=KTML_Bold=دیوە شاراوەکەی رووداوەکانی نێو نەخۆشخانەی رزگاری=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
وەک چاوەڕواندەکرا، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە #هەولێر# بەخێرایی هەڵکشا، بەرپرسانی کەرتی تەندروستی لەنێویشیاندا بەڕێز وەزیری تەندروستی بە راشکاوی هەمیشە گوتوویەتی تواناکانی کەرتی تەندروستی سنووردارن.
=KTML_Bold=بەڕێزان=KTML_End=
کارگەی ئۆکسجینی رزگاری لە باشترین حاڵەتدا توانای دابینکردنی ئۆکسجینی بۆ 72 نەخۆشی مامناوەند هەیە، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرەکەی ئەو کارگەیە دوو ساڵە لەکارکەوتووە و چاکنەکراوەتەوە، چاککردنەوەکەشی بەپێی گوتەی شارەزایان تەنیا 17 ملیۆن دیناری پێویستە.
بە وردی دیقەتی ئەم ژمارانە بدە؛
ئێستا لە نەخۆشخانەی رزگاریدا 230 تووشبووی کۆرۆنا هەن، 180 کەسیان پێویستییان بە ئۆکسجینە، 60 تووشبوو بە ماسکی سیپاپ ئۆکسجین وەردەگرن، یەک دانە سیپاپ 18 بتڵی ئۆکسجینی پێویستە کە دەکاتە نزیکەی 720 لیتر لە 24 کاژێردا.
ئێستا نەخۆشخانەی رزگاری لە کاژێرێکدا پێویستیی بە 100 بتڵی ئۆکسجینە، واتە پێویستیی بە 2400 بتڵی ئۆکسجینە لە 24 کاژێردا، ئەو ئۆکسجینەی لە #سلێمانی#یەوە دوو رۆژ جارێک دێت 10 هەزار لیترە، واتە نزیکەی 250 بتڵی ئۆکسجینە، کەمتر لە ٪10ی پێویستیی رۆژانەی رزگارییە، بەڵام چونکە دوو رۆژ جارێکیش دێت ئەمە واتە تەنیا ٪5ی پێداویستیی رۆژانەی نەخۆشخانەکە لە ئۆکسجین دابیندەکات، بەو مەرجەی ژمارەی نەخۆش لە رزگاری کە لە یەک هەفتەدا دووهێند بووە، وەک خۆی بمێنێتەوە و زیادنەکات.
لە دوێنێوە ئەوەی لە رزگاری دەگوزەرێت بە مانای وشە کارەساتە، ئەمڕۆ روونکردنەوەی نەخۆشخانەی رزگاری لەسەر پرسی نەمانی ئۆکسجین ئەوەبوو کە تەنیا دوو کاژێر ئۆکسجین دواکەوتووە، وەک ئەوەی دوو کاژێر زۆر کەمبێت، باشە کەسێک ژیانی پەیوەستە بەو ئۆکسجینەی وەریدەگرێت، ئەگەر دوو خولەک نەک دوو کاژێر ئۆکسجینەکەی نەمێنێت چی بەسەردێت؟ ئەی ئەگەر دوو کاژێر بێت؟
هەر دوێنێ دوو پزیشک لەنێو نەخۆشخانەی رزگاری تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر پەیوەندییان پێوەکردم، دەڵێن دوو گەنج کە یەکێکیان تەمەنی 27 ساڵ بووە لە نەخۆشخانەکە بە کۆرۆنا مردوون بەهۆی زوو نەگەیشتنی ئۆکسجین و دەرمانەوە، ئەو دوو پزیشکە گوتیان هەندێک لە پزیشکان ئامادەنین بچنە نێو نەخۆشەکانەوە، بەشێکیش لە کارمەندانی تەندروستی ناوێرن پێداویستییەکان بۆ نەخۆشەکان ببەن لە ترسی تووشبوون بە کۆرۆنا، بێگومان پزیشک و کارمەندی تەندروستیش مرۆڤن و پێویستییان بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان هەیە بۆئەوەی لەکاتی چارەسەری تووشبوواندا پارێزراوبن، پێویستە راهێنانیشیان پێبکرێت تاوەکو لە هەموو رووێکەوە ئامادەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیان بن.
=KTML_Bold=بەڕێزان بەرپرسانی کەرتی تەندروستی=KTML_End=
تکایە کەموکوڕییەکانی کەرتی تەندروستی پیشانبدەن، داپۆشین و شاردنەوەی کێماسییەک کە دەبێتە هۆی مردنی خەڵک، خیانەتێکی گەورەیە لە زانست و پیشەی پزیشکیتان.
کە ئۆکسجین کەمدەبێت یان نامێنێت بیڵێ با خەڵک نەمرێت، بیڵێ بۆئەوەی سەرکردە باڵاکانی وڵات بزانن بەرهەمی پشتگوێخستنی کەرتی تەندروستی مردنی خەڵکە، بیڵێ بۆئەوەی نەبیتە شەریکی کوشتنی هاوژینی ئەو هاونیشتمانییەی بە گریانەوە لەبەردەمی رزگاری بۆ رووداو دەدوا و داوای دەکرد بەهانای ژنەکەیەوە بچن و ژیانی رزگارکەن، هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت لەماوەی نیو کاژێردا پێنج کەس مردن.
سەیری تیڤی و پۆرتاڵی رووداو بکەن ئینجا دەزانن چ کارەساتێک روودەدات.
=KTML_Bold=بەرێزان، سەرمایەدارانی پایتەخت=KTML_End=
تکاتان لێدەکەم بە خێرایی چەند هەنگاوێک بنێن بۆ رزگارکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە خنکان؛
1- کارگەی ئۆکسجینی رزگاری چاکبکەنەوە.
2- بە خێرایی کارگەیەکی ئۆکسجین دروستبکەن لە هەولێر.
3- پێداویستییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر کە تایبەتکرابوو بە کۆرۆنا دابینبکەن، ئەوێ شوێنی 200 نەخۆشی تێدایە و 100 هێندەی رزگاری گونجاوە بۆ چارەسەری کۆرۆنا، رزگاری 40 ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و ئەکسێسی چارەسەری حاڵەتی ئیمێرجێنسی تێدا نییە و بۆ کۆرۆناش بەهیچ شێوەیەک شیاو نییە.
4- لەگەڵ تەندروستیی هەولێر پلانێکی خێرا دابنێن و خەرجییەکانی راهێنانی پزیشکان و پەرستاران لەئەستۆ بگرن بۆئەوەی تیمی تۆکمەی راهێندراو دروستبکەین و رێگە لە بەردەوامبوونی کارەساتەکە بگرین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=