=KTML_Bold=ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستکردە؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
ڕۆژ لە دوای رۆژ، نهێنی گرنگ و کاریگەر لەبارەی کۆرۆناوە دزەدەکەن، بەتایبەتیش بۆ نێو نێوەندە پزیشکییەکان، هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان رێگرن لە بڵاوبوونەوەی بەشێکیان، بەڵام ئەمە رێگر نییە لە کەڵەکەبوونی شاخێک لە پرسیار و گومان لە مێشک و خەیاڵی زانایان و توێژەرانی بوارە پزیشکییە پەیوەندیدارەکان.
مردنی گوماناوی دکتۆر لی، ئەو پزیشکەی بۆ یەکەمجار هۆشداری بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێی لە چین راگەیاند، بە هۆکارێکی نادیار و بەو هەموو لێڵی و شڵەژاوییەی بە راگەیاندنی هەواڵەکەوە دیاربوو، گومانەکانی لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە قووڵترکردوونەتەوە.
هۆکارێکی سەرەکی مردن بە کۆرۆنا پەککەوتنی کتوپڕی کۆئەندامی هەناسەدانی کەسی تووشبووە، کە ئەمە وەک مانگەشەو لە سیتی سکانی قوربانییەکان دەناسرێتەوە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، بۆچی تاوەکو ئێستا چین ئامادەنییە تاکە بەڵگەیەک، شیکارییەک، تیشکێک، سیتی سکانێکی دکتۆر لی بڵاوبکاتەوە بۆئەوەی دەریبخات کە بەڕوونی بەچی مردووە، بە دوو دێر و لە بەینی دوو کەوانەدا گوتیان بە کۆرۆنا مردووە و بڕایەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لی بۆ یەکەمجار هەواڵەکەی لە گرووپێکی وی چاتدا بڵاوکردەوە و هاواری دەکرد فریای وهان بکەون پەتاکە زۆر خێرا و بکوژە، کاربەدەستانی چین دەستبەسەریانکرد و دڵسۆزییەکەی ئەویان بە رووشاندنی ئاسایشی میللی چینی دانا.
توێژینەوەکان بەردەوامن لەسەر کۆرۆنا، سەرنجڕاکێشترینیان دانەیەکی هیندییە کە پرۆفی#سۆران#ی ئینیستیتیوتی تەکنەلۆژیی و زانکۆی دەلهی بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە، توانا زانستی و تەکنەلۆژییەکانی هەردووک دەزگا زانستییەکە لەسەر ئاستی جیهاندا کەمهاوتان، بۆیەش توانیوییانە بە خێراییەکی زۆر بگەنە ئەنجامێک کە رەنگە لە داهاتوودا ئاراستەی کۆرۆنا بگۆڕن.
بەگشتی کۆرۆنا نوێیەکە لە خێزانی Coronaviridaeە کە 11 ڤایرۆسن و هەر جارێک بە شێوەیەک خۆیان نمایشدەکەن، خاسیەتەکانیان هێدە نزیکن لەیەکەوە کە بە یەک خێزان ریزبەندکراون، بەڵام توێژینەوە سەرنجڕاکێشەکە خاسیەتی دیکەی دۆزیوەتەوە.
من توێژینەوەکەم لە سەرچاوەیەکی پزیشکانی سنگ و هەناسەی جیهانیدا دەستکەوت، پوختەی کۆتایی توێژینەوە زانستییە وردەکە هەندێک گۆڕانکاری سەرسامکەر و شێوەدەستکرد لە ریشاڵەکانی ڤایرۆسەکەدا دەرخستووە، زاناکانی دوو دەزگا دەلهییەکە بەراوردێکی زانستی و وردیان لەنێوان کۆرۆنای نوێ و هەموو کۆرۆناکانی دیکە بە تەکنەلۆژیای MultiAlin software ئەنجامداوە، دەرکەوتووە ناوکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هی خێزانەکەیە، بەڵام چوار ریشاڵە پرۆتینییەکەی دەوری ناوکەکە لە هیچ یەکێک لە ئەندامانی دیکەی خێزانی کۆرۆنا ناچن، ئەوان بە راشکاوی دەڵێن هیچ بنەمایەکی زانستی ناتوانێت باوەڕ بەوە بکات ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سرووشتی ڤایرۆسەکە بەو کاتە خێرایە، سرووشتی و ئاسایی بێت.
لەوە سەیرتر ئەوەیە کە دەڵێن خاسیەتەکانی چوار ریشاڵە نوێیەکە زۆر نزیکن لە خاسیەتەکانی ریشاڵە پرۆتینییەکانی HIV، ئەم لەیەکچوون و خزمایەتییە نوێیەی نێوان کۆرۆنا و ڤایرۆسی تووشکەری ئەیدز بەلای زانا و توێژەرە هیندییەکانەوە بەرەو ئەوەیان دەبات بیر لەوە بکەنەوە کە کۆرۆنای نوێ ڤایرۆسێکی دەستکردە!
