=KTML_Bold=کوردستان دەبێتە ئیتاڵیا؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
کاتێک کۆرۆنا لە ئیتاڵیا دەرکەوت، هاوڕێ و دۆستە ئیتاڵییەکانم ترسییان لێنیشتبوو و داوای رێکاری تووندیان دەکرد، پرۆفیسۆر کارلۆ رۆکا هاوڕێیەکی نزیکی 65 ساڵیمە و مامۆستای کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ساپیانتسایە لە رۆما ئەوکاتە پێیگوتم خەڵک گاڵتەیان بە کۆرۆنا دێت، کەس خۆی ناپارێزێت، من و ژنەکەم پابەندین بە هەموو رێنماییەکان بەڵام دڵنیاین بێ ئاگایی خەڵک ئیتاڵیا بەرەو کارەسات دەبات، رۆکا لەڕێگەی پەیوەندییە تایبەتەکانی هەوڵی زۆری لەگەڵ حکومەت دەدا بێنە سەر هێڵ و رێکاری خێرا و تووند بگرنەبەر.
دۆخی ئێستای کوردستان پەیوەست بە کۆرۆنا دەقاودەق لە دۆخی ئەوکاتی ئیتاڵیا دەچێت. ئەوکاتە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا تێکەڵکرابوو بە سیاسەت، ئەمە گومانێکی زۆری بۆ خەڵک دروستکردبوو و ئەوان بۆ دوو بەرە دابەشبووبوون، بەرەیەکیان ئەوانەبوون کە بڕوایان بە کۆرۆنا نەبوو و بەرەیەکیش کە کەمینەبوون ئەوانەبوون کە هاواریان لێ هەستابوو و هاوشێوەی هاوڕێ قژ سپییەکەم داوای رێکاری دژەکۆرۆنایان دەکرد، ئێستا لێرەش رێک وایە، کۆرۆنا تێکەڵ بووە بە سیاسەت و بەشێکی زۆری خەڵک باوەڕیان پێی نەماوە.
ئەوکاتە لە ئیتاڵیا حیزبەکان خەریکی ململانێی تەسکی خۆیان بوون، کێشە کۆن و نوێکانی نێوان دوو ئاراستە سەرەکییەکەی سیاسەت لە ئیتاڵیا گەرمدەکرانەوە و شەقامی ئیتاڵی پێیانەوە سەرقاڵ بوو، لێرەش ئێستا وایە.
خەڵکی ئیتاڵیا ئەوسا بڕوایان بە کۆرۆنا نەبوو و گاڵتەیان پێدەکرد، ماسکی کۆرۆنایان دروستدەکرد و یەکدییان بە گاڵتەجاڕییەوە پێی دەترساند، لە پۆستەکانی هاوڕێ ئیتاڵییەکانم دەمبینی چۆن نیگەرانی خۆیان لە بە کەم تەماشاکردنی کۆرۆنا دەردەبڕی، چونکە دەیانگوت لە سناپ چات، ئینستاگرام و فەیسبووکی ئیتاڵییەکان کۆرۆنا بووەتە کەرەستەی گاڵتە و گەپ و خراپمان بەسەردەهێنێت، ئێستا لێرەش وایە.
کۆرۆنا بە خێرایی لە ئیتاڵیا بڵاودەبووەوە و هیچ رێکارێکی رێگری و خۆپارێزی نەبوو، چونکە هێشتا هاواری دەستەبژێرە پزیشکییەکەی ئیتاڵیا بڕوای لای حکومەت دروستنەکردبوو کە کۆرۆنا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت خێرا بکەونەخۆ، ئێستا لێرەش وایە، کۆرۆنا خێرا بڵاودەبێتەوە و رێکاری تەندروستیش نەماون.
خەڵک لە ئیتاڵیا ئەوکاتە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبوون، چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە کوشندەیی کۆرۆنا نەبوو، هەمیشە دەیانگوت کۆرۆنا ئەنفلەوەنزایەکە و تێدەپەڕێت، ئێستا لێرەش وایە، خەڵک نەک هەر پابەند نییە، بەڵکو بڕوای بە بوونی کۆرۆنا هەر نەماوە.
ئیتاڵیا پڕی بوو لە تەنگژەی سیاسی و فۆکەس لەسەر کۆرۆنا نەبوو، ئێستا لێرەش وایە، سەرنجی خەڵک لەسەر کێشەی نێوان پارتی و یەکێتییە، دەمێک زینی وەرتێ و دەمێکیش سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێک، باسی مووچە و قەرزاربوونی حکومەت و باسوخواسەکانی دیکە تەواوی سەرنجی خەڵکیان بردووە و کەم کەس باسی کۆرۆنا دەکات.
پاشان لە ئیتاڵیا کۆرۆنا بووە کەرەستەی کێبڕکێیەکی ناشەریفانەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، دەسەڵات هاتە سەر ئەو رایەی کە دەبێت رێکار بگرنەبەر و ئامادەکاری بۆ دەکرد، کەچی ئۆپۆزسیۆن دەیگوت ئەمە خۆدزینەوەیە لە مافی خەڵک و داپۆشینی شکستەکانیانە، دەسەڵاتیش چەند خەریکی ئامادەکارییەکانی دژی کۆرۆنا بوو هێندەش خەریکی وەڵامدانەوەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بوو، لەو نێوەندەدا ئەوەی براوەبوو کۆرۆنا بوو و بە خێرایی بڵاودەبووەوە، ئێستا لێرەش رێک وایە.
لە ئیتاڵیا کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە خەبەرهاتنەوە کۆرۆنا کوچە و کۆڵانەکانی وڵاتی تەنیبوو، ئەوەی تێکەوت و گیانیلەدەستدا نە دەسەڵات بوو نە ئۆپۆزیسیۆن بەڵکو خەڵکی سادە بوو، لەکۆتاییدا ئەوەی دەمرد بە کۆرۆنا و لە نەخۆشخانە جێگەی نەدەبووەوە و سیاسییە بازرگانەکان نەبوون، بەڵکو ئەو خەڵکە سادەیەبوو کە چەپڵەی بۆ لێدەدان، ئەمان بەدەم چەپڵەلێدانەوە بە کۆرۆنا مردن و سیاسییەکانیش ئێستا دەستیان بە کێبڕکێ هەمیشەییەکەیان کردووەتەوە.
تاکە جیاوازی زەقی نێوان ئیتاڵیا و کوردستان پەیوەست بە کۆرۆنا ئەوەیە ئەوان بە درەنگیش بێت، بەڵام خێرا کەوتنەخۆ، لێرە بە زوویی کەوتینە خۆ و بە خێراییش هەموو شتێک کۆتایی پێهات.
ئەوەی ئەمڕۆ بە کۆرۆنا مرد تەمەنی 37 ساڵە و هیچ نەخۆشییەکی دیکەشی نەبووە، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و ئاوا بڕوات مانگێکی دیکە نەخۆشخانەکان بەرگەی لێشاوی تووشبووان ناگرن، ئەگەر فریا نەکەوین، کوردستان دەبێتە ئیتاڵیا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=