=KTML_Bold=کورد لە ئوردن و مافیا لە کوردستان=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
کاژێرێک و چل خولەک دوای فڕینمان لە #هەولێر#، خۆمان لە عەممان بینییەوە، ئەو شارە چوار ملیۆنییەی کە بووەتە قیبلەنومای گەشتیاریی پزیشکی لە ناوچەکەدا، پلەی پێنجەمی دنیاشی گرتووە و بە پێش زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کەوتووە.
عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردنی هاشمی، پڕاوپڕە لەو سەردانیکەرانەی لە وڵاتەکانی خۆیان هیوابڕاو بوون و بۆ چنینەوەی هیوای چارەسەری، لە دەرگای پزیشکانی ئەوێ دەدەن. ئوردنییەکانیش بە شێوازێکی هێندە شاهانە و روویەکی هێندە گەشەوە پێشوازییان دەکەن، بە درێژایی ژیانیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا خەونی وایان نەبینیوە.
دۆخی سیاسیی هێمنی وڵاتەکە، خەڵکی نغرۆی ژیانێکی پڕ جووڵە کردووە، کەرتی تەندروستیش بۆ دابینکردنی داهاتی شانشین، یەکەمی بێ رکابەرە، بەڵام ئەمە هەر وا ئاسان دەستنەکەوتووە.
نەخۆشخانەکانی ئوردن بەسەر چوار پایەدا دابەشکراون: نەخۆشخانە حکومییەکان، زانکۆییەکان، سەربازییەکان و تایبەتەکان. هەر هاووڵاتییەکی ئوردنی لە بەرامبەر بەدەستهێنانی بیمەی تەندروستی بۆ خۆی و خێزانەکەی، مانگانە 3%ی مووچەکەی دەداتە حکومەت، بەمەش تەواوی چارەسەرە پزیشکییە پێویستەکان لە هەر چوار دینگە سەرەکییەکەی کەرتی تەندروستی بۆ خۆی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەدەستدێنێ.
شا، لە کۆشکی شاهانەوە دانانیشێت، دوای سەرپەرشتیکردنی دانانی سیستمێکی تۆکمەی تەندروستی، بەدواداچوون بۆ کاری پزیشکانی وڵاتەکەشی دەکات، کوردێکیشی کردووەتە بەرپرسی باڵاترین دەزگای تەندروستیی وڵات. د.هانی ئەلکوردی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای تەندروستییە و ئەندازیاری سەرکەوتنە ناوازەکەی کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەیە.
بەپێی پلانی شا، ئاو، هەوا، خۆراک و دەرمان هێڵی سوورن، لە هەمووی گرنگتریش بەدیهێنانی وڵاتێکی خاڵی لە نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکانە کە وێنای شایە بۆ تەندروستی، بەمەش شەڕی نەخۆشییان لە نێو نەخۆشخانەکانەوە بردووەتە دەرەوە و گرنگییەکی زۆر بە خۆپارێزی دەدەن، ئەمەش کرۆکی سەرکەوتنی سیستمە تەندروستییە جیهانییەکانە.
وڵاتێکی خاڵی لە نەوت، گاز و سامانە سروشتییەکان، بازرگانییەکی بێوێنە بە ئاوەکەی دەکات. روخسار و جەستەی هەموو دنیا بە قوڕ و خوێی دەریای مردوو سواخ دەدات و داهاتێکی دیکە دەستدەخات، لە بحر المیت و تاڤگەکانی مەعین خەڵکی لە هەموو جیهانەوە دێن و لە نزمترین خاڵی گۆی زەوی کۆدەبنەوە، بێگومان ئەمەش دوای پلانێکی مارکێتینگی کاریگەر کە خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەکات.
سیستمی تەندروستی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیام بینیوە، بەڵام بەوەی ئوردن زۆر سەرسام بووم، چما هەوەنتەیە وڵاتێک لە ئاڵۆزترین بستە زەویی جیهاندا تەنیا بە بواری پزیشکی بچێتە ریزی زلهێزەکانی دنیا؟
لەوێ، من بە سەرکەوتنی کورد و بەشداریی کارایان دڵخۆش بووم، بەڵام خەفەتی گەورەم لەوە خوارد کە کورد نهێنی سەرکەوتنی کەرتی تەندروستی وڵاتێک بێت، لە وڵاتەکەی خۆشم وەزیر و حکومەت و دەسەڵات، دەستەوەستان بن بەرامبەر ئەو گرووپە مافیاییانەی بەپێی بەرژەوەندیی چاوچنۆکانەی خۆیان، کەرتی تەندروستی بنکۆڵ بکەن.
بۆ ئەوەی لە سیستمی تەندروستی کوردستان تێبگەی، ئەو چەند دێڕەی سەرەوە پێچەوانە بکەرەوە، لێرە ئەو بەرپرسە باڵایانەی بڕیار لە دانانی وەزیری تەندروستی و پلە باڵاکانی دیکەی نێو کەرتی تەندروستی دەدەن، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان لە بازرگانیی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان ئاڵاندووە و بێویژدانانە بەربوونەتە گیانی مرۆڤێک کە نەخۆشە، وەزیریش نقەی لێوە بێت دەیدەنە دادگا، ئاخر ئەوان لەسەرووی دادگا و پەرلەمان و حکومەت و یاسا و رێساوەن.
لە ئوردن هیچ بەرپرسێک بۆی نییە تێکەڵی بازرگانی بێت، ئەگەر باوەڕ نەکەی حەقی خۆتە، چونکە مرۆڤ باوەڕ بە خەیاڵ ناکات، خەیاڵی ئێرە خاڵۆ، راستەقینەی ئەوێیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=