=KTML_Bold=دکتۆری بەنگلادیشی=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
زۆرینە پێیانوایە پزیشکان دەوڵەمەند و خوداپێداون، کەم کەس ئاگای لەو زنجیرەیەی پلەبەندی پزیشکی هەیە کە ئەرکە قورسەکانی کەرتی تەندروستی خستووەتە سەر پزیشکێکی گەنج و رۆژانە لەژێر فشاری دەوامێکی سەختدایە، قەیرانی دارایی و کەمی مووچەش پزیشکە گەنجە ماندووەکەی خستووەتە خانووێکی کرێ، کە نە بە کڕینی شیری منداڵە ساواکەی رادەگات، نە بە کێشانی نازی خێزانەکەی، نە بە کرێی تاکسی، نە کارتی مۆبایل و نە بە بەجێهێنانی ئەرکە پزیشکییە مرۆییە سەختەکەی.
هەمووان پێیانوایە نیوەی باڵەخانە باڵاکانی وڵات هی پزیشکانن، بێئاگا لەوەی ئەوانەی خاوەن باڵەخانەی بەرزن کێشەی دەوام و مووچە و شیری منداڵ و دووری ماڵیان نییە، وڵات بۆ ئەوان شامی شەریفە و خۆیان بڕیاردەر و شای نەخۆشخانەکانن.
مووچە نەبێت، گوزەران دادەبەزێت، هەمووان بۆ مووچە بێنە سەر شەقام ئاساییە، بەڵام پزیشک قسەی وا بکات بڤەیە، ئاخر ئەو فریشتەیە و نە دەخوات و نە دەخواتەوە، نە حەز و ئارەزووی هەیە و نە هەست و نەست، رۆبۆتێکە و دەبێت خزمەت بکات و بێدەنگ بێت، ئەگەر نقەی لێوەهات هێرشی هەمەلایەنە دەستپێدەکات و کۆتایی نایەت.
کە کاتی خوێندنی باڵایان دێت، پزیشکی گەنج هێندە مەرجی قورسی بۆ دادەنرێت، کە نە لە هارڤەرد تووشی گێچەڵی وادەبێت نە لە ئۆکسفۆرد، بە ئاشکرا و رۆژی رووناک پێیدەڵێن لێرە دەرفەتی خوێندنت نییە.
لەڕاستیدا هەر ئەم سێ هۆکارە سەرەکییە هەن کە بەردەوامی دەدەن بە کۆچی پزیشکان بۆ دەرەوە، سەختی گوزەرانیان، خراپی سیستەمی تەندروستی و ئاستەنگی خۆپێگەیاندنیان لەڕووی زانستییەوە.
پزیشکانی گەنج لێرە شەو ناخەون، رۆژانەش دەکەونە بەر هەڕەشە و هەندێکجار تەنانەت لێدان و ئازاردانیش، لە هەموو کەموکوڕییەکان ئەوان تۆمەتبارن، دەرمان نییە یەخەی ئەوان دەگیرێت، سەرەی تیشک دوو ساڵە خەتا لەوان دەگیرێت، نەخۆشخانە کۆن و پۆخڵە ئەوان بەرپرسن، لە جیهانی پزیشکانی گەنج شەونخوونی هەیە، مووچە نییە، بەرپرسیاریەتی هەیە ماف نییە، گیان و ژیانی خەڵکیان لەئەستۆدایە و هی خۆیان لەژێر هەڕەشەدایە، بچووکترین مافی مرۆڤ کە رێزگرتنیەتی پێشێلدەکرێت.
لەبەرامبەر بێباکی و خەمساردی ئێرەشدا، وڵاتانی وەکو کەنەدا و ئەڵمانیا باوەشیان کردووەتەوە و بە مووچەیەکی خەیاڵییەوە پێشوازییان لێدەکەن، هەلی کاریان بۆ دەدۆزنەوە و دەیانخەنە بەر خوێندنی باڵاش، پشتگوێخراو و قەدرسووکەکەی ئێرە، دەبێتە قەدرگرانترین شای نەخۆشخانەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا، دەستیان خۆشبێت کە پزیشکێکی ئامادەکراویان دەستدەکەوێت و وەک پاروێکی ئاسان خێرا قووتی دەدەن.
ئەگەر کێشەی نەبوون یان خراپی سیستەمی تەندروستی چارسەرنەکرێت، کە خودی سەرۆکی حکومەت دانیپێداناوە، ئەگەر چاوێک بە گوزەران و ژیانی پزیشکانی گەنج نەخشێندرێتەوە، ئەگەر ئاسانکاری بۆ خوێندنی باڵای پزیشکان نەکرێت، بێگومان شەپۆلی کۆچ بەردەوام دەبێت، تاکو وای لێدێت کۆڵەگە سەرەکییەکەی نەخۆشخانەکان دادەڕمێت، ئەوکاتە قسە پان و پۆڕەکانی بەرپرسانی کەرتی تەندروستی دادنادات و ئەوەی باجەکە دەدات هاونیشتمانی هەژارە، کار وابڕوات دەبێت جۆرێکی پزیشک هاوردەبکەین، کە هەم لە ماڵەوە خزمەتکار بێت و هەمیش لە نەخۆشخانە، ئەمەش مەگەر لە بەنگلادیش بەڕادان بدرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=