=KTML_Bold=کاتی راپەڕینە=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
وەک بەشێک لەو بایەخەی رووداو هەمیشە بە هۆشیاریی تەندروستی و کەرتی تەندروستی داوە، دوای دیبەیتەکەی #گەرمیان# و #سۆران#، بەرنامەیەکی تایبەتیشمان بۆ دۆخی کەرتی تەندروستی دەڤەری راپەڕین سازکرد.
من هەمیشە لەرێگەی بەدواداچوون و کارە میدیاییە مەیدانییەکانەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبم، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خەڵک بە روونی دەبینم کاتێک باس دێتە سەر تەندروستی، بەڵام لە هیچ شوێنێکی کوردستان ئەو تووڕەییە پەنگخواردووەم نەبینیبوو کە لە دەڤەری راپەڕین بینیم، ئەوانەی دوێنێ دیبەیتەکەی رووداویان لەنێو باخچەی شار لە رانیە بینیبێت دەزانن ئەو خەڵکە چەندە قوربانیی کێماسییەکانی کەرتی تەندروستین.
هەرچی مایکی دەگرتە دەست باسی مردنی هاوژین، باوک، مام، دایک، برا و کەسێکی نزیکی دەکرد کە بە بڕوای ئەوان بەهۆی کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی لەدەستیانداون.
ڕاپەڕین کە لە ساڵیدای راپەڕیندا بە بەژن و باڵای هەڵدەگوترێت و دوای ئاهەنگەکانی نەورۆز لەبیردەکرێت، دوو قەزا و نۆ ناحیەیە، نزیکەی نیو ملیۆن کەس تێیدا دەژی، بەڵام نەخۆشخانەیەکی گشتیی شایستەی نییە، چاودێرییەکی چڕی شیاوی نییە، تەنیا سێ ئامێری هەناسەدانی دەستکردی تێدایە، دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی پێویستی نییە، چاودێری لەسەر دەرمان تا راددەی نەبوون لاوازە، کەس نازانێت ئەو دەرمانەی دەرخواردی تووشبوویەکی بەرزەپەستانی خوێن دەدرێت چی تێدایە، بیخوات تووشی جەڵتە دەبێت یان نەیخوات تووشدەبێت. هەرچی لە خزمەتگوزاریش هەیە پزیشکان و پەرستاران بە ماندووبوون و شەکەتییەکی زۆرەوە پیشکەشی دەکەن.
قایمقامیش وەک خەڵکەکە گلەیی هەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیش دەڵێت دەستمان گیراوە، رەخنە و سەرنجەکانی بەرپرسان و خەڵکەکە بە حاڵ لەیەکدی جیادەکرێنەوە، خەڵکەکە دەڵێن خەتای بەرپرسانە و بەرپرسانیش دەڵێن خەتای سەروو خۆمانە.
کەرتی تەندروستی لە هەموو ئەو وڵاتانەی کۆرۆنا بە تووندی تێیاندا بڵاوبووەتەوە کەوتە ژێر رەخنە و پرسیاری جددییەوە، کۆرۆنا هەڵسەنگاندنێکی جوان و وردی پێشکەشی بڕیاربەدەستانی وڵاتان کرد، ئینجا دوای کۆرۆنا قاچی رەش و سپی دەردەکەون، دیاردەبێت کام بەرپرسی کامە وڵات خەمخۆری راستەقینەی ژیان و گیانی خەڵکی خۆیەتی و کامەش بە درووشم شت دەڵێت و بە کرداری پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
لە کوردستان کەرتی تەندروستی وێرانەیەکە و کەوتووەتە سەرشانی کۆمەڵێک پزیشک و کارمەندی تەندروستیی دڵسۆزەوە کە بێ مووچە بە هێزی شانیان هەڵیدەسووڕێنن، لە ماوەی رابردووشدا هەرگیز بەشێوەیەکی کرداری و راستەقینە ئەولەویەتی کاری هیچ کابینەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە، بۆیە ئێستا کۆرۆنا خەریکە لە رەگ و ریشەوە هەڵیدەتەکێنێت، وەزارەتی تەندروستی بووەتە وەزارەتی کۆرۆنا و ئەوەشی بە باشی پێ جێبەجێناکرێت، ئەمە نە خەتای وەزیرە و نە خەتای گزیرە.
هۆکاری ئەمە ریزبەندیی ئەولەوییەتەکانی وڵاتە کە سەرکردە سیاسییەکان بڕیاری یەکەم و کۆتایی لێدەدەن و ئەوانیش دنیایەک شتی دیکە بە گرنگتر لە تەندروستی دەزانن، ئەمە جگەلەوەی لەوەتەی ئەم وڵاتە خۆبەڕێوەبەریی هەیە، هەمیشە نوێنەری کەرتی تەندروستی لای ئەوان و لە حکومەت و پەرلەمان نوێنەرایەتییەکی شەرمنانەی لاوازی کردووە و داپۆشینی کەموکورتییەکانی لە دەرخستنیان بەلاوە باشتر بووە.
ئێستا ئیدی دووجار کاتی راپەڕینە، کاتی بایەخدان بە دەڤەری راپەڕین و شوێنەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکانە بەگشتی، هاوکات کاتی راپەڕینە دژی سیستەمە کۆن و داڕزیوەکەی تەندروستی لە کوردستان کە خودی بەڕێز وەزیری تەندروستی لە دیبەیتێکی دیکەمدا گوتی سیستەمەکە کۆنە و پێویستیی بە ریفۆرم هەیە، ئەگەر دوای کۆرۆنا کەرتی تەندروستی چاکنەکرێت، ئیدی هەرچی دەیڵێن بڵقی سەرئاوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=