=KTML_Bold=پرا دەلال و پەيڤێن زەلال=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
سێ رۆژی رابردوو سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی# بە سیفەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاوکات وەک جێگری سەرۆکی پارتى دیموکراتی کوردستان سەردانی دەڤەری بادینانی کرد، بۆیەش جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئيداری، رێکخستنەکانی پارتیشی بەسەرکردەوە.
لە کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانی ئيدارى، کە (کۆبوونەوەی کراوە) بوون، جگە لە کاروباری کارگێڕی و دەستخۆشیی لە کاربەدەستان کە سەرباری قەیران، نەیانهێشتووە پەرەپێدان و خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیاندا بوەستێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی بایەخی هەڵبژاردنی ئارا، پتەوکردنی پێگەی کوردستان لە رێی نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، پەرۆشیی بۆ ئارام بەڕێوەچوونی بانگەشە و هەماهەنگیی هەمەلایەنە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد. کاتێکیش وەک جێگری سەرۆکی پارتی لە (کۆبوونەوەی حیزبی و داخراو)دا بۆ هەڤاڵانی پارتەکەی دوا، هەر بە هەمان زمان قسەى کرد و بەوانيشى گوت: هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەت و بەهێزبوونەوەی پێگەی بەئامانجگیراوی هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە. بۆیە ئەرکمانە وەک چۆن هەموو هەوڵێکمان دا هەڵبژاردن بکرێت، هەوڵی سەرخستنيشى بدەین.
لە کۆبوونەوە حیزبييەکانيدا بە هەمان خيتابى کۆبوونەوە ئيدارييەکانى، دووپاتی کردەوە کە گرتنەبەری رێى سندووقی دەنگدان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ، خۆی لە خۆیدا گرتنەبەری رێی سەرکەوتنە، بۆیەش چەندە ئەنجامەکان بۆ هەر حیزبێک گرنگە، سەرکەوتنی پرۆسەکە و رەخساندنی زەمینەی داهاتوو بۆ پێکەوە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە کە وڵاتی هەموو لایەکمانە(جا هەر لایە و بە قەبارەی خۆی) دواجار سەرکەوتنە بۆ هەموومان.
نێچیرڤان بارزانی بەبیر کادرانی پارتی هێنايەوە کە ئەوە سەرۆک بارزانی بوو لە سەرەتای راپەڕینەوە پێشنیازی هەڵبژاردنی کرد و رێی دیموکراتی پێشانی هەمووان دا، بۆیە دەبێ ئێمە لە دیموکراسیدا پێشەنگی هەموو لایەک بین. باوەڕمان وەک هەمیشە پته و بێت بەوەى دەسەڵات تەنیا بە پشتیوانی خەڵک بەدی دێت و بە رەزامەندیی خەڵک بەردەوام دەبێ، تەنها لە رێیی بەدەستهێنانی دڵی خەڵکەوە، دەنگی خەڵک بەدەست دێت و ئەوەش تەنها بە خزمەت و کاری باش دێتەدی.
ڕۆژی دووەم لەبەردەم پردی دەلال و کۆڕنیشی دڵگیری #زاخۆ#دا، پووختەی هەمان ئەو قسانەی لە هەردوو جۆرى کۆبوونەوەکاندا کردبوونی، بۆ دەزگاکانی راگەیاندنیشى دووبارەکردنەوە و جەختی کردەوە کە نابێ لایەنەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکدی بشکێنن و بسڕنەوە.
جێگری سەرۆک بە متمانەیەکی بێ غرورەوە بە هەڤاڵانی پارتەکەى گوت: حیزبی ئێمە گەورەترینە، بۆیە دەبێ لە بانگەشەشدا لە ئاست ئەو گەورەییەدا بین، تەنیا باسی مێژوو و دەسکەوت و هەڵوێست و شانازییەکانی خۆمان بکەین بەسمانە و کارمان بە باسکردنی خراپیی کەس نییە. لە خاوەندارێتی و دیفاع لە قەزیەی میللەتەکەماندا، خاوەنی یەکەم و سەنگەری یەکەمین، لە چاوی چاودێراندا لە هەمووان بەرچاوترین، بۆیەش بەرپرسیاریمان لە هەمووان زیاترە.
لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی گەرموگوڕ لەگەڵ هەڤاڵە پارتییەکانیدا، هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: راستە ویستێکی شەڕانگێز بۆ لێدانی دۆزی کورد لە رێی بچووککردنەوەی پارتییەوە لە ئارادایە، بەڵام هەوڵێکی نەزۆکە و نایەتەدی، چونکە پارتى تا هێزى ميللەتى لە پشت بێت بە هێزی شەڕ و پیلان و هەڕەشە و هەندەسەی پێش وەخت بچووک نابێتەوە.
خولاسەى کەلام: نێچيرڤان بارزانى لە پێگەى سەرۆکى هەرێمی کوردستان و لە پێگەى جێگرى سەرۆکى پارتى و لەبەردەم مايکى کەناڵەکانى ميدياشدا بە هەمان خيتاب قسەى کرد و زمانحاڵيشى دەيگوت: کۆکردنەوەى ئەوپەڕى دڵسۆزى و تێکۆشان بۆ حیزبى خۆت، لەگەڵ ئەوپەڕى پەرۆشى و خەمخۆرى بۆ سەرکەوتنى کوردستان لەم ئيمتيحانەدا، نەک هەر پێکەوە گرێ دەدرێن، بەڵکو پێکەوە يەک خيتابى سەنگين و بەرپرسيار و يەک روانگەى نيشتمانييش بەرهەم دێنن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=