) ناو بنێن پایتەختی ئیحتلال. تەنانەت ئەو کاتانەش کە جەسارەت دەکرا هەموو رووکردنە بەغدایەک بە جۆرێک لە عێراقچێتی و موونەرمیی نەتەوەیی هەژمار بکرێ، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەر نەیدەهێشت کارەکە لە گرێژنە دەرچێ و رایەڵەکان بپچڕێن. ئەو لە چرکەساتە زۆر گرژەکانیشدا هەر باوەڕی وابوو کە سیاسەت گەر پەرۆشی بێت بۆ ماف و ژیان و بژێوی و بەرژەوەندیی خەڵک، دەبێ پڕ بێت لە نەفەسی گفتوگۆخوازی و حەوسەڵەی دانوستاندنی ماندوونەناسی نەرمی نوێنی بیهن فرەوان، نەفەسێک تێبگات کە ئیدارەی ژیانی میللەتێکی زەحمەتدیدە لە هاوکێشە ئاڵۆز و بێ رەحم و بەیەکداچووەکانی سیاسەتدا، ئەوپەڕی حیکمەت، میانەڕەوی، دەست خستنە دەستی هەمووان، نزیککردنەوەی دوورییەکان، رەواندنەوەی رق و گومان، هەڵچنینی متمانە و دۆزینەوەی ئەو پانتاییە هاوبەشانەی دەوێت کە ماف و بەرژەوەندی و ویستی هەمووانی تێدا جێ ببێتەوە.
لە هەموو قۆناخەکانی پەیوەندیی گرژی نێوان بەغدا و هەولێردا، نێچیرڤان بارزانی هەرگیز لەو حەقیقەتە غافڵ نەدەبوو کە ئێمە و بەغدا جوگرافیایەکی پێکەوەلکاو و چارەنووسێکی پێکەوەگرێدراو شەریکایەتییەکی شەتەکدراو، مەحکومی کردووین بە پێکەوە هەڵکردن و تەحەمول کردنی یەکدی. بۆیەش بۆ علاجی ناکۆکییەکانمان، جگە لە گفتوگۆ، لەبەردەم هیچ لایەکماندا دەرەتانی دیکە نییە. نە ئەوان رێگەیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ مەرکەزیەت و خۆسەپێنی و نکۆڵی لە وجود و مافی کورد، نە لەبەردەم کوردیشدا جگە لە رێگەچارەی لێکگەیشتن لەگەڵ بەغدا، هیچ رێگەیەکی دیکە کراوەیە. ئاخر نە رێگە بە ئێمە درا (بە رەواترین بەهانە و هەنجەتیشەوە) ئەم شەراکەتی جوگرافیایە هەڵوەشێنینەوە، نە بۆ ئەوانیش ئاسانە و ئەو زەمەنە ماوە کە بتوانن تەواوی جوگرافیاکە لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن و ئێمە نادیدە بگرن. کەواتە هەتاوەکو چاو بڕبکات هەردوولامان مەحکوم و ناچارین بە پێکەوەهەڵکردن و تەحەمولکردنی یەکدی، بەڵام ئەم ناچارییە حوکمی کۆتایی نییە ئەگەر عەقڵانیەت و واقیعبینیی سیاسی و رەچاوکردنی بەرژەوەندیی میللەتانی عێراق، هاندەر و هەڵسوڕێنەری نوخبەی سیاسیی هەردوولا بێت، گۆڕینی ئەو (تەحەمولی یەکدیکردن و پێکەوەهەڵکردنی ناچارییە) بە (پێکەوەژیانی بە ویست و خواست) و گواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لە ململانێوە بۆ پشتیوانیی یەکدی و لە دڕدۆنگییەوە بۆ شەریکایەتیی راستەقینە، مەحاڵ نییە.
بە واقیعبینی و تێگەیشتنی قووڵ لە دەوڵەتی شەریکایەتی، بەغدا قووڵایی ستراتیجی کوردستانە، کاربەدەستانی کورد دەبێ لە سەروەری و هێز و توانای ئەو قووڵاییە ستراتیجییە کەڵکی سیاسی وەربگرن و کارێک بکەن هاووڵاتییانی کوردستانیش، لە هەموو ئەو ماف و شایستانە سوودمەند بن کە هاووڵاتییانی دیکەی دەوڵەتەکە هەیانە. ئەم روانگە واقیعبینە دەبێ بەرەو دەستپێوەگرتن و خۆبەخاوەنکردنی زیاتری عێراق و خەمخۆریی زیاتر لە راستەڕێبوونەوەی و داڕشتنی روانگەی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی هانمان بدات و بەرژەوەندیی گەلەکەشمان هەر لەوەدایە. جا چەندی ئێمەی کورد بە بڕواوە ئەو راستییەی سەرەوەمان قبووڵ بێت، ئەوەندە بە دەنگێکی دلێر دەتوانین بە نوخبە و شەقامی شەریکە عەرەبەکەشمان بڵێین: ئێوەش دەبێ دەست لەو باوەڕە نەزۆکە هەڵگرن، کە پێیوایە لەقاڵبدانی کوردستان و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی و دژایەتیی فیدراڵیزم لە خزمەت یەکپارچەیی عێراقدایە!
لە راستیدا چەندی یەکدی بێنین و ببەین، لە کۆتاییدا چارەیەک نییە جگە لە گەیشتنی هەردوولامان بەو باوەڕەی: نە ئەوان بە ئیفلیجکردنی گەشەی کوردستان، گەشە دەکەن و بەهێزدەبن، نە ئێمەش لەژێر ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەواندا دەتوانین درێژە بە گەشەی خۆمان بدەین. نە ئەوان تا ئەبەد دەبێ دیلی ئەو ترسە وەهمییە بن کە فیدراڵیزم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و دابەشی دەکات، نە ئێمەش دەبێ ئەو هەستەیان بدەینێ کە وەک قۆناخ و بەردەبازێک بەرەو ئامانجێکی دیکە لە فیدراڵیزم دەڕوانین.
هەمیشە یەک لە ئامانجەکانی هەر سەردانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رەواندنەوەی ئەو هەستە تاڵ و نادروستەیە کە کورد گوایە تەنیا بە دوای بودجە و بەرکەوت و بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی و هیچ باکی بە عێراق و گرفتارییەکانی عێراق نییە. لەو پێودانگەوە سەردانی ئەمجارەش هاوکات هەم بۆ سۆراخی کاروباری هەرێمە و هەم بۆ خۆ بەساحێب کردن لە کاروباری عێراقیش. هەم بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامبوونی مووچە و چارەی نەوتی وەستێندراوی هەرێمە و سوودانی گوتەنی: بەدوای دۆسییەکانی بژێوی و گوزەرانی خەڵکەوەیە، هەم بۆ هاودەنگییە لەگەڵ سیاسەتکارانی عێراق بۆ پشتیوانیی سەرۆکوەزیران بەر لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن کە وەک رووداوێکی گرنگ، بۆ هەموو لایەکمان لە عێراقدا جێی بایەخە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=