=KTML_Bold=خۆبەکەمزان؛ منداڵەکەم ئینگلیزییەکەی فوولە، کوردی هەر نازانێت!=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
چەندجار ئەمەی سەرەوەت لە خەڵک بیستووە؟ قسەیەک کە پاشخانەکەی ترسناکە و دەبێت خەمی باشی لێبخۆین و چارەسەری بکەین.
ئەگەر ئەمجارە بیستتەوە پێی بڵێ، بەڕێزەکەم؛ منداڵەکەت پێویستە زمانی دایکی بە باشی بزانێت ئینجا شانازی بەوە بکە کە زمانی دووەم فێربووە، لەڕووی زانستی پزیشکی هەر ئەمە رێگە دروستەکەیە، چونکە بەوەی کە زمانی دایکی فێرناکەیت و دایکوباوک، کەسوکاری کوردن و کۆمەڵگەکەیشی کوردییە، سەنتەری زمان لە مێشکی منداڵەکەت تووشی سەرلێشێوانێکی زۆر دەکەیت، دوور نییە سەربکێشێت بۆ چەندین کێشەی دەروونی، گرفتی کەسێتی و تەنانەت حاڵەتی نزیک لە ئۆتیزمیش بۆ داهاتووی منداڵەکەشت هەر وا باشترە، بیرت لەوە کردووەتەوە کە منداڵەکەت لە داهاتوودا لە کوردستان کاردەکات و سەرکەوتنی مامەڵەی رۆژانەی پەیوەستە بە توانا و هونەری پەیوەندیگرتنی بە خەڵک؟ ئێستا کە وەک بووکەڵەیەک دەیبینیت و بە زمانی ئینگلیزی ماکیاژت بۆ کردووە، کە گەورەبوو و بووە خاوەنکار و نەیزانی بە زمانێکی کوردیی رەوان گفتوگۆ لەگەڵ دەوروبەرەکەی بکات، کێ فریای دەکەوێت؟
یان نا، کاکە ئێستا تێگەیشتم تۆ دەتەوێت بیبەیتە دەرەوەی وڵات، ئەی بیرت لەوە کردووەتەوە ئەو کولتوور و ژینگەیەی ئێستا لەنێویدا گەورە دەبێت وادەکات دوایی لە دەرەوە گونجانی لەگەڵ ژینگەی ژیانی ئەوێ ئاسان نییە و تووشی کێشەی گەورەی دەکاتەوە.
بۆچی تووشی ئەو هەموو دژبەرییە دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی دەکەیت؟ فێری کوردی بکە پاشان با 10 زمان بزانێت و جێگەی شانازییەکی ئێجگار گەورەیە، ئیتر نە لێرە و نە لە دەرەوەش کێشەی نابێت، چونکە زمان دەرگەی فێربوونی کولتوورە.
توخوا ئەمەش بەو فەیلەسوفە بڵێ کە شانازی بەوە دەکات منداڵەکەی کوردی نازانێت؛ تۆ کە پێتوایە نەزانینی زمانی دایک شانازییە، دەبێت بزانیت کە گیرۆدەی حاڵەتێکی دەروونیت و پێویستیت بە چارەسەر هەیە، حاڵەتەکە پێیدەگوترێت Low self esteem، نزیکترین مانای کوردی و کوردەواری بۆ ئەم دەستەواژە زانستییە خۆبەکەمزانینە.
ئینجا قسەیەک لەگەڵ ئەو منداڵەت بکە کە ئینگلیزییەکەی فوولە و کوردی هەر نازانێت، لێی بپرسە ئەو دەستەواژە ئینگلیزییەی سەرەوە مانای چییە؟ ئەو گووگڵی دەکات و بۆتی رووندەکاتەوە کە گیرۆدەی چ حاڵەتێکی دەروونیت.
ئینجا ئەگەر هەر زانیت فەیلەسوفە زەبەلاحەکە لێتتێنەگەیشت، ئەمەشی پێبڵێ؛ دەزانی ئێستا بچیت لەگەڵ ئینگلیزێک یان ئەڵمانییەک قسە بکەیت و تێکەڵی ببیت حەزدەکات چی لە تۆ فێربێت؟ زانیاری دەربارەی زمان، فەرهەنگ، جوگرافیا و مێژووی وڵاتەکەت، یەکەم پرسیار لێتی دەکات رەنگە دەربارەی زمانەکەت بێت، ئێ باشە منداڵەکەت لەبەردەمی ئینگلیز یان ئەڵمانەکە دەمی تەتەڵە بکات و هیچ یەکێک لەوانە نەزانێت پێی گەورە دەبێت؟ نەخێر زۆر ناشیرین و بێ شکۆ دەردەکەوێت، چونکە ئەڵمانەکە نایەوێت کولتووری ئینگلیزی لە کورد فێرببێت، لە خۆیانی دەپرسێت.
جەنابی فەیلەسوف؛ زمان و فەرهەنگ پەیوەندییان بە حیزب، مووچە، گەندەڵی، قاچاخچییەتی و سیاسەتەوە نییە، زمان موڵکی من و تۆیە و جوانییەکی دەگمەن و بێ وێنەیە، بەشێکە لە شوناس و خوێنی هەر مرۆڤێک لە هەر وڵات و نەتەوەیەک بێت، منداڵەکەت فێری کوردی بکە و لە پاڵیدا چەند زمانی دیکە دەتوانێت فێرببێت با فێرببێت، بەڵام کوردی یەکەمە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=