=KTML_Bold=سەردانی ئەم جارەی سەرۆک=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
دواجار هەوڵەکانی چەند ساڵی رابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ گەیشتنە لێکگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی دەهاتنە پێشی و دەخرانە پێشی، بە ئاکام گەیشتن. سەفەری ئەم جارەی سەرۆک بۆ بەغدا لە هەر جار سەرکەوتووتر بوو. بەغدا لەگەڵ باوەشی گەرم و کراوەیدا، لە هەر جار زیاتر بۆ بەپیرەوەهاتن و پەسندکردن و پەیڕەوکردنی روانگەی چارەسەرخوازانەی سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی#، ئامادەیی نیشاندا و ئەم ئامادەییەش لە لێدوانی سەرکردە و کارەکتەرە سیاسییە کاریگەرەکانی بەغدادا بە روونی رەنگیدایەوە.
سەرئەنجام زەمینەی باوەڕهێنان بەو راستییە هاتە ئاراوە کە #هەولێر# و بەغدا چەند ساڵێکە لە ململانێی یەکتریدا، تەنیا توانا و کات بۆ بەدیهێنانی مەحاڵ بەفیڕۆدەدەن، دەنا نە بەغدا دەتوانێت هەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە بۆ پێش دەستوور، نە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەبێ پشتیوانیی بەغدا بەڕێوەبچێت، نە دەرفەت بۆ کورد هەیە لە دەرەوەی ئەو جوگرافیا سیاسییەدا هەبێت، نە زەمینەیەک بۆ هەراشبوونەوەی بیری شۆڤێنی و نکۆڵیکردن لە کورد و مافەکانی ماوە. نە لەقاڵبدانی کوردستان و ئابڵوقەدانی خەڵکەکەی، هەیبەت و هێز بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە و سوودێک بە خەڵکی عێراق دەگەیێنێت، نە کوردستانیش بێ منەت لە بەغدا و سەرەڕای ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەوان دەتوانێت درێژە بە گەشەی خۆی بدات. نە هیچ سوود و خێر و قازانجێکیش لەم ململانێ بێ جەدوایەدا بۆ هیچ لایەکیان هەبووە و هەیە. کەچی لە حاڵێکدا بە پێچەوانەی ئەم کوێرەڕێی یەکتربڕین و ململانێ عەبەسییەی بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق ناکات، رێگەیەکی دیکەی کراوەی پشتیوانکراوی نێودەوڵەتی لەبەردەم هەردوولادا هەیە کە چەند ساڵێکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات هەموو لایەک بیبینن و بیگرنەبەر: رێگەی دروستکردنەوەی متمانە و بەهێزکردنەوەی ئینتیما و پێکەوە ئاوەدانکردنەوەی دیوەخانی سیاسیی بەغدا، پێکەوەبوون و پێکەوە بڕیاردان لەئاست پرسە هاوبەشەکان، خۆبەخاوەنکردن لە پرس و کێشەی یەکتر، دەستگرتن بە بەرژەوەندی و سوودی پێکەوەگرێدراوی کۆی خەڵکی وڵاتەکە. رێگەی دابینکردنی سەقامگیری و یەکگرتوویی نیشتمانی، گێڕانەوەی ئیرادە و سەروەری و سەربەخۆیی بڕیار بۆ عێراق، گرتنەبەری رێگەی ئایندە، رێگەی پەرەپێدان و پێشکەوتن و بنیاتنانی دواڕۆژ.
لە راستی دا دوو لەو دەستکەوتانەی لەم سەردانەدا بەدیهاتن و دوو لەو کێشانەی چارەی بنەڕەتییان بۆ دۆزرایەوە، دەکرێت وەکو نموونە دەستنیشان بکەین بۆ ئەو لێکگەیشتن و پەرۆشییە هاوبەشەی کە لە بەغدا وا دێتەئاراوە و لەم سەردانەدا بەروونی بینران، ئەوانیش: پرسی مووچە و پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانن.
پرسی مووچە لەسەر بنەمایەکی پتەو چارەسەرکرا کە ئیدی دەبێ لە ئایندەی نزیک دا چیتر مووچە و هاتنی مووچە نەبنە مژدە و نەبنە سەردێڕی هەواڵ. نزیکبونەوەی دەستەبژێری سیاسیی بەغدا لە روانگەی چارەسەرخوازانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و پەسندکردنی ئەو روانگەیە وەک چاکەخوازییەکی نیازپاکانە بۆ بەرژەوەندی و خێری تەواوی عێراقییەکان، سەنەدێکی جێگەی متمانەی کۆتاییهێنانە بە گرفتی مووچە و بژێویی خەڵکی کوردستان. جگە لەوەی گرفتەکە لەڕووی یاسایی و بە بڕیاری دادگای فیدڕالییش کۆنکرێتییانە چارەسەر کراوە، ئەو بەڵێنەش بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە کە چیتر مووچەی خەڵک تێکەڵی هیچ ناکۆکییەکی سیاسی ناکرێت.
پرسی هەڵبژاردنی کوردستان و پەرۆشیی و خۆبەبەشدار زانینی دامەزراوە فیدرالییەکان و دەستەبژێری سیاسیی بەغدا لەوبارەیەوە، خەمخۆرییان بۆ ئەوەی کە بە سازان و بەشداریی هەموو لایەنەکان و هەموو پێکهاتەکان و پاک و یەکسان و عادیلانە بەڕێوەبچێت، ئاماژەیەکی دیکەی قوڵی ئەو لێکگەیشتنەیە کە هاتووەتە ئاراوە، لێکگەیشتنێک کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، بە سوود و قازانجی سەقامگیریی کۆی عێراق دەبینێت.
تێگەیشتنی بەغدا لە هەوڵەکانی ئێستای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە بەشداریی هەمووان و بێ پەراوێزخستن و مافخورانی پێکهاتەکان بەڕێوەبچێت. هاوکات تێگەیشتنیان لە هەوڵ و تەقەللاکانی ساڵانی رابردوویشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و بێ دواکەوتن، پشتگیرییە لە روانگەی نیشتمانی و کوردستانی و خەمخۆرانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە دوا ئامانجی لە سازدانی هەڵبژاردن، سەرکەوتنی کوردستان و بەهێزبوونەوەو گەڕانەی شەرعیەت و گەلپەسەندییە بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم جارە پرسی مووچە و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە لێک تێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا چارەسەرکرا، ئەوە چارەسەرێکی پتەوە. پاراستنی ئەو لێک تێگەیشتنە چارەسەرەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=