لە وهان، ئەو شارەی کە کۆرۆنای نوێی تێدا دۆزرایەوە، تاقیگەیەکی گەورە هەیە کە کاری توێژینەوەی گەورە و جیهانییە لەسەر ڤایرۆس و میکرۆبە جۆراوجۆرەکان، ئەگەر لێکدانەوەکەی توێژەرانی دەلهی دروستبێت، ئەنجامەکە دەمانباتەوە بۆ ئەو دوو گریمانە ترسناکەی کە هێشتا پزیشکان نایانەوێت بیدرکێنن، یەکەمیان رەنگە پرۆسەیەکی زانستی لەسەر ڤایرۆسێک لە تاقیگەکەی وهان لە کۆنترۆڵ دەرچووبێت و بووبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، گریمانەی دووەمیش رەنگە جەنگێکی بایۆلۆژی بێت و ئەمریکا لە دژی چین بەرپایکردبێت تاوەکو بەربگرێت بە هەڵکشانی خێرای ئابووری چین، کە تاکە مەترسی ئابوورییە لەسەر ئەمریکا لە داهاتوودا.
تۆ لەمانە گەڕێ، ئەی ئەگەر کۆرۆنا هاتە کوردستان چیمان بەسەردێت؟
چین بەو هەموو زلهێزییەوە هێشتا دەرەقەتی کۆرۆنا نایەت، کوردستان زۆر لەوە ناسکترە و ئەگەر بە جیددی خۆمانی بۆ ئامادەنەکەین، کۆرۆنا دەتوانێت قیامەتی کوردستان بهێنێتە پێشەوە، چین بەو هەموو توانا ئابوورییەوە هێشتا ناتوانێت تەنانەت ماسکیش دابینبکات، ئینجا کۆرۆنا هێشتا لە وهان بوو نرخی ماسک لە کوردستان بۆ چوارهێندە بەرزبووەوە، ئەی ئەگەر کۆرۆنا هات چی دەقەومێت؟
چین بەو هەموو ژێرخانە گەورەیەی هەیەتی هێشتا پێویستی بەوەیە لە 10 رۆژدا نەخۆشخانە دروستبکات و کردیشی، ئەی ئێمە دەتوانین چی بکەین کە ژێرخانی تەندروستییەکی فشۆڵمان هەیە و تەندروستی هەرگیز پێشینەی کاری حکومەت و سیاسییەکانمان نەبووە و نییە.
کامە تاقیگەی حکومی و ئەهلی لە کوردستان و عێراق دەتوانێت کۆرۆنا بناسێتەوە؟ بێگومان نیمانە، کامە تیمی پزیشکی تایبەتمەند دەتوانێت دۆخەکە کۆنترۆڵبکات؟ دڵنیام و هەمووانیش لەمن باشتر ئەوە دەزانن کە نیمانە.
ئێمە لە کوردستان کەمتر لە 60 قەرەوێڵەی هەناسەی دەستکردمان لە یەکەکانی چاودێریی چڕ هەیە، ئەگەر 100 کەس تووشی کۆرۆنا بوون بۆ کوێیان دەبەیت؟ ئەی ئەو نەخۆشانەی ئێستا لە یەکەکانی چاودێریی چڕ خەوێندراون و بێ هەناسەدانی دەستکرد دەمر، ئەوکاتە بۆ کوێیان دەبەیت؟
وەرگرتنی پلەی گەرمی جەستەی گەشتیار لە فڕۆکەخانە اچعف الایمانیش تەواو نییە، ئەی ئەگەر گەشتیارەکە پانادۆڵێکی خواردبوو پلەی گەرمیی جەستەی دابەزیبوو و تای نەمابوو، ئەوکاتە چی؟
ئەرکی وەزارەتی تەندروستی و خودی وەزیری تەندروستییە کە واقیعەکە وەک خۆی بگەیەنێتە سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان و رای گشتی، نابێت وای پێشانبدەین کە وڵات شامی شەریفە، دڵسۆزی ئەوە نییە کێماسییەکان پەردەپۆشبکەین، دڵسۆزی ئەوەیە راستگۆیانە واقیعەکە وەک خۆی بگەیەنین تاوەکو بەرپرسە باڵاکانیش لەوە تێبگەن ئێمە ژێرخان و سەرخانێکی وێرانی تەندروستیمان هەیە.
من ئەمانە ناڵێم تاوەکو بتانترسێنم، مەبەستیشم نییە حکومەت یان هەر کەسێک برینداربکەم، ئامانجمە بە راشکاوی، راستگۆیی و دڵسۆزی پێتانبڵێم، کوردستان بەرگەی هیچ جۆرە پەتایەکی کوشندە ناگرێت، نە سیری کوردی و نە ئەو شۆیەی کە پێشانی خەڵک دەدرێت دەتوانن رێگریبکەن لە هاتنی هیچ پەتایەک، بۆیە تکای دڵسۆزانەی من لە بەرپرسە باڵاکانی وڵات ئەوەیە، بۆ پاراستنی خۆتان و هاونیشتمانییان بایەخی جیددی و شایستە بە کەرتی تەندروستی بدەن، ئێستا کاتی هەڵوەستەکردن و بیرکردنەوەیەکی جددییە، دوایی کە کۆرۆنا یان هەر پەتایەکی هاوشێوە هات ناپرسێت کێ هاونیشتمانیی ئاساییە، کێ سەرۆکی هەرێمە، کێ سەرۆکی حکومەتە و کێ سەرۆکی پەرلەمان؟ دەچێتە هەناسەی هەموومانەوە بێ جیاوازی! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=