=KTML_Bold=بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا لەڕێگەی پشکنینی ڤایرۆسەکە!=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
کۆرۆنا ترسی ناوێ خۆپارێزیی پێویستە، ئەو ژمارەیەی رۆژانە دەیبیستی کە دەگوترێت بە کۆرۆنا مردوون، بزانە لەگەڵ ئەوانەدا سەدان کەس تووش دەبێت و نیشانەکانی سووکن، سەدان کەسی دیکە چاکدەبنەوە و هەر پێویستیشیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە نەبووە، بەڵام دەروونی مرۆڤ و سرووشتی دۆخەکە وایە کە داتای مردن سەرنج رادەکێشێت، بەڵام بۆ پاراستنی خۆتان و کەسوکارتان، ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆناتان هەبوو بەتایبەتی تا، کۆکە، هەناسەتەنگی، ئازارێکی زۆری هەموو جەستە و هەندێکجاریش سکچوونێکی زۆر.
ئیدی پشت بە پشکنینی PCR مەبەستە، PCR ئەو پشکنینەیە کە وەزارەتی تەندروستی پشتیپێدەبەستێت، لە باشترین سەنتەری دنیا ئەگەر هەموو شتێکی %100 دروست و کارا بێت هێشتا رادەی هەستیاریی پشکنینەکە راست دەرچوونی ئەنجامەکە بە نزیکەیی %70 دەبێت، واتە لە هەموو 100 حاڵەت 30 دانەی پێیاندەڵێن کۆرۆنات نییە کەچی هەیەتی، ئەوە ئەگەر لە باشترین سەنتەری دنیادا بێت، ئەی ئەگەر لە کوردستان بێت؟ بێگومان رێژەی دەرچوونی ئەنجامی هەڵە زۆر بەرزترە.
ئەم وێنەیە سیتی سکانی هاونیشتمانییەکە کە پشکنینەکەی نێگەتیڤ بوو، بەڵام کۆرۆنا سییەکانی تەنیوە، ئەویش درەنگ چارەسەری وەرگرتووە، چونکە بە حیسابی پشکنین کۆرۆنای نییە، بۆیە ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێکردووە تاوەکو کۆرۆنا بە هەموو جەستەیدا بڵاوبووەتەوە و کارلەکار ترازاوە، پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن، نەخۆشی زۆرمان هەبووە بە کۆرۆنا مردووە و پشکنینەکەشی نێگەتیڤ بووە، بەڕێزان لە PCR هەڵە زۆر زۆرە، ئەمە خەتای کەرتی تەندروستیی ئێرە نییە، خەتای ئەو تیمە ماندووە نییە کە من ئاگادارم شەو و رۆژ کاردەکەن و چاوەڕێی کەمترین پاداشتیش نین، PCR لە هەموو جیهاندا وایە، ئەمە هەستیاری و توانای پێکانی ئامێرەکەیە، تکایە لەکاتی بوونی نیشانەکان پشت بە رای زانستیی پزیشکەکەت ببەستە نەک پشکنین.
کات مەدە بە ڤایرۆسەکە، تووشبوون بە کۆرۆنا نە ترسی دەوێت نە شەرم، ئەگەر نیشانەکانت هەبوون بڕۆ بۆ لای پزیشکێکی پسپۆڕ و دەست بە وەرگرتنی چارەسەرە پاڵپشتییە پێویستەکان بکە، دەرمانی کۆکە وەرمەگرە، کۆکە نیعمەتێکە خودای گەورە داوییەتی پێمان بۆ پاکبوونەوەی سییەکانمان، بە دەرزیی تێکەڵە نیشانەکانت کپ مەکە، چونکە ئیدی وادەزانی کۆرۆنات نییە و بەنێو ئازیزانتدا بڵاویدەکەیتەوە.
مەڵێ سەرمام بووە، گرانەتامە، حەمۆ ماڵتامە، ئاوی ساردم خواردووەتەوە، حەساسیەم هەیە، جگەرەکێشم و سەدان بیانووی دیکە، نیشانەی کۆرۆنات هەبوو بە ورەیەکی بەرزەوە بڕۆ لای پزیشکەکەت و دەست بە وەرگرتنی چارەسەر بکە، توێکڵی سەوزە، نێوی سوورە و دەنکی رەشە چییە؟ شووتییە، توخوا ناسینەوەی شووتی پشکنینی پێویستە؟ دەی ئێستا کۆرۆنا وایلێهاتووە، خۆشبەختانە ئێستا کەشەکە گەرمە و تەنیا کۆرۆنا خۆی هاتووە، هیچ نەخۆشییەک ئێستا هێندە لە کۆرۆنا ناچێت نیشانەکانیمان لێ تێکەڵ بن.
من داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەم پشکنینی PCR تایبەت بکات بە هەندێک کەیسی دیاریکراو و بڕایەوە، ئەسڵەن راگەیاندنی داتاکانی PCR خەڵک بەلاڕێدا دەبات، ئەوکاتەی ئێوە بە خەڵک دەڵێن 250 تووشبووی کۆرۆنا لە کوردستان هەیە و لە راستیشدا ژمارەکە دوو هەزارە، خەڵک پاڵی لێدەداتەوە و بە جیددی وەریناگرێت، ئەوکاتەی ئێوە دەڵێن 10 کەس بە کۆرۆنا مردوون و ژمارە راستەقینەکە سێ هێندەیە خەڵک هەڵدەخەڵەتێ، تکایە واز لە راگەیاندنی داتاکانی PCR بێنن.
بەڕاستی لێتانی ناشارمەوە، من ئێستا سەیری داتاکانی وەزارەتی تەندروستی ناکەم، چونکە دەزانم ئەو ژمارەیەی ئەوان رایدەگەیێنن تەنیا هی پی سی ئاڕە کە کەمتر لە %20ی ژمارەی راستەقینەی تووشبووانی کۆرۆنایە.
=KTML_Bold=بەڕێزان لە وەزارەتی تەندروستی=KTML_End=
ئێستا وای دابنێن ئێمە ئەمریکاین، باشترین سەنتەری دنیامان هەیە و پشکنینی کۆرۆنا دەکەین، خۆ هێشتا 30%ی حاڵەتە نێگەتیڤەکانمان هەڵە دەردەچن، ئێ خۆ ئێمە ئەمریکاش نین و رێژەی هەڵەمان زیاترە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا، ئەی کەواتە لە باشترین حاڵەتدا رۆژانە لە 100 پشکنینی نێگەتیڤ 30 دانەی کۆرۆنای هەیە و پێمانگوتووە نیتە، ئەگەر کەسێک تووشبووی کۆرۆنابوو و ئەنجامەکەشی بە هەڵە دەرکەوت تووشبوو نییە، ئەو دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسوکار و دەوروبەری، بۆیە پێویستە وەزارەتی تەندروستی کە ئێستا گەورەترین ئەرک و بەرپرسیارییەتیی لەسەرە فراوانتر بڕوانێت و هەموو دیوەکان ببینێت ئەگینا ئەو کارەساتەی لە #سلێمانی# دەترساین رووبدات، لە #هەولێر# روودەدات، PCR بۆ سەرەتا کە ژمارەی حاڵەتەکان کەم بوو سوودبەخش بوو، ئێستا کە خەڵک بە کۆرۆنا دەمرێت و پشکنینەکەشی نێگەتیڤە ئیدی کاتی پشتبەستن بە PCR نییە، تکایە وەرن سوود لە سیتی سکان وەربگرن، مەڵێن ئیستیغلال دەکرێت، ئەی کاری حکومەت چییە کە رێگە لە خراپ بەکارهێنانی نەگرێت؟ ئێ خۆ دەرمانیش وایە، ئێستا بێین دەرمان قەدەخە بکەین لە ترسی ئەوەی خراپ بەکاربهێندرێت؟ نەخێر کاری حکومەت ئەوەیە رێکار و رێنمایی تایبەتی بۆ دابنێت و جێبەجێشیان بکات.
دەزانن دکتۆر ئومێد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کە زۆر بە سەختی تووشی کۆرۆنا بوو، دوو جار پشکنینی کرد هەردووک جارەکە پشکنینەکەی PCR نێگەتیڤ بوو؟ ئەمە نموونەی سەدان کەسە کە رۆژانە ئەم پشکنینە هەڵیاندەخەڵەتێنێت.
=KTML_Bold=هاوڕێیان=KTML_End=
وەرن دۆخەکە وەک خۆی ببینن، بڕۆنە کلینیکەکانی پزیشکانی ستۆدیۆ-19، دەزانن ئەو رۆژەی کە ئێوە دەڵێن 98 تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر هەیە تەنیا سێ پزیشکی ستۆدیۆ 19 لە کلینیکەکانیان نزیکەی 200 تووشبووی کۆرۆنایان دەستنیشانکردووە؟ ئەی پزیشکانی دیکەی شار؟
تکایە وردتر بن با ئەو ماندووبوون و شەونخونییەتان بە هەدەرنەچێت، ئێوە پاڵەوانن، پێشمەرگەی بەرگ سپین و شایەنی هەموو رێز و سوپاسێکن، بەڵام دەبێت وریاتربن و دووربینتر بن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=