=KTML_Bold=ئایا ڤاکسین وەربگرین؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
گەرمترین و هەستیارترین مژاری نێو خەڵکی کوردستان ئەمەیە، ڤاکسین بەکاربهێنم یاخود نا؟ ئەمە لەکاتێکدایە کە کوردستان کەوتووەتە بەر شەپۆلێکی خێرای کۆرۆنای گۆڕاو، کەرتی تەندروستی کوردستانیش بەهۆی پەتا ناوەختەکەوە لە هەموو کاتێک ماندووترە.
جەنگی ئابووری، سیاسی و بازرگانیی نێوان وڵاتە زلهێزەکان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە و ئێستاش لە کێبڕکێی فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ڤاکسیندا ئاسمانی زانستیی پرۆسەی کوتانی لە هەموو جیهان لێڵ کردووە، بۆیە بە ئەرک و بەرپرسیارییەتیی خۆمی دەزانم بە ئەمانەتەوە ئەم چەند خاڵە روونبکەمەوە.
یەکەم: دوای وەرگرتنی ژەمە ڤاکسین، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی جەڵتەبوونە لە بەریتانیا 30 کەسن لەکۆی نزیکەی 19 ملیۆن کەس کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، لەنێویاندا حەوت کەس گیانیانلەدەستداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەڕووی زانستییەوە بەتەواوی دڵنیانەبووینەتەوە لە پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان ڤاکسینەکە و هۆکاری تووشبوونی ئەو کەسانە بە مەیینی خوێن، تەنیا دەتواندرێت بگوترێت دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە تووشی جەڵتە هاتوون، وشەی دوای وەک ئاماژە بۆ کات نەک هۆکار.
دووەم: لە بەریتانیا لە کۆی 30 کەس کە تووشی مەیینی خوێن بوونە دوای وەرگرتنی ڤاکسین، حەوت کەسیان گیانیانلەدەستداوە، هۆکاری تووشبوونی ئەو کەسانە بە جەڵتە مەیینی خوێن بووە، بەڵام ئەگەر وایدابنێین هۆکاری تووشبوونیان بە مەیینی خوێن ڤاکسینەکەیە و ئەمەش بووەتە هۆی مردنیان کە تاوەکو ئێستا نەسەلمێندراوە، رێژەکە دەبێتە یەک کەس بۆ هەر دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس کە ڤاکسینیان وەرگرتووە. شتە خۆشەکە ئەوەیە خوێن مەیین لە خوینهێنەری مێشک بۆ کەسی ئاسایی کە ڤاکسینیشی وەرنەگرتووە 12 بۆ 15 کەسە لە دوو ملیۆن و نیو کەسدا! واتە زۆر زیاتر لەوەی لە وەرگرانی ڤاکسیندا هەیە.
مەیینی خوێن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە دروست بێت، بۆ نموونە، لە دانیمارک لە ماوەی مانگی رابردوودا، لە هەر پێنج ملیۆن کەسدا 736 کەسیان تووشی مەیینی خوێن بوونە.
سێیەم: ئەمەشمان لەبیربێت کە مەترسی تووشبوون بە مەیینی خوێن بە هۆی کۆرۆناوە زۆر گەورەترە لە مەترسی تووشبوونی هەمان شت بەهۆی ڤاکسینەکەوە ئەگەر سەلمێندرا و پشتڕاستکرایەوە،رێژەکان بەپێی دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەوروپی بەمشێوەیەیە:
- مەترسیی دروستبوونی مەیینی خوێن بەهۆی کۆرۆنا لە سییەکاندا 6.9٪ە
- مەترسیی دروستبوونی مەیینی خوێن لە خوێنهێنەرە قووڵەکان بەهۆی کۆرۆنا 11.2٪ە
- مەترسیی دروستبوونی مەیینی خوێن لە مێشکدا (جەڵتە) بەهۆی کۆرۆنا 1.6٪ە
- مەترسیی دروستبوونی مەیینی خوێن بەهۆی کۆرۆنا بە گشتی لەو کەسانەی پێویستییان بە چاودێریی چڕ دەبێت بەهۆی نەخۆشییەکەوە 23٪ە
- رێژەی تووشبوون بە کەمیی خەپلەکانی خوێن بەهۆی کۆرۆناوە 30٪ە
لە هەر ملیۆن کەسێک کە تەمەنیان لە 60 ساڵ گەورەتر بێت کاتێک تووشی کۆرۆنا دەبن 20 هەزاریان گیانلەدەستدەدەن، بەڵام ئەگەری گیانلەدەستدان دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە نەک بەهۆی تەنها یەکە لە 2.5 ملیۆن کەس.
واتە ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە و ڤاکسین وەرناگرن ئەگەری مردنیان بەهۆی کۆرۆنا 50 هەزار جار زیاترە لەوانەی کە رەنگە بەهۆی ڤاکسینەوە بمرن.
چوارەم: ئەگەر لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا خەڵک ڤاکسینیش وەرنەگرن و بە سەختیش تووشی کۆرۆنا ببن، یەکێک لە بەهێزترین سیستمە تەندروستییەکانی جیهانی پێشکەوتوو بە باشترین شێوە خزمەتیان دەکات، بەڵام لە کوردستان تاکە رێگە و هیوای دەربازبوون لە پەتاکە تەنیا وەرگرتنی ڤاکسینە، سیستمی تەندروستیی لە کوردستان بەهیچ شێوەیەک بەراوردناکرێت بەو سیستمە بەهێزەی لە بەریتانیا هەیە، ئەمە پەیوەندیی بە پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لە کوردستان نییە کە دڵسۆزانە شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک تاوەکو خزمەتی هاونیشتمانییان بکەن.
پێنجەم: وەرگرتنی ڤاکسین خۆت و خۆشەویستانت لە مەترسییەکی گەورە دەپارێزێت، من خۆم ڤاکسین وەردەگرم چونکە بە ئەرکێکی مرۆیی، تەندروستی و نیشتیمانی دەزانم، دایک و باوکیشم کە دوو خۆشەویستترین و پیرۆزترین کەسی ژیانمن هەفتەی داهاتوو ڤاکسین وەردەگرن. زوو یان درەنگ، هەمووان دەبێت ڤاکسین وەربگرن، گەنگەشەی باشی و خراپی ڤاکسین هەمان ئەو گەنگەشەیەیە کە لە سەرەتای هاتنی کۆرۆنا هەبوو، خەڵکێکی زۆر دەیانگوت کۆرۆنا نییە و بڕوامان پێی نییە، ئێستا چەند کەس وادەڵێن؟ ئەم قۆناخەش تێدەپەڕێنین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